بایک: خۆبەڕێوەبەری و خۆپاراستن مافێکی بنەڕەتی شەنگالە -١-
جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکە تیشکی خستە سەر ئەو فەرمانانەی تا ئێستا بەسەر کۆمەڵگای ئێزدیدا هاتوون و رایگەیاند، خۆبەڕێوەبەری و خۆپاراستن مافێکی بنچینەیی گەلی شەنگالە.
جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکە تیشکی خستە سەر ئەو فەرمانانەی تا ئێستا بەسەر کۆمەڵگای ئێزدیدا هاتوون و رایگەیاند، خۆبەڕێوەبەری و خۆپاراستن مافێکی بنچینەیی گەلی شەنگالە.
جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکە لە گۆتارەکەی ئەم مانگەیدا کە لە رۆژنامەی سەرخۆبووندا بڵاو کراوەتەوە، باسی لە دوایین پێشهاتە سیاسیەکان کرد و رایگەیاند، لە دژی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک کە بۆ دژایەتیکردنی کورد بەڕێوەی دەبات، تێکۆشانێکی مێژوویی بەڕێوە دەچێت.
'خۆبەڕێوەبەری و خۆپاراستن مافێکی بنەرەتی گەلی شەنگالە'
"ئەمریکا، دەوڵەتی تورک و پەدەکە لە شەنگالیش دەستیان بە هێرشێکی نوێ کردووە. ئاشکرایە کە لە دژی ئەو هێزانەی گەلی شەنگالیان لە هێرشەکانی داعش پاراست و رێگەیان بە قڕکردن نەدا، پلانگێڕیەکیان ئامادە کردووە. هێزەکانی یەپەگە و یەژا-ستار کە رێگەیان بە قڕکردنەکە نەدا، لە چوارچێوەی خۆڕاگریی دژ بەر داعشدا بۆ بونیادنانی هێزەکانی خۆبەڕێوەبەردن و خۆپاراستن بوون بە هاوکار و لە شەنگال پرسی خۆبەرێوەبردن و خۆپاراستنیان کرد بە واقیع. دوای ئەوەی ئەمە روویدا، هێزەکانی یەپەگە و یەژا-ستار خۆیان لە ناوچەکە کشاندەوە. ئێستا لەوێ، ئەوانەی شەنگال بەریوە دەبەن خەڵکی شەنگالن، هێزەکانی خۆپاراستنیش لە رۆڵەکانی خەڵکی شەنگال پێک دێت. خۆسەری و خۆپاراستنی شەنگال بۆ خەڵکی شەنگال وەکو شیری دایکیان حەڵالە. دوای ئەو هەموو فەرمانەی بەسەریان هات و بە دوایین فەرمان کە ئێزدیەکانیان هێنایە لێواری لەناوچووت و رێگری لە فەرمانەکە کرا، ئیدی قۆناغێکی نوێ دەستی پێکرد.
ئیدی جارێکی تر بارودۆخەکە ناگەڕێتەوە بۆ بەر لە ٣ی ئابی ٢٠١٤. گەڕانەوە بۆ ئەو سەردەمە، بە واتای فەرمانێکی نوێ دێت. لە بارودۆخێکدا کە مۆدێرنیتەی کاپیتالیست لە هەموو شوێنێک رەگەز و بڕوا لاواز و بێهێزەکان، لەناو دەبات، شەنگال بە بێ خۆبەڕێوەبەری و خۆپاراستن ناتوانێت بەردەوامی بدات بە ناسنامە و هەبوونی خۆی. ئەگەر بێبەش بکرێت لەمە، رووبەڕووی قڕکردن دەبێتەوە. ئەوەی داعش دەیویست لە ماوەیەکی کورتدا بکات، بەم شێوەیەی هەوڵی بۆ دەدەن، بە تێپەڕبوونی کات ئەمە روودەدات. ئەو شەنگالیانەی ئەم راستیەیان بینی، خۆبەڕێوەبەری و خۆپاراستنی خۆیان بونیادنا. ئەمە مافێکی بنچینەییانە.
'رەواترین هێز ئەوە هێزەیە کە لە کاتی شەڕی دژ بە داعشدا، دروست بوو'
بە تایبەت دوای ئەوەی عێراق و پەدەکە لە شەنگال کشانەوە و رووبەڕووی قڕکردنی داعشیان کردەوە، خۆسەری و خۆپاراستنی شەنگال ئیدی بوو بە واقیع. لە لەگەڵ قۆناغی خۆڕاگریی پاراستنی شەنگال لە دژی داعش، هێزی خۆبەڕێوەبەری و خۆپاراستن بونیاد نران. ئێستا رەواترین هێزی شەنگال هێزەکانی خۆبەڕێوەبەری و خۆپاراستنن کە لە کاتی شەڕی دژ بە داعشدا دروست بوون. بەڵام پەدەکە بە تایبەت بۆ ئەوەی لەوێ دەسەڵات بێت، خۆی دەسەپێنێت. شەنگال دەوڵەتی ناوێت، نایەوێت جیا ببێتەوە. عێراقیش ئەمە دەزانێت، هەموو کەسێک ئەمە باش دەزانێت. تەنها دەیەوێت خۆسەری و خۆپاراستنەکەی مسۆگەر ببێت و پارێزراو بێت. نایانەوێت پارچەیەک لە عێراق جیا بکاتەوە. بۆیە عیڕاق هیچ بیانوویەکی نیە کە ئەم خۆسەرییە رەتبکاتەوە. رەتکردنەوەی ئیرادەی ئەم گەلە، رەتکردنی خۆپاراستنی ئەم گەلەیە، بە واتای سەپاندنی دەسەڵات دێت بە زۆرەملێ. ئەمە بە واتای شکاندنی ئیرادەی ئێزدیەکان و قڕکردنیان دێت.
ئایا خۆسەری شەنگال، خۆبەڕێوەبەری شەنگال زیان بە پەدەکە دەگەیێنێت؟ بە پێچەوانەوە، خۆبەڕێوەبەری و خۆپاراستنی ئەو بڕوا رەسەنەی کورد، پاراستنی ئەم کۆمەڵگایە کە هەمیشە رووبەڕووی زوڵم بووەتەوە، بۆ هاتنە ئارای دەرفەتێک کە زیهنیەتی دیمۆکراتیک بخوڵقێنێت بۆ خۆپاراستن و خۆبەرێوەبەری کۆمەڵگایەک کە رووبەڕووی قڕکردن دەکرێتەوە، تەنها بۆ گەلی کورد دەبێت بە هێز. ژیانی کلتوری و کۆمەڵایەتی و مێژوویی گەلی کورد دەوڵەمەندتر دەکات. بەڵام تووڕەیی و حەز و ئارەزووی پەدەکە بۆ دەسەڵاتداری هێندە قوڵە کە هیچ راستیەکی جیاواز نابینێت. ئێزدیەکانی لە ناو مەترسیی قڕکردندا هێشتەوە، لە جیاتی ئەوەی لەم رووەوە خۆی رەخنە بکات و پشتیوانی خۆپاراستن و خۆبەڕێوەبەرایەتی ئەم گەلە بکات، لە جیاتی ئەوەی پەیوەندیەکانی خۆی لەگەڵ گەلی ئێزدی بەهێز بکات، بە رێگای پشتگوێخستنی ئیرادەی ئێزدیەکان، دژایەتی ئەم گەلە دەکات. پەدەکە کە لەسەر هەموو شتێک لە شەڕدایە لەگەڵ بەغدا و لەگەڵی رێک ناکەوێت، لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ بەغدا رێکەوتنی ئیمزا کردووە و دەیەوێت ئیرادەی ئەم گەلە بشکێنێت. دەیەوێت خۆبەڕێوەبردن و خۆپاراستن لەناو بەرێت. ئایا ئەمە جێگای قبوڵکردنە؟ کام ئەخلاقە، کام ویژدانە دەتوانێت ئەمە قبوڵ بکات؟
کێیە رێکەوتنێکی لەم چەشنە دەسەپێنێت؟ ئەوە تورکیایە. ئیمزاکردنی ئەم رێکەوتنە لە بەرواری ٩ی تشرینی یەکەمدا، ئەم راستیە دەسەلمێنێت. ئەوانەی لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا هێرشیان کردە سەر گرێ سپی و سەرێکانی و داگیریان کرد، ئێستاش لە شەنگال لە هەوڵی هەمان هێرشدان. بە شێوەیەکی ئاشکرا دەیانەوێت لە هەر دەڤەرێک کە هاوسۆزی رێبەرایەتین، هێرش بکەنە سەریان. پەدەکەش دژایەتیەکەی دەوڵەتی تورک بۆ رێبەر ئاپۆ دەبینێت و بە سوودوەرگرتن لەمە، دەیەوێت لە شەنگال سەر لە نوێ دەسەڵات بگرێتەوە دەست. بۆیە بووەتە هاندەری هێرشەکانی سەر شەنگال و بە رەوای دەبینێت. لە راستیدا تورکیا هێرشی ئەو ناوچەیە دەکات، پەدەکەش دەڵێت، 'لەوێ هێزی نایاسایی بوونیان هەیە، پەکەکەی لێبە'. ئایا ئەمە مەنتیقە؟ ئایا هەبوونی پەکەکە دەتوانێت هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا رەوا بکات؟ یان هێرشێک لە ژێر ئەم بیانووەدا، دەکرێت لە لایەن پەکەدەوە رەوایەتی پێبدرێت؟ ئایا کام کوردە دەتوانێت قبوڵی بکات تا پارتێکی کوردی ئەم بیانووەی دەوڵەتی تورکی پێقبوڵ بێت؟ بۆیە ڕێککەوتنی عێراق-پەدەکە لە چوارچێوەی پیلانەکانی پەدەکە و دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر عێراق ئەنجامدراوە.
هەروەها لە ئەنجامی هەڵخەلەتاندنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە بووە. عێراقیش دەیەوێت سوود لەمە وەربگرێت و وەکو پەدەکە لە شەنگال ئیرادەی گەلی شەنگال قبوڵ نەکات و بارودۆخێکی لەم چەشنە بخوڵقێنێت. لەوانەیە عێراق لە دڵەوە نەکەوتبێتە ناو ئەو رێکەوتنەوە، بەڵام بە هۆی ئەو زیهنیەت و هەڵوێستەی کە ئیرادە و خۆبەڕێوەبەری و خۆپاراستنی ئەم گەلە ناناسێت، عێراقیش وەکو پەدەکە، فشار و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، هەروەها پشتیوانی ئەمریکا بەکار دێنێت و دەیەوێت لەوێ باڵادەست بێت. عێراق دەیەوێت پەدەکە و پەدەکەش دەیەوێت عێراق بەکار بهێنێت و لەوێ باڵادەست بن. بارودۆخەکە بەم شێوەیەیە.
'دەوڵەتی تورک و پەدەکە ئارامی شەنگال تێکدەدەن'
ڕێککەوتنەکەی سەر شەنگال زۆر قێزەونە. بناغەی ئەو ڕێککەوتنە ئەو کاتە دانرا کە کازمی و وەزیری دەرەوەی پەدەکەیی فوئاد حوسێن ئەمریکایان کرد. کاتێک نێچیرڤان بارزانیش چووە تورکیا، چوارچێوەی پلانەکەیان دروست کرد. ژمارەیەک ولاتی ئەوروپاش بە بیانووی ئەوەی لە شەنگال ئارامی دروست دەبێت، پشتگیریان لە ڕێککەوتنەکە کرد. ئەمە ڕێککەوتنی ئارامی و ئاسایشی شەنگال نییە. ئەمە بە واتای ئەوە دێت کە شەنگال دەکەنە گۆڕەپانی شەڕ. ئیستا ئارامی هەیە. دەوڵەتی تورک و پەدەکە ئارامیەکە تێک دەدەن. گەلی ئێزدی و عەرەب لەژێر چەتری بەرێوەبەرایەتی خۆسەری دیموکراتیکدا بە ئارامی دەژین. لەناویاندا نە شەڕ و نە ناکۆکی هەیە. دەوڵەتی تورک و هێزە دەرەکیەکان هێرش و نائارامی دروست دەکەن. ئەوەش بە فشاری پەدەکە دەکرێت. ئەمریکاش پشتگیری لەو هێزانە دەکات و زەمینەی هێرش ئامادە دەکات. پێویستە هێزە نێودەوڵەتیەکان، ڕای گشتی دیموکراتی، دەزگاکانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم راستیە ببینن و نەکەونە داوی دەوڵەتی تورک و پەدەکە. پێویستە لەبەرانبەر فشارەکانی ئەمریکا سەریان دانەنەوێنن. بەپێچەوانەوە پێویستە پشتگیری لە خۆبەڕێوەبەری و خۆپاراستنی ئێزدیەکان بکەن و ئارامی شەنگال بپارێزن. پێویستە هەڵوێست لەبەرانبەر ئەو کەسانە نیشان بدەن کە ئارامی تێک دەدەن. خۆپاراستن و خۆبەڕێوەبەری ئارامی ئەو ناوچەیە تێک نادات. پێویستە هەموو کەسێک ئەوە ببینێت. پێویستە هیچ کەسێک لەناو پلانی دژی خۆسەری و خۆپاراستندا جێ نەگرێت.
گەلی ئێزدی لە سەرەتاوە لەدژی ڕێککەوتنەکەیە. ڕایگەیاندووە کە ئەو ڕێککەوتنە ڕەوا نییە. باسی ئەوەیان کرد کە ڕێککەوتنەکە ئیرادەی ئەوانی پێشێل کردووە و قبوڵی ناکەن و تا کۆتایی بەرگری دەکەن. هەم گەلی شەنگال و هەم دەزگا و ناوەندە ئێزدیەکانی ئەوروپا ئەم هەڵوێستەیان دەربڕی. هەڵوێستێکی راست و رەوایە. پەرلەمانی عێراق و پەدەکە رەوا نین. لە جیهاندا هیچ هێزێک نییە کە پشتگیری لەوان بکات. خۆبەڕێوەبەری و خۆپاراستن رەوایە و هێزێکی وایە کە گەلانی جیهان پشتگیری لێدەکەن. پەدەکە، تورکیا و ئەمریکا لە گۆڕەپانەکەدا دەمێننەوە. هیچ کەسێک سیاسەت و فشارەکانیان بە ڕەوا نابینێت. لەبەرئەوەی خۆبەڕێوەبەری و خۆپاراستن بە تەئکیدی سەردەکەوێت.
لە مێژوودا بابەتی سەرەکی سیاسەت ڕەوابوونە. ئەو سیاسەتەی کە ڕەوایەتی نەبێت، داهاتووی ئەو سیاسەتەش نییە. ئێستا لە جیهاندا رەواترین و مافدارترین گەل، گەلی ئێزدیە. گەلی ئێزدی بەو ئەندازەیە ڕەوا و مافدارە کە کەس ناتوانێت یەک وشەش لەبەرانبەریان بدرکێنێت. ئەو هێزەی پشت بەو ڕەوایەتیە ببەستێت بە تەئکیدی سەردەکەوێت. تورکیا و پەدەکە و ئەو هێزانەی کە دژن بە تەئکیدی تێدەشکێن. لە راستیدا رێککەوتنەکە وایکردووە کە تێکبشکێن. ئەگەر ئیزدی بەردەوامی بە هەڵوێستیان لەبەرانبەر ئەم ڕێککەوتنە بدەن و هەموو ئێزدیەکان پشتگیری لێبکەن، ئەو کاتە هێزە دیموکراتەکان و گەل پشتگیری لێدەکەن و خۆبەڕێوەبەری و خۆپاراستن سەر دەکەوێت.
'دەوڵەتی عێراق پیویستە لە چوارچێوەی دەستووری بنەرەتیدا خۆسەری و خۆپاراستن قبوڵ بکات'
ئێمە دەمانەوێت کە ئێزدیەکان خۆسەر بن و بتوانن خۆیان بپارێزن. دوای ئەوەی ئەوە پێکهات، گرنگ نییە کێ ئەو شوێنە بەڕێوەدەبات. گەل پشتگیری لە کێ دەکات و کێ هەڵبژێرێت ئەو بەرێوەبەرایەتی بەدەست دەهێنێت. هێزە سەربازیەکان و هێزەکانی خۆپاراستنیش ئەرکی خۆیان بەجێ دێنن. گرنگ ئەوەیە کە ڕەوایەتی، پێگە و لایەنی یاسایی ئەو شتە قبوڵ بکرێت. هەڵوێستی ئێمە ئاشکرا و ڕوونە. دوای ئەوەی ئەوەکرا، ئێزیدخان هەڵبژاردەی خۆی دەکات، دەزگا بەرێوەبەریەکانی هەڵدەبژێرێت و ئەوانیش ئێزدیخان بەڕێوەدەبەن. لە دەستووری بنەڕەتی و یاساکاندا پەیوەندیەکانی ئەوان لەگەڵ عێراق و باشووری کوردستان دیاری دەکرێت. بۆ کۆمەڵگای ئێزدی گرنگە پەیوەندی ئەوان بە دەستووری بنەڕەتی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە هەبێت. لەبەرئەوەی ئەوان نایانەوێت دەوڵەتێکی سەربەخۆیان هەبێت. ئەوان بە تەنها خۆبەرێوەبەری و خۆسەریان دەوێت. دوای ئەوەی ئەوە ئەنجامدرا، پەیوەندیان لەگەڵ عێراق و باشووری کوردستان دروست دەبێت. بەڵام ئەگەر ئیرادەی گەل رەت بکرێتەوە، حسابی بۆ نەکرێت و هەوڵ بدرێت کە پەدەکە و عێراق ببنە دەسەڵاتدار، ئەو کاتە قبوڵ ناکرێت. هێرشی قڕکەری ٣ی ئابی ٢٠١٤ رەوایەتی ئەو سیاسەتەی نەهێشتووە. گەڕانەوە بۆ بەرلە ساڵی ٢٠١٤ بە واتای ئەوە دێت کە ئەوان وەک داعش وان. ئەوەی داعش نەیتوانی بیکات، ئەمجارە بە شێوازێکی تر جێبەجێ دەکرێت.
لەبەرئەوەش پێویستە هێزە دیموکراتەکان و گەلی کورد لەدژی ئەو سیاسەتە هەڵەیە و ڕێککەوتنەکە هەڵوێست دەرببڕن. پێویستە پەدەکە و عێراق دەست لەو سیاسەتە هەڵگرن. ئەگەر عێراق دەیەوێت هەڵوێستێکی ڕاستەقینە پیشان بدات، پێویستە لە چوارچێوەی دەستووری بنەڕەتیدا خۆسەری و خۆپاراستنی شەنگال قبوڵ بکات. ئەگەر پەدەکە دەیەوێت پەیوەندیەکانی لەگەڵ شەنگال بەردەوامی پێ بدات، پیویستە رەخنە لە خۆی بگرێت کە شەنگالی چۆڵ کرد و ٥ هەزار ژنی ئێزدی رادەستی داعش کرد و لە ئەنجامدا ئێزدیەکان قڕکران. لە رووی پراکتیکیەوە بە قەبوڵکردنی خۆبەڕێوەبەری و خۆسەری شەنگال دەتوانن باجی ئەو هەڵەیە بدەن. ئەگەر ئەو هەنگاوە بنرێت، لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی باشووری کوردستان، حکومەتی فیدڕاڵ و ئێزدیخان پەیوەندیەکی دیموکراتی دروست دەبێت. ئەمە دۆخێکی سروشتیە. بەڵام هەڵوێستی پەدەکە ئەوەیە کە لەجیاتی ئەوەی ئەو زەمینە دروست بکات، دۆخەکە تێک دەدات. لەبەرئەوەش پێویستە هەموو کورد، ڕۆناکبیرانی کورد، هونەرمەندان و نووسەرانی کورد لەدژی هەڵوێستی پەدەکە بووەستنەوە.
ز.ش / ف.ق