مەسعود بارزانی سەرۆکی پەدەکە لە ڕاگەیەنراوەکەیدا وتی،"ئێمە شەڕی کورد و کوردمان حەرام کردووە"، بەڵام ئاماژەی مەترسیداری بە ئەگەری شەڕدا.
بارزانی وتی، " هەڵوێستی ئێمە کە شەڕی کورد و کوردمان حەرام کردووە، پێویستە لەبەرانبەر هاوڵاتیانمان کە ناچار دەبن شوێنی خۆیان بەجێ بهێڵن و دەبنە قوڕبانی و بە شێوەیەکی ناحەق شەهید دەکرێن، وەک بێدەنگیەک نەبینرێت."
بارزانی ڕاشیگەیاند کە پێشمەرگە بە شێوەیەکی 'قاڕەمانانە' لەدژی داعش شەڕی کرد، لە هەمانکاتدا ئەوەشی قبوڵ کرد کە لە هەرێمە سنوریەکان کشاونەتەوە و لە هەمانکاتدا تاوانبارکردنی پەکەکەی هەڵبژارد.
بارزانی وتی،"پەکەکە هەرێمە سنوریەکان و هەندێک دەڤەری تری داگیر کردووە و خۆی وەک جێگروەی حکومەتی هەرێم لەقەڵەمدا."
بارزانی نەبوونی خزمەتگوزاری دەیان ساڵەی لە هەندێک هەرێم کە وەک گرێکوێرە ماوەتەوە و پەیوەندی بە گەندەڵیەوە هەیە، ویستی بە پەکەکەوە ببەستێتەوە. بەپێی قسەکانی بارزانی، پەکەکە ئاستەنگە لەبەرانبەر گەڕانەوەی خەڵکی بۆ گوند و هەرێمەکانیان.
'لەبارەی داگیرکەریەکانی تورک یەک قسەشی نەکرد'
سەرۆکی پەدەکە بانگەشەی ئەوەی کرد کە پەکەکە بۆ هەرێمی کوردستان بووەتە مەترسی و وشەی داگیرکردنی بەکارهێنا و وتی، دەبێت پەکەکە بچێتە دەرەوە.
سەرنجڕاکێشە کە بارزانی لە ڕاگەیەنراوەکەیدا باسی ئەو ناوچانەی نەکرد کە دەوڵەتی تورک داگیری کردوون و لەهەمانکاتدا باسی رەوانەکردنی سەربازانی تورک بۆ هەرێمی کوردستان و کوشتنی دەیان خەڵکی مەدەنی نەکرد.
جموجووڵی سەربازی بەرەو گارە
ڕاگەیەنراوەکەی بارزانی لە کاتێکدایە کە جموجووڵی پێشمەرگەکان بە هاوکاری دەوڵەتی تورک، بۆ هەرێمەکانی هێزی گەریلا بەردەوامە.
بارزانی پەکەکەی کردە ئامانج و وەک داگیرکەری بەناوی کرد و لە هەمانکاتدا جموجووڵی سەربازی بۆ چیای گارە و دەشتی نهێل دەستیپێکرد.
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە ئەوەی خستەڕوو، "لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە میدیاکاندا باس لە جموجووڵی هێزەکانی پەدەکە بەرەوە ناوەندەکانی گەریلا لە باشووری کوردستان بڵاودەکرێنەوە. ئێمە بینیمان کە جموجووڵی سەربازی لە هەرێمی گارەی نزیکی ئاکرێ و ئامێدی زیاتر بووە."
ئەو هێزە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ هەوڵیداوە لە دەڤەرەکانی گەریلاوە بچێتە سنوری ئاکرێ و لە هەمان کاتدا لە هەرێمی گارە جێگیر ببن و سەنگەر دروست بکەن. هێزەکانمان بۆ ئەوەی هێزەکانی پەدەکە زیاتر بەرەوە هەرێمەکانی گەریلا نەچن، هوشداری پێویستیان داوە. لەگەڵ جووڵەی هەمان هێز لە کاتژمێر ٢٢:٣٠دا دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەرێمەکەی بۆردومان کردووە.
لە سەرەتادا بۆ گەلی وڵاتپارێزی خۆمان لە هەرێم و باشووری کوردستان دەڵێین کە جموجووڵی ئەو هێزانە بەرەوە هەرێمەکانی گەریلا مەترسی جددی دروست دەکەن. بۆیەش داوا لە گەلەکەمان دەکەین کە بۆ ڕاگرتنی ئەو هێزانە هەوڵ بدەن و گەلەکەمان لە کوردستان هەستیار بێت."
سەرچاوە خۆجێیەکان ڕایانگەیاندبوو کە جموجووڵی سەربازی بۆ گارە گەمارۆی شەنگال و ڕۆژئاوایە.
قەرەیلان بانگەوازی دیالۆگی لە بارزانی کردبوو
موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە لە ٢٨ی تشرینی یەکەمدا ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردبووە و بانگەوازێکی ئاڕاستەی بارزانی کردبووە کە ڕێگا لە شەڕی کورد و کورد بگرێت و بانگی هەستیاری و دیالۆگی کردبوو.
بانگەوازیەکەی قەرەیلان بەم شێوەیە بوو:
من نازانم بەڕێوەبەرایەتی پەدەکە ئاگاداری ئەم هەموو ڕووداوانەیە یان نە. بە تایبەتی دەمەوێت بانگ لە کاک مەسعود بکەم: ئاگاداری ئەم دۆخەی یان نە؟ نازانم بۆچوونی لەمبارەیەوە چۆنە، لەبەرئەوەی تا ئێستا قسەی نەکردووە. دەمانەوێت بۆچوونی کاک مەسعود بزانین. واتە ئەم شتانە بۆچی دەکرێن؟ ئێمە دەمانەوێت تیشک بخاتە سەر ئەم پرسە. بە هەموو شێوەیەک ئامادەین کێشە ناوخۆییەکانمان لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکەین. بەڵام ئەگەر تو بێت و هێزێک لە چەپ و ڕاستەوە گەمارۆ بدەی و جێگاکەی تەسک بکەیتەوە، ئەگەر داواکاریش نەبێت، بەڵام شەڕ ڕوودەدات. بۆچوونی ئێمە بەم شێوەیەیە. بۆیە بە شێوەیەکی ئاشکرا بانگ دەکەم: دەمەوێت ڕێگا لە شەڕ بگرم. بەم شێوەیە نابێت. بەم شێوەیە بێت، ئەگەری هەیە لە هەر ساتێکدا ڕووداوێک ڕووبدات.
پێویستە کەس بیر لەوەنەکاتەوە کە ئێمە ئامادەکاری دەکەین، هەندێک دەڤەر کۆنتڕۆڵ بکەین. نازانم هەندێک کەس فیتنەی بەم شێوەیە دروست دەکەن و زانیاری هەڵە بڵاودەکەنەوە! بەڵام ئێمە پێداگری لەسەر نەتەوەییبوون دەکەین. سەرەنج بدەن: ڕێبەر ئاپۆ ٢٢ ساڵە بە تەنها یەک دەرفەتی هەبوو بە تەلەفۆن قسە بکات: لەگەڵ محەمەدی برای ٢٠ خولەک قسەی کرد. ١٥ خولەک بە تەنها لەسەر پەیامی نەتەوەیی قسەی کرد. ڕێبەرمان بەم شێوەیە بیردەکاتەوە، ئێمەش بە هەمان شێوە بیر دەکەینەوە. باشە چۆن دەبێت ئێمە خۆمان وەک جێگرەوەی حکومەتی باشووری ببینین؟ چۆن دەبێت بگوترێت ئێمە ئامادەکاری کۆنتڕۆڵکردنی هەندێک دەڤەر دەکەین؟ شتێکی بەو شێوەیە نییە. دیارە لێرەدا یاریەک و فیتنەیەکی سیستمی هەواڵگری هێزەکانی دوژمن هەیە. بۆیەش پێویستە هەموو کەسێک ئاگادار بێت. هەم گەلەکەمان، هەم لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و کەسایەتیەکان، هەم پەکەکە و هەم پەدەکە پێویستە ئاگاداری دۆخەکە بن.
پرسی نێوان پەدەکە و پەکەکە پرسێکی نێوان دوو حزب نییە. ئەم پرسە پەیوەندی بە هەموو کوردێکەوە هەیە. بۆیەش بڕوام وایە پێویستە هەموو کەسێک سەرقاڵی ئەم پرسە بێت. لەم ڕووەوە ئێمە ئامادەین: هەر کێشەیەک هەیە ئێمە دەتوانین لەژێر چاودێریدا گفتوگۆی لەسەر بکەین. ئێمە بۆ هەموو شتێک ئامادەین. بە کورتی ئێمە چاوەڕێ دەکەین کە ڕێگری لە دۆخێکی نەرێنی کە ئەگەری هەیە ڕووبدات بکەین. چونکە ئاشکرایە کە مەترسی هەیە. ئێمە دەمانەوێت کوردستان لەناو ئارامیدا بێت. لەبەرئەوەش ئێمە دەمانەوێت چارەسەریەک بۆ ئەم دۆخە بدۆزرێتەوە."
ف.ق