بوڵدان: گۆشەگیری تاوانێکی دژی مرۆڤایەتیە، هیچ کاتێک قبوڵی ناکەین

بوڵدان ئاماژەی بە گۆشەگیری ئیمڕالیدا و وتی، " گۆشەگیری تاوانێکی دژی مرۆڤایەتیە. هیچ کاتێک قبوڵی ناکەین. پێویستە بە زوترین کات کۆتایی پێبهێنرێت."

ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە ئێلح ٤مین کۆنگرەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.

بە هەزاران کەس بەشداریان کرد و دروشمی ' بژی بەرخۆدانی هەدەپە'یان وتەوە.

پەروەین بوڵدان هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە، پەرلەمانتارانی هەدەپە، ئەندامانی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا)، ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی، بەڕێوەبەرانی جەهەپە، پارتی داهاتوو و پارتی دیموکرت بەشداریان لە کۆنگرەکەدا کرد.

دوای هەڵبژاردنی دیوان و خولەکێک ڕێزگرتن،فاتما ئالبای و عومەر کولپو هاوسەرۆکی هەدەپەی ئێلح سوپاسی بەشداربووانیان کرد.

پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە لە سەرەتادا سڵاوی لە خەڵکی تێکۆشەری ئێلح، ژنان و گەنجان کرد و وتی، " ئەوانەی دەیانەوێت هەدەپە گۆشەگیر بکەن، پێویستە سەیری ئێلح بکەن. با سەیری ئەم گەلە و ئەم هۆڵە بکەن. ئێمە لەگەڵ ئێوە بەهێزین. هێز، ئیرادە، بڕیاردان لە خەڵکی ئێلح وەردەگرین. تاکە ئاماج هێرشکردنە سەر هەدەپەیە، هێرشکردنە سەر ئەم گەلەیە کە رۆژ بە رۆژ بەهێزتر دەبێت."

بوڵدان ئاماژەی بە هێرشی دۆزی کۆمپاس لەدژی پارتەکەی کرد و وتی، " ئەگەر ٥٪ی ئەو هێرشانەی لەدژی ئێمە ئەنجام دەدرێت، لەدژی ئاکەپە ئەنجامبدرایە، ئەمڕۆ شتێک بە ناوی ئاکەپە نەدەما."

بوڵدان رایگەیاند، هەدەپە لەم وڵاتە هیوایە، هەوڵی چارەسەری هەموو کێشەکان دەدات. بە تەنها پارتێک هەیە کە ئاشتی، دیموکراسی، ئازادی، ماف، یاسا و دادپەروەری دەوێت، ئەویش هەدەپەیە.

بوڵدان وتەیەکی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کوردی بەبیرهێنایەوە کە دەڵێت، 'هەفتەیەک مۆڵەتم بدەنێ، من ئەم کێشەیە چارەسەر دەکەن' و وتی، " ٦ ساڵ تێپەڕی، لە ساڵی ٢٠١٥ەوە، گۆشەگیری دەسەپێنن. ئێوە یاساکانی خۆشتان جێبەجێ ناکەن. یاساکان لەبەرانبەر چاوپێکەوتن لەگەڵ زیندانیان بۆ خانەوادە و پارێزەران ئاستەنگ نییە. بە ئەنقەست لە ئیمڕالی گۆشەگیری دەسەپێنن. لەبیر نەکەن، ئەم گۆشەگیریە تاوانێکە لەدژی مرۆڤایەتی. ئێمە لەم تاوانە قبوڵ ناکەین. پێویستە ئەم تاوانەی دژی مرۆڤایەتی بە زوترین کات بوەستێنرێت، گۆشەگیری هەڵبگیرێت و لە ئیمڕالی و هەموو ئەو شوێنانەی گۆشەگیری هەیە پێویستە هەڵبگیرێت."

بوڵدان ئاماژەی بە پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختدا و وتی، " جارێکی دیکە دەڵێین، لەم وڵاتە کاتی ئەوە هاتووە کە هەڵبژاردنێکی پێشوەخت ئەنجام بدرێت. گەلانی تورکیا هەڵبژاردنیان دەوێت، بەڵام کەسانی بێبەرپرسیار ڕێگە بە هەڵبژاردن نادەن.

ئێمە لێرەوە بانگەوازی دەکەین: ئەگەر متمانەتان بە خۆتان هەیە، بڕیاری هەڵبژاردن بدەن. با پێکەوە رێگە بە گەل بدەین، ئەو کاتە دەبینین کە گەل گۆشەگیری لەسەر کێ دادەنێت. ئێمە بە هەموو شێوەیەک ئامادەین. ئێمە لە ئێلح ئاشکرای دەکەین کە ئامادەین بۆ هەڵبژاردن. سبەینێ یان دوای مانگێک ئەگەر هەڵبژاردن بکرێت، هەدەپە بۆ بەڕێوەبەری وڵات ئامادەیە."

دوای قسەکان، بەڕێوەبەری نوێ هەڵبژێردرا و حسێن سارک و حوریەت کایتار وەک هاوسەرۆکی نوێی ڕێکخستنی هەدەپە لە ئێلح هەڵبژێردران.

ف.ق