باشوری کوردستان خۆی بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکە تەیار کردووە

دوای بومەلەرزەکەی باکور و رۆژئاوای کوردستان، کە هەزاران هاوڵاتی بوونە قوربانی، هاووڵاتیانی باشووری کوردستان لە ژمارەیەک ناوەنددا دەستیان بە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیان لێکەوتووان کردووە.

هاوڵاتیانی باشوری کوردستان لە چەندین ناوەنددا دەستیان کردووە بە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەکانی باکور و رۆژئاوای کوردستان.

بەشێوەیەکی سەرەکی لەسلێمانی، هەولێر، گەرمیان دەستکراوە بە کۆکردنەوەی هاوکاری و چاوەڕێش دەکرێت  لە زۆرێک لە ناوچەکانی تریشدا هاوکاری کۆبکرێتەوە.

هەولێر

لە هەولێر هاوکاری بۆ زیان لێکەوتووانی بومەلەرزەکەی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان کۆدەکرێتەوە.

کۆکردنەوەی هاوکارییەکان لە کاتژمێر ٠٨:٠٠ی بەیانییەوە دەستپێدەکات و تا درەنگانی شەو بەردەوام دەبێت.

گەرمیان

لە شاری کەلار لە گەرمیان، ژمارەیەک لە چالاکوانان و خۆبەخش و نیشتمانپەروەر دەستیان بە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەکەی باکوری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان کردووە.

سلێمانی

دوو ڕۆژە لەشاری سلێمانی لە باشووری کوردستان هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکەی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان لە مۆزەخانەی ئەمنەسوورەکە کۆدەکرێتەوە.

هەروەها دوێنێ ناوەندی کۆکردنەوەی هاوکاری لە کارگەی جگەرەی سلێمانی دەستیپێکرد و هاوڵاتیان هاوکاری خۆیان بۆ مۆزەخانەی ئەمنەسوورەکە و کارگەی جگەرەی سلێمانی دەبەن.

پێشبینی دەکرێت ئەم هاوکارییە چەند ڕۆژێکی تر بەردەوام بێت و دواتر بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە ڕەوانە بکرێت.

ژ.ت