چالاکی هێزەکانی گەریلا بەبۆنەی ١٥ی تەباخ: لە حەفتانین ٦ داگیرکەر سزادران

هەپەگە ڕایگەیاند: گەریلاکانیان بەبۆنەی ساڵیادی قەڵەمبازی ١٥ی تەباخ (ئاب)، لە هەفتانین ڕووبەڕووی دوژمن بوونەتەوە و شەش داگیرکەریان سزاداوە.

ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لەسەر چالاکیی گەریلاکانی و هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: سوپای داگیرکەری تورک، ڕۆژی ٢ی ئەم مانگە، لەنێوان گردی شەهید بێریڤان و گردی شەهید چیاگەر، دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی داگیرکاریی کردووە، هێزەکانمان یەکینەیەکی ئۆپەراسیۆنەکەیان خستە ژێر چاودێرییەوە و دوو جار چالاکییان دژی ئەو یەکینەیە ئەنجامدا، کە لە ئەنجامیدا چوار داگیرکەر سزادران، سوپای تورک ئێوارەری هەمان ڕۆژ کوژراوەکانی لە ناوچەکە دوور خستەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ڕۆژی ٥ی ئەم مانگە، کاتژمێر ٠٧:٠٠ی بەیانی، کاتێک داگیرکەران ویستیان لە گردی سیپانەوە بەرەو گردی کارتال پێشڕەویی بکەن، لەلایەن گەریلاوە کرانە ئامانج و دوو داگیرکەر سزا دران و یەکێکی دیکەش برینداربوو، دوای چالاکییەکە سوپای داگیرکەری تورک بە هێلیکۆپتەر کوژراو و بریندارەکانی لە ناوچەکە دوورخستووەتەوە، هەروەها سوپای تورک لە ناوچەکەدا دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی داگیرکاریی کرد، پاشان ئۆپەراسیۆنەکەی ڕاوەستاند لە کاتژمێر ٠٥:٣٠ خولەکی ئێوارە و لە ڕۆژی یەکەمدا کشایەوە.

هەپەگە جەختیشکردەوە، هێزەکانمان لە هەفتانین بە بۆنەی جەژنی نەتەوەیی ژیانەوەی ١٥ی تەباخ، چالاکییەکیان ئەنجامدا و شەش داگیرکەریان سزادا و داگیرکەرێکشیان بریندارکرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هەروەها هاتووە: ڕۆژی ٦ی ئەم مانگە، کاتژمێر ٠٣:٣٠ خولەکی دوانیوەڕۆ، هێزەکانمان لە مەیدانی گردی سۆری ئاڤاشین، سوپای داگیرکەری تورکیان کردە ئامانج، کە دەیانویست سەنگەر دروستبکەن، بەمەش پاشەکشەیان پێکرا، هەروەها هەمان ڕۆژ کاتژمێر ٠٤:٣٠ خولەکی ئێوارە، هێزەکانی یەژاستار لە دژی هێزە داگیرکەرەکان، لە قەڵای زاپ بە چەکی قورس چالاکییان ئەنجامدا.

لە بەردەوامیی هاتووە: سوپای تورک لە بەرامبەر بەرخۆدانی گەریلاکانی ئازادی کوردستان ئەنجام بەدەستناهێنێت، بۆیە زیاتر گازی کیمیایی لە دژی تونێلەکانی شەڕ بەکاردێنێت و بەمەش بەردەوامە لە تاوانەکانی شەڕ، لە ڕۆژی ٦ی ئەم مانگە، کاتژمێر ٠٥:٠٠ بۆ ٠٧:٠٠ی ئێوارە، گازی کیمیایی لە دژی تونێلەکانی شەڕ لە وەرخەلێی ئاڤاشین بەکارهێناوە، هەمان ڕۆژ کاتژمێر ٠٩:٠٠ی شەو بە تەقەمەنی هێرشکرایە سەر تونێلەکانی شەڕ لە هەرێمەکە و جموجۆڵێکی گەورەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیش بینرا.

ئەوەش خراوەتەڕوو؛ لە ٥ی ئەم مانگە، گردی شەهیدان لە هەرێمی خواکورک خواکورک، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکەوە، بۆردوومان کراوە، هەروەها ٦ی ئەم مانگەش، هێلیکۆپتەرەکانی سوپای تورک بەسەر مەیدانەکانی مەرڤانۆس، تابوری عەرەبان و بەستای ئاڤاشین، سوڕاونەتەوە و ناوچەی گردی سۆریان، بە چەکی قورس بۆردومان کرد.

لە کۆتاییشدا هاتووە: ڕۆژی ٧ی ئەم مانگە، لەنێوان کاتژمێر ٠٣:٠٠ بۆ ٠٥:٠٠ بەیانی، گوندەکانی هرۆرێ، دەرار و کێستەی سەربە کانی ماسیی ئەمێدی، لە بنکەکانی سەر سنووەوە تۆپباران کران.

ف.ق