بەبۆنەی جەژنەوە مەزاری شەهیدان لە سلێمانی بەسەرکرایەوە
بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانەوە، لە شاری سلێمانی سەردانی مەزاری شەهیدان کرا، ئامادەبووان دووپاتیان کردەوە درێژە بە ڕێگەی شەهیدان دەدەن.
بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانەوە، لە شاری سلێمانی سەردانی مەزاری شەهیدان کرا، ئامادەبووان دووپاتیان کردەوە درێژە بە ڕێگەی شەهیدان دەدەن.
بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە بە پێشەنگایەتی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدان لە باشووری کوردستان، سەردانی گۆڕستانی شێخ عەباس و مەزاری شەهیدان مەنسوڕ کەریمیان و نەژوان عەبدوڵا کرا.
پاش خولەکێک ڕێزگرتن بۆ یادکردنەوەی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی، لەسەر مەزاری شەهیدان کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بەسترا. ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدان، عەبدولوەهاب ئەحمەد دووپاتی کردەوە درێژە بە ڕێگەی شەهیدان دەدەن و گوتی: " جەژنی ڕەمەزان لە تەواوی گەلی کورد و موسڵمانان و ئەو کەسانەی لەپێناوی ئاشتیی و ئازادیی گەلەکەمان گیانی خۆیان بەخت کردووە پیرۆز دەکەین، هیوادارین جەژن ببێتە مایەی ئاشتیی و پێکەوەژیانی گەلان".
هەروەها جەختی کردوە تێدەکۆشن بۆ پاراستنی ئەو دەسکەوتانەی بە خوێنی شەهیدان بەدەستهاتووە، پاشان ئاماژەی کرد بە سەرکەوتنی کورد لە هەڵبژاردنەکانی باکوری کوردستان و تورکیا و گوتی: "هیوادارین ئەم سەرکەوتنە ببێتە قۆناغێک بۆ ئاشتیی و پێکەوەژیان و تەبایی و دوورکەوتنەوە لە زوڵم و ستەم و قڕکردن".