باقرخان لە نەورۆزی ئێلح: خەڵکی ئێلح وەڵامی گونجاویان دەدەنەوە

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی، تونجەر باقرخان لە ئاهەنگی نەورۆزی ئێلح بە بەشداری دەیان هەزار کەس قسەی کرد، تیشکی خستەسەر هەڵبژاردنە خۆجێیەکان.

ئاهەنگی نەورۆزی ئێلح بە درووشمی "ڕاپەڕە کاتی ئازادی و سەرکەوتنە" ئەنجامدرا. بە بەشداری دەیان هەزار کەس بەردەوامە. لە ئاهەنگەکەدا بەردەوام درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" بەرزکرایەوە.

لە ئاهەنگەکەدا هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تونجەر باقرخان دوا، تیشکی خستەسەر جۆشی نەورۆز لە ئیستەنبوڵ و گوتی: " هەمان ئەو داواکاری و درووشمانەی کە ئەمڕۆ لێرەدا بەرزدەکرێنەوە، لەوێش بەرزکرانەوە. ملیۆنێک کەس لە ئیستەنبوڵ گوتیان؛ "کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنن" سەدان هەزار کەس لە ئیستەنبوڵ کۆبوونەوە و داوای چارەسەرکردنی پرسی کوردیان کرد بە دیالۆگ و دانوستان. لە گۆڕەپانی نەورۆز گوتیان؛ "موخاتەبی پرسی کورد ئیمراڵیە".

باقرخان پەیامی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی بۆ نەورۆزی ٢٠١٣ بیرهێنایەوە و گوتی: " ئەو نەخشەڕێگایە ئاشناکردنی تورکیا بوو بە دیموکراسی. نەخشەڕێگای پێکەوەژیانی کورد و گەلانی دیکە بوو بە زمان و ناسنامەی خۆیانەوە. ئێمە جارێکی تر دەڵێین موخاتەبی پرسی کورد ئیمراڵیە و لەگەڵ نەخشەڕێگای ئاشتی و چارەسەری ساڵی ٢٠١٣داین".

باقرخان ڕایگەیاند لە هەر ماڵێکی ئێلح وێنەی ئەو کەسانە بە دیوارەکانەوە هەڵواسراون کە ساڵانی نەوەدەکان لەلایەن کۆنتراکانەوە کوژران، گەلی ئێلح بەو کەسانە فریو ناخوات لێرە دەڵێن کوردین و لە ئەنقەرە هاوپەیمانی فاشیستەکان و دوژمنانی کوردن، گوتی: "ئەوانە لە ٣١ ی ئادار وەڵامێکی باش لە گەلی ئێلح وەردەگرن".

پاش وتەکانی باقرخان ئاهەنگەکە بە هەڵپەڕکێ بەردەوام بوو.