بۆردوومانی سوپای تورک بۆسەر باشووری کوردستان بەردەوامە

ڕێکخراوی CPTـی ئەمریکی ڕاگەیاند سوپای تورکیا لەمڕۆدا ٣٥ جار تۆپبارانی گوندەکانی سنووری شارۆچکەی ئامێدی لە پارێزگای دهۆک کردووە.

کامەران عوسمان، ئەندامی ڕێکخراوی CPTـی ئەمریکی لە هەژماری تایبەتی فەیسبووکی خۆی لە دیجیتاڵ میدیا ، زانیاری لەسەر تۆپبارانەکانی ئەمڕۆی سوپای دەوڵەتی تورکیا بۆسەر سنووری دهۆک خستەڕوو.

کامەران عوسمان ئاماژەی بەوەداوە: "لە کاتژمێر ٠٩:١٠ خولەکی سەر لە بەیانی ئەمڕۆوە تاوەکو کاتژمێر ١٥:٠٠ تۆپخانەکانی سوپای تورکیا (٣٥) جار تۆپبارانی چیای گارا و ناو گوندەکانی (مژێ، کەفنە مژێ، سپیندارێ و گرگاشێ)ـیان لە بەری گارێ لە سنووری ئامێدی سەربە پارێزگای دهۆک کردووە."

ئاماژەی بەوەشداوە، تۆپبارانەکان بۆ ناو ڕەزوباخی هاوڵاتیان و خانووی چۆڵکراوی گوندنشینان بووە، بەهۆیەوە زیان بەر کێڵگەی کشتوکاڵی، خانوو و ڕەزی جوتیارانی ئەو گوندانە کەوتووە.