بەهۆی قەیومەوە جۆلەمێرگ لە ژێر بەفردا مایەوە

لە جۆلەمێرگ یەکەم بەفری ساڵ بووە هۆی چۆڵبوونی ناوەندی شارەکە. لەبەر ئەوەی قەیووم کە دەستی بەسەر شارەوانیدا گرتووە هیچ هەنگاوێکی بۆ ئەو مەبەستە نەناوە رووبەڕووی رەخنە و کاردانەوە بووەوە.

قەیوم کە شارەوانی هەدەپەی جۆلەمێرگی زەوت کردووە، بۆ چەند ساڵێکە هیچ خزمەتێکی بە گەلی جۆلەمێرگ نەکردووە، هەموو تواناکانی شارەوانی خستووەتە خزمەتی ئاکەپەیی، سەرباز و پۆلیسەکان. دوای ئەوەی شارەوانی جۆلەمێرگ لەلایەن قەیومەوە دەستیبەسەردا گیرا، شارەوانی کەوتە ژێر قەرزەوە. قەیوم کە ماوەی ٨ ساڵە هیچ خزمەتێکی نەکردووە، کاتێک بەفر ناو شاری گرتەوە، گەلی لەبەردەم چارەنوسی خۆیان بە تەنیا جێهێشت.

بە بارینی بەفر لە ناوەندی شارەکە، گەڕەک و شەقامە سەرەکیەکان و شەقامە لاوەکیەکان بە تەواوەتی داخران. بە داخستنی رێگاکان گەل ناچاربوون لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە، ئۆتۆمبێلەکان ناتوانن هاتوچۆ بکەن. سەرباری ئەوەی گەل لە ماڵەکانیاندا بە هۆی بەفرەوە گیریان خوارد، بەڵام شارەوانی جۆلەمێرگ هیچ کارێکی بۆ نەکردن و بەو هۆیەوە رووبەڕووی رەخنە و ناڕەزایەتی بووەوە. لەبەر ئەوەی رێگە بۆ ماوەی رۆژێک داخرا، زۆر کەس نەیانتوانی دوکان و کارگەکانیان بکەنەوە و بچنە سەر کار.

گەل بە هۆی قەیومەوە زیانمەند بووە

سەرەڕای توانەوەی بەفر تاڕادەیەک لە زۆرینەی کۆڵانەکان چاڵ و چۆڵ دروستبوون و رێگاکانیش گۆڕدراون بۆ قوڕ و لیتە. بارینی بەفر تەنیا کاریگەری نەرێنی نەکردە سەر ناوەندی شارەکە، بەڵکوو رێگەی ١٦٠ گوندی سەر بە جۆلەمێرگ بە هۆی بارینی بەفرەوە بۆ چەند رۆژ داخران.

قەیومی جۆلەمێرگ کە خزمەتکردنی بە گەل راگرتووە هەموو رۆژێک بەشداری لە مەراسیمی ئاکەپەیی و مەهەپەییەکان دەکات کە دێنە شارەکە و بودجەی شارەوانی لەوێ خەرج دەکات.

هـ . ب