بزوتنەوەی گۆڕان: ئۆجالان کلیلی چارەسەری کێشەکانی کوردە

لە ڕاگەیندراوێکدا بزوتنەوەی گۆڕان داوای ئازادی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد دەکات و دەڵێت: ئۆجالان کلیلی چارەسەری کێشەکانی کوردە.

ژووری پەیوەندیە سیاسیەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لە یادی ٢٣ ساڵەی دەستگیرکردنی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد بەیاننامەیكی بڵاوکردوە و وتی، " وەک بزوتنەوەی گۆران ئازادکردنی بەڕێز (ئۆجالان) و هەموو بەندکراوانی تری باکور بە مافێکی ڕەوا و مرۆڤانە دەزانین و داوامان لەگەڵ داوای هەموو ئازادیخوازان و مرۆڤ دۆستانەیە  بە کلیلی چارەسەری بەشێکی کێشەکانی باکوری کوردستانی دەزانین.

دەقی بڵاوکراوەکەی بزووتنەوەی گۆڕان وەک خۆی

لە یادی بیست و سێ ساڵەی گرتنی عەبدوڵا ئۆجالان دا

کێشەی کورد وەک کێشەی کۆنی ناوچەکە، تا ئیستا لەسەر خاکی خۆی چارەنوسی نادیارە و مافە نەتەوەییەکانی نەسەلمێنراوە و تا دێت نا حەزانە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. گەلی کوردیش لە باکور وەک هەر یەک لە پارچەکانی تری کوردستان هەمان چارەنوسی هەیە و بیست و سێ ساڵە ، بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان کە سەرکردەیەیکی دیار و ناسراوی کوردە لە باکوری کوردستان، لە زیندانی ئیمراڵی بەندە و چاوەڕێی چارەنوسێکی نادیار دەکات. کە هەوڵ تێکۆشانی بەرێزیان تەنها لە پێناو بە دەست هێنانی مافە نەتەوەکەیدا بوو، مەخابن لە گەلەکۆمەیەکی گوماناویدا دەستگیر کرا تا ئیستاش گیرۆدەی یاسایەکی نا دیموکراتی سەپێنراوە. ئێمە وەک بزوتنەوەی گۆران ئازادکردنی بەڕێز (ئۆجالان) و هەموو بەندکراوانی تری باکور بە مافێکی ڕەواو مرۆڤانە دەزانین  و داوامان لەگەڵ داوای هەموو ئازادیخوازان و مرۆڤ دۆستانەیە  و بە کلیلی چارەسەری بەشێکی کێشەکانی باکوری کوردستانی دەزانین."

ف.ق