باقرخان: لەگەڵ چارەسەریدان، بەڵام پاکتاوکردن ڕەتدەکەینەوە

هاسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان وتی: "بەڕێز ئۆجالان دەیەوێت ئەم بابەتە بە دیالۆگ و دانوستان چارەسەر ببێت. کەجەکەیش ئاماژەی بە بەڕێز ئۆجالان کرد. لەگەڵ چارەسەریداین، بەڵام پاکتاوکردن ڕەتدەکەینەوە".

پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە ناوەندی کولتور و هونەری سەر بەشارەوانی ئامەد کۆبوونەوەی گەلی ئەنجامدا. لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری چەندین دامەزراوەی مەدەنی و کۆمەڵایەتی ئامادە بوون.

هاسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان لە کۆبوونەوەکەدا قسەیکرد و سەرنجی خستەسەر ئەو کێشە و قەیرانانەی سیستەمی سەرمایەداری لە هەرێمەکە و تورکیادا دروستی کردووە و دیاریکرد کە کێشەی سەرەکی لە  تورکیادا پرسی کوردە.

لە بەردەوامیدا باقرخان سەرنجی خستەسەر پەیوندی مێژوویی نێوان تورک و کوردان لە تورکیادا و دەسنیشانیکرد کە ئەو پەیوەندییە پەیوەندییەکی مێژینەییە، بەڵام لە ئێستادا دەسەڵاتداری بە مەرامی بەرژەوەندیەکانی خۆی بەکاریدەهێنێت و ئەمەی وت: "پەیوەندییە میژینەکانی نێوان کوردان و تورک لەسەر بناغەیەکی دیموکراتیک دەپارێزین و پاڵپشتیی لێدەکەین."

'خواستی بەڕێز ئۆجالانە بابەتەکە بە دیالۆگ و دانوستاندن چارەسەر بکرێت'

لە قسەکانیدا باقرخان ئاماژەی بەوەدا ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا هیوای چارەسەری گەڕاندەوە و باسی لە پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ کرد لەمەڕ چارەسەری کێشەکانی تورکیا  و وتی: " بەڕێز ئۆجالان داوای ئەوەیکرد ئەم بابەتە بە دیالۆگ و دانوستاندن چارەسەر دەبێت. کەجەکەیش ئاماژەی بە بەڕێز ئۆجالان کردووە وەک بەردەنگ و موخاتەبی چارەسەری." ڕاشیگەیاند لە ئێستادا پڕۆسەکە تەنها لە چوارچێوەی مشتومڕدایە و هەنگاوی کردەیی نەنراوە، وەک دەم پارتی لەگەڵ ئەوەدان مشتومڕەکان بگۆڕن بۆ پڕۆسەیەکی کردەیی و لەگەڵ دانوستاندان چونکە ئاشتی پەیوەستە بە ژیانی هەمووانەوە و لەگەڵ پەرەدان بە ئاشتییدان.

باقرخان لە درێژەدا ئەمەی وت: "وەک دەم پارتی لە هەموو هەوڵدانێکدان لە پێناو ئاشتییدا. نیازی دەوڵەت هەرچۆنێک بێت، ئێمە بۆ پێکهێنانی ئاشتی هەوڵدەدەین. بەڕێز ئۆجالان زۆر بەڕوونی ئەمەی باسکرد، بێگومان هیچ شتێک لەمە سەنگینتر نیە. بەڕێز ئۆجالان گوتی کەرەمکەن بناغەی یاسای و سیاسی بڕەخسێنن، من ئامادەم."

'لەم پڕۆسەیەدا لێدوانە فەرمییەکان گرنگن'

لە کۆتایی قسەکانیدا باقرخان ئاماژەی  بە ستەم، کێشە وقڕکردنی سرووشت و پرسی گەنجان کرد. باسی لەوە کرد گەنجان ڕووبەڕوو ئالودەبوون بە ماددەی هۆشبەر بوونەتەوە و ڕۆژ نییە ژنان نەکوژرێن و وتی: "ئێمە لە لایەک هەوڵ دەدەین ئەم گفتوگۆیانە بگۆڕین بۆ چارەسەر و لە لایەکی دیکەوە بەردەوامی بە تێکۆشان و بەرخۆدانی خۆمان بدەین. لە هەرکوێ ناحەقی هەبێت ئێمە لەوێین و ڕەخنە لە دەسەڵاتدارێتی دەگرین. ئێمە لە بەرەی ستەم لێکراوان و ئەو کەسانەین کە بە ناحەق دەکوژرێن. پێویستە ئێستا لە هەموو کات زیاتر ڕووبەڕووی ناحەقی و بێ ماف کردن  ببینەوە. بۆ گۆڕینی ئەم باسە بۆ پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتی و ئاشتی، پێویستە بزانین کە ئەکتەری سەرەکی ئەم پرسە گەل خۆیەتی.لەم پڕۆسەیەدا پێویستە بزانین لێدوانە  فەرمییەکان زۆر گرنگن. پێویستە ئەم پرۆسەیە لە نزیکەوە چاودێری بکەین. بە کورتی دەتوانم بڵێم ئێمە ئامادەین بۆ چارەسەر. بەڵام نابێت کەس ئەم پرۆسەیە لە ڕوانگەی بەدەستهێنانی دەسەڵاتداری و بەرژەوەندییەوە تەماشا بکات. بەڵی پڕۆسەکە گرنگە بەڵام دەبێت دوور بێت لە مەیلی پاکتاوکردن. بۆ ژیانێکی شکۆمەند دەبێت تورکیا دیموکراسی قبووڵ بکات، ئەو کات ئێمەش ئامادە دەبین بۆ قبووڵکرنی چارەسەر. نابێت هیچ لایەک هیواکانی خۆی لە دەست بدات، ئێمە بەهێزین و سەر دانانەوێنین. ئێمە تێکۆشانی خۆمان تا ئێستا هێناوە. لەو ململانێ ٤٠ ساڵەدا هەموو کەس بە ئاستی خۆی قوربانی و باجی داوە. کەسانێک کە باجیان داوە و خەباتیان کردووە  دەبێت ئەو قوربانیدان و هەوڵانە بە ئەنجام بگەن."

لە دوای قسەکان، کۆبوونەوەکە بە داخراوی و دوور لە ڕاگەیاندنەکان بەردەمی هەبوو.