لە ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بە پیلانگێڕیەکی نێونەتەوەیی لە نایرۆبی پایتەختی کینیا دەستگیرکرا و رادەستی دەوڵەتی فاشیستی تورک کرایەوە. رێبەر ئۆجالان ٢٤ ساڵە لە زیندانی ئیمڕالی لەژێر گۆشەگیریەکی تونددا راگیراوە. ١٥ی شوبات وەک رۆژێکی رەش لە مێژووی گەلی کورد و گەلانی ئازادیخوازدا جێی خۆی گرت و ژمارەیەکی زۆر لە کادر، لایەنگر، وڵاتپارێز و ئازادیخوازان لەژێر دروشمی ' هیچ کەسێک ناتوانێت خۆری ئێمە تاریک بکات' بۆ شەرمەزارکردنی پیلانگێڕیەکە ئاگریان لە جەستەیان بەردا و بازنەیەکیان لە ئاگر بە دەوری رێبەری گەلی کورددا دروست کرد.
لەو کاتەوە، هەموو ساڵێک بە مەبەستی شەرمەزارکردنی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ١٥ی شوبات، گەلی کورد و دۆستەکانیان چالاکی جۆراوجۆری وەک خۆیپشاندان، گردبوونەوە، ڕێپێوان، چالاکی نووسینی دروشم لەسەر دیوار، سمینار و کۆبونەوەی جەماوەری ئەنجام دەدن.
لە شاری جوانرۆی رۆژهەڵاتی کوردستانیش، بە مەبەستی شەرمەزارکردنی رۆژی رەش (١٥ی شوبات)، گەنجانی شۆڕشگێر و ژنانی گەنجی شۆڕشگێر، لە سەر دیوارەکانی شارەکە دروشمیان بۆ شەرمەزارکردنی پیلانگێڕیەکە نووسی.
ف.ق