چالاکوانانی گەرمیان کەمپەینی کۆکردنەوەی هاوکارییان بۆ ڕۆژئاوا ڕاگەیاند

لە شارۆچکەی کفری، چالاکوانان و ڕۆشنبیران و وڵاتپارێزان کەمپەینی کۆکردنەوەی هاوکارییان بۆ ڕۆژئاوا ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ لە کۆمەڵەی ڕووناکبیریی و کۆمەڵایەتی کەرکووک لە شارۆچکەی کفری سەر بە ئیدارەی گەرمیان، دیبەیتێک بە ناونیشانی "ڕەوشی ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا و ئەرکی تاکی کورد" ڕێکخرا، دوای دیبەیتەکە چالاکوانان و ڕۆشنبیران و وڵاتپارێزان کەمپەینی کۆکردنەوەی هاوکارییان بۆ ڕۆژئاوا ڕاگەیاند.

لە دیبەیتەکەدا، پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان، بەرپرسی کۆمەڵەی ڕوناکبیریی و کۆمەڵایەتی کەرکووک- کفری گەرمیان شوکر پشتیوانی خۆیانی بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند.

پاشان بەشداربووان سەرنجی خۆیان دەربارەی ڕەوشی ڕۆژئاوای کوردستان دەربڕی، تیشکیان خستەسەر ڕۆڵی چالاکوانان و ڕۆشنبیران بۆ هاندانی گەل تا بەشداربن لە هەوڵ و کەمپەینەکانی پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان.

دووپاتکرایەوە، هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ڕۆژئاوا هاوکات هەڕەشەیە بۆ سەر باشووری کوردستان، داواکرا دەروازەی سێمیڵکا بکرێتەوە.

دواتر کەمپەینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاندرا و بڕیاردرا بۆ بەهێزکردنی کەمپەینەکە سەردانی چالاکوانان و کەسێتییەکان بکرێت.