دانیشتوانی قەڵادزێ لە دژی شەڕێکی چاوەڕوانکراو رژانە سەر شەقامەکان

دانیشتوانی قەزاى قەڵادزێ لە ئیدارەی راپەڕین لە دژی ئەگەری روودانی شەڕی ناوخۆیی بەهۆی هەڵسوکەوتەکانی پارتییەوە، چالاکییەکیان ئەنجامدا و داوایانکرد، کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن.

دانیشتوانی قەزای قەڵادزێ لە ناو بازاڕی شارەکەیاندا لە دژی ئەگەری روودانی شەرێ خۆبەخۆی کورد بە کورد چالاکییەکیان ئەنجامدا.

لە چالاکییەکەدا راگەیاندراو خوێندرایەوە و راگەیاندرا، دوژمنانی گەلی کورد لە هەوڵدان جارێکیتر شەڕی ناوخۆیی لە ناو کورددا دروست بکەن. ئەگەر هەر ئاڵۆزی و شەڕێک روو بدات هەموو لایەنەکان زیانیان پێدەگات.

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەرکێکی ئەخەلاقی و ئایینی دەکوێتە سەر شانی مامۆستایانی ئایینی، کە لە خوتبەکانیاندا ئەوە بۆ گەل روون بکەنەوە، کە شەڕی ناوخۆیی ماڵوێرانی و زیانی بۆ گەلی کورد دەبێت.

لە راگەیاندراوەکەدا داواش لەهەموو لایەنەکان کراوە، کە کێشەکان لە رێگەى دیالۆگەوە چارەسەر بکرێن و چەک بێدەنگ بکرێت و گەلی کوردیش رێگە لە روودانی شەڕی ناوخۆ بگرێت.

ژ.ت