چالاکوان و هاوڵاتیانی کەرکوک دژی کەمی کارەبا گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا

هاوڵاتیانی کەرکوک دەلێن، شەوانە کەرکوک دەبێت بە تاریکستان و تاکە رووناکی کە تێیدا بەدی دەکرێت رووناکی گڕی ئەو نەوتەیە کە دانیشتوانەکەی نەک سودیان لێ نەبینیوە بەڵکو بووەتە مالوێرانی و نەهامەتی بۆیان.

شاری کەرکوک بە یەکێک لەسەرچاوە گرنگەکانی داهاتی عێراق دادەنرێت و لە بواری هەڵسانەوە بوژاندنەوەی کەرتی ئابوری ووڵات هەمیشە ئەم شارە دەوڵەمەندە بەسەرچاوە سروشتیەکان هەمیشە لەلایەن حکومران و دەسەڵاتدارەکانی بەغداو هەرێمی کوردستانەوە فەرامۆش و پەراوێز خراوە.

ئەمرۆ دووشەممە لەبەرەدم بینای پارێزگای کەرکوک ژمارەیەک لە ڕێکخراو، چالاکوانی مەدەنی و هاووڵاتیانی شاری کەرکوک گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا دژ بە کەمی کارەبای نشتیمانی، لە گردبوونەوەکەدا بە دروشمەکانی(کەرکوک شاری ئاڵتونی ڕەشە نەک تاریکی، خوێندنتان کردووە بەئۆنڵاین و کارەبا نیە، کارەبە سادەترین مافی هاووڵاتیە وهاووڵاتیانی کەرکوک چێتر قەبوول ناکەن شارەکەیان بکرێت بە تاریکەستان)، داوایەکیان ئاڕاستەی هەریەک لە ئیدارەی کەرکوک، فەرمانگای کارەبای کەرکوک و نوێنەرانی کەرکوک لە ئەنجومەنی نوێنەران کرد و تیدا داوایان کرد ئەم کەمتەرخەمی و پەراوێز خستنە بەرامبەر بە شاری کەرکوک ڕاگرن.

حەسەن حوسێن چالاکوانی مەدەنی بەناوی ئامادەبوون گردبوونەوەکە بەیاننامیەکی بۆ ڕایگشتی خوێندەوە و ووتی: "ئەم شارە بە یەکێک لەسەرچاوە گرنگەکانی داهاتی عێراق دادەنرێت و لە بواری کەرتی ئابوری ووڵات هەمیشە ئەم شارە دەوڵەمەندە بەسەرچاوە سروشتیەکان هەمیشە لەلایەن حکومران و دەسەڵاتدارانی حکومەتەوە پەراوێز خراوە، دەسەڵاتداران یان داهاتەکانی ئەم شارەیان لە شەرو کاولکاریدا خەرجکردووە یان تەنها بۆ گیرفانی بنەماڵەکانیان بووە، بۆیە هەموو کاتێک دانیشتوانی شاری کەرکوکبە دەستی کێشەی خزمەتگوزاریەوە دەناڵێنن و کێشەکانیش وەک هەمیشە بێ چارەسەربوونە لەلایەن دەسەڵاتدارانی خۆجیی."

هەروەها سەبارەت بە گەندەڵی لە کارەبای کەرکوک حەسەن حوسێن ووتیشی: "لەئیستادا کەمی کارەبای نشتیمانی بۆتە یەکێک لە کێشەکانی رۆژانەی هاووڵاتیانی شارەکەمان بەجۆرێک لە ٢٤ کاتژمێردا تەنها ٦ کاتژمێر کارەبای نشتیمانی بۆ هاوولاتیان دابین دەکرێت، ئەمە لە کاتێکدا پارێزگاری کەرکوک خاوەنی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبایە، بەڵام کەس نازانێت کارەبای ئەم شارە بۆ کۆێ دەنێردریت و چی لێدەکرێت."

ناوبراو وتیشی: "بۆیە بە دەسەڵاتدارانی خۆجێی و دەسەڵاتدارانی ناوەندی دەڵێن (حەیف) بۆ شارێک کە یەکێک بێت لەسەرچاوەکانی داهات و خۆی خاوەنی وێستگەی کارەبا بێت، شەوانە ببێت بە تاریکستان و تاکە روناکی کە تییدا بەدی دەکرێت رووناکی گڕی ئەو نەوتەیە کە دانیشتوانەکەی نەک سوودیان لێ نەبینیوە بەڵکو بۆتە مال وێرانی و نەهامەتی بۆیان".

لە کۆتایدا حەسەن حوسێن چالاکوانی مەدەنی داوکارییەکانی ئامادەبووی گردبوونەوەکەی بەچەند خاڵێک خستەڕوو کە بریتی بوون لە:

یەکەم / هەرچی زووە هۆکاری کەمبوونەوەی کارەبا نشتیمانی ئاشكرا بکەن.

دووەم/ دۆخی کارەبای شارەکە ئاسایی بکرێتەوە و شار لەم تاریکستانە رزگاربکەن.

سێ-یەم/ کەمبوونەوەی کارەبای نشتیمانی بۆتە هۆی پەکخستنی بەشێکی زۆری کاروکاسبی بۆیە دەبێت ڕەچاوی ژیان و گوزەرانیان بکرێت.

چوارەم/ رۆژانە لە کاتژمێر ١٢ی نیوەرۆ کار بە مۆلیدە ئەهلیەکان بکرێت نەک کاتژمێر ٣ی پاشنیوەرۆ.

پێنجەم/ پێویستە هەماهەنگی بکرێت لە نێوان کارەبای نشتیمانی و مۆلیدە ئەهلییەکان، کارەبا بەشێوەیەک بدەن کە هاولاتیان سوود لەماوەی پێدانی کارەبای دیاریکراو وەربگرن.

ز.ش