بە ڤیدیۆ؛ دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە وەرخەلی زاپ ماددەی کیمیایی تەتریتۆڵی بەکارهێناوە

ڤیدیۆی نوێ بڵاوکراونەوە، کە نیشانی دەدەن، سوپای تورک چەکی کیمیایی لە وەرخەل بەکارهێناوە. لە ڤیدیۆکەدا دیارە، کە لە دژی تونێلەکانی شەڕ لە وەرخەل گازی کیمیایی تەتیرتۆڵ بەکارهاتووە، کە کوشندەترین جۆری گازی کیمیاییە.

لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی وەرخەل، گەریلاکانی هەپەگە و یەژا ستار لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢١ەوە دەستیان بە بەرەنگاری کرد و بۆ ماوەی ٤ مانگ بەرخۆدانیان کرد. دۆکیومێنت و ڤیدیۆ و وێنەکان، هەموو ساتەکانی ئەو بەرخۆدانە و تاوانەکانی جەنگیی سەربازانی سوپای تورکی داگیرکەر دەخەنەڕوو.

سوپای تورکی داگیرکەر بە تایبەتی لە سەرەتای مانگی ئابدا گازی کیمیایی زۆری لە تونێلەکانی شەڕی وەرخەل دا بەکارهێنا. هەروەها بۆ رووخاندنی تونێلەکان چەندین تەقینەوەی گەورەی لە تونێلەکاندا ئەنجامدا.

 گەریلاکان لە ١٢ی ئاب لە تونێلەکانی شەڕی وەرخەل رۆیشتنە دەرەوە و چوونە سەر سەربازانی تورک و ٢ سەربازیان سزادا. سەربازانی تورک کاتێک بینییان گەریلاکان ئازایانە لە تونێلەکانەوە دێنە دەرەوە و دەچنە سەریان، لە ترسا دەستیان بە راکردن کرد و کەلوپەلە سەربازییەکانیان لە دوای خۆیان بەجێهێشت.

بەرەنگارانی وەرخەل لەوێ دەستیان بەسەر نزیکەی ٢٠٠ کیلۆگرام تەقەمەنی دا گرت و تەقەمەنی و کەلوپەلەکانیان گواستەوە بۆ ناو تونێلەکان. گەریلاکان ڤیدیۆی ئەو تەقەمەنیانەیان تۆمار کرد و بەڵگە و دیکۆمێنیتی ئەو تەقەمەنییانەیان بڵاوکردەوە، کە گازی ژەهراویان بڵاودەکردەوە و لە دژی تونێلەکانی جەنگ بەکار هێنرابوون.

ماهیر کۆپ یەکێک لە فەرماندەکانی بەرخۆدانی وەرخەل قسەی بۆ کامێرای گەریلا کرد و وتی، دەستیان بەسەر چەندین کەلوپەلی سەربازیدا گرتووە و گواستونیانەتەوە بۆ ناو تونێلەکانی شەڕ و دوژمنیش هەستی بەوە نەکردووە.

ئەو کەرەستە سەربازیانەی سوپای تورک، کە لەلایەن گەریلاکانەوە دەستیان بەسەردا گیرابوو، تەقەمەنیی تی ئێن تی، نارنجۆکی دەستی، تەقەمەنیی جۆری سی٣ (C3) و هەروەها تەترێتۆل (tetrytol / tetryl)شیان تیادایە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ویکیپیدیا بڵاو کراونەتەوە، تەقەمەنیی تێتریتۆل لە تێکەڵەیەک لە تەقەمەنییەکانی تەتریڵ و تی ئێن تی پێکهاتووە. وەک چەکی کیمیایی (بۆ نمونە وەک گازی دەمار لە ناو قەوانی فیشەکی چەکەکاندا بەکاردێت) و هەروەها لە ناو تەقەمەنی و باروتی تۆپەکانیشدا بەکاردێت.

تەتریڵ، کە بە فرومولی  (C7H5HNO8)دەناسرێت  بە ژەهراویترین و هەستیارترین تەقەمەنی دەوترێت، چونکا زۆر بە خێرایی لە سروشتدا بڵاودەبێتەوە و شوێنەواری نامێنێت.

تەتریڵ کاریگەریی زۆر لەسەر تەندروستی مرۆڤ و بە تایبەتی لەسەر پێستی مرۆڤ دروست دەکات. دەبێتە هۆی ئەوە پێست بئاوسێت، بخورێت و بڵق بدات و بتوێتەوە. هەروەها کاریگەریی خراپ لەسەر سی و جگەر دروست دەکات.

ژ.ت