چارەنوسی ٣ ئەندامی رژاک نادیارە کە دوێنێ لەلایەن پەدەکەوە دەستگیرکراون

دوو ئەندامی دەستەی بەڕێوبەریی و ئەندامێکی ڕژاک کە بەشدارییان لە مەراسیمی بیرهێنانەوەی شەهیدانی فەرمان کردبوو، لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە دەستگیرکراون و چارەنووسیان نازاندرێت.

دوێنێ دوو لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی و ئەندامێکی دیکەی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- ڕژاک، کە بۆ بەشداریی لە مەراسیمی بیرهێنانەوەی شەهیدانی فەرمان، چووبوونە شەنگال، لەکاتی  گەڕانەوەدا، لە بازگەیەکی هێزەکانی ئاسایشی پەدەکە لە ڕێگای چوونە ناوەوەی هەولێر دەستگیرکران.

بەپێی ئەو زانیارییانەی ڕۆژنیوز لە بەڕێوبەرانی ڕژاک وەریگرتووە، ئاسایشی هەولێر تا ئێستا “خەولە محەمەد حەسەن، جوانا عەبدولباقی و سەیران ئەحمەد حەسەن”ـیان سەربەست نەکردووە و سەرەڕای نیگەرانیی خانەوادەکانیان، ئاسیایشی هەولێر زانیارییەکی لەسەر چارەنووسی ئەو ئەندامانەی ڕژاک بە خانەوادەکانیان نەداوە.

جێگای ئاماژەیە، دوو لەو ئەندامانەی ڕژاک کە لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە دەستگیرکراون، دایکن و منداڵەکانیان نیگەرانن بۆ دۆخ و چارەنووسی دایکیان.

ف.ق