چەند رۆژێک بوو باری تەندروستیی بەهادین نوری تێکچوو بوو و لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێریدا بوو.
بەهادین نوری، لە ١١ی شوباتی ١٩٢٧ لە گوندی تەکیەی قەرەداغ لە سنورى پارێزگای سلێمانی لەدایکبووە. ساڵی ١٩٤٦ پەیوەندیی بە حیزبی شیوعیی عێراقەوە کردووە و توانیویەتی بەهۆی لێهاتووییەوە لە ساڵی ١٩٤٩ تاوەکو ١٩٥٣ بۆ ماوەی چوار ساڵ ببێتە سکرتێری ئەو حیزبە.
لە ساڵی ١٩٥٣ و لە چوارچێوەی هەوڵەکانی رژێمی پاشایەتی عێراق بۆ سەرکوتکردنی بزووتنەوەى ئازادیخوازیی عێراق دەستگیر کراوە و فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، بەڵام لەژێر گوشاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا فەرمانەکە ھەلوەشێنراوەتەوە و سزاکەى کراوە بە زیندانی هەتاهەتایی و دوای شۆڕشی کۆماری و رووخانی رژێمی پاشایەتی لە عێراق لە ١٩٥٨ لە زیندان ئازاد بووە.
بەهادین نوری ساڵی ١٩٨٤ ریزەکانی حیزبی شیوعیی بەجێهێشت و دوای راپەڕینی ١٩٩١ی باشووری کوردستان، گەڕاوەتەوە بۆ باشووری كوردستان.
لە ساڵی ١٩٩٤دا بزووتنەوەی دیموکراسیخوازانی کوردستانی دامەزراند. بە بەردەوامی وەک کەسایەتییەکی سیاسی رۆڵی خۆی گێڕاوە.
بەھادین نورین لەگەڵ ئەوەی سیاسەتمەدار بوو، نوسەر و وەرگێڕیکی دیاریش بوو و بیرەوەرییەکانیشی بڵاوکردووەتەوە. یەکێک لەو کتێبانەی وەریگێراوەتە سەر زمانی کوردی، کتێبی یاداشتەکانی مستەر ریچی بەریتانییە، کە دوو سەدە لەمەوبەر سەردانی کوردستان و سلێمانی و سنەی کردووە و رووداوەکانی ئەو کاتەی سلێمانی و رۆژھەڵاتی کوردستانی تۆمارکردووە.
بەهادین نوری بەر لە توشبوونی بەپەتای کۆرۆنا و کۆچی دوایی لە تەمەنی ٩٣ ساڵیدا، وەک کەسێکی بەئەزموون رۆژانە بۆچوونی خۆی لەسەر رووداوە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بڵاودەکردەوە.
ژ.ت