داود قەرەسوو یەکێک لە فەرماندەکان هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لەبارەی هەڵمەتی ١٥ی تەباخەوە رایگەیاند، هەڵمەتی ١٥ی تەباخ رۆژێکی ئاسایی نییە و راشیگەیاند، "پێش هەموو شتێک جەژنی ژیانەوە لە رێبەر ئاپۆ، گەلەکەمان و هاوڕێیانی زیندان و چیا پیرۆز دەکەم. لە کەسایەتیی فەرماندەی گەورە هەڤاڵ عەگید دا بە رێزەوە یادی هەموو شەهیدانی کوردستان دەکەمەوە. هەڵمەتی ١٥ی تەباخ نەک تەنها چالاکییەکی سەربازی، بەڵکو هاوکات چالاکییەکی ئایدۆلۆژی، رۆشنبیری و مێژوویی بوو. سەرلەنوێ ژیانەوەى گەلی کورد بوو لە لێواری توانەوە و لە ناوچووندا. رێبەر ئاپۆ، گەلی کوردی سەرلەنوێ هێنایەوە سەرخۆی، هەنگاو بە هەنگاو بەرەو سەرکەوتنی برد.
دوژمنی خواستی بە کودەتای ١٢ی ئەیلول بۆ جارێکیتر گەلی کورد لە ناو ببات. ئامانجی دەوڵەتی تورک و گلادیۆی ناتۆ ئەوە بوو. لە دژی ئەوەش لە زینداندا بەرخودانێکی گەورە بەڕێوەچوو. هەڵمەتی ١٥ی تەباخ بووە هۆکاری ئەوە، کە گەلی کورد لە هەموو شوێنەکاندا راپەڕن و بەرامبەر بە دوژمن بوەستنەوە. هەڵمەتی ١٥ی تەباخ بە مانای کوشتنی ترسە. کەسایەتییەکی نوێ ئافرێنرا، کە لە مردنەوە ژیانی ئافراندەوە. هەڵمەتی ١٥ی تەباخ بۆ پێشەنگایەتیی هاوڕێ عەگید لەسەر هێڵی رێبەر ئاپۆ پێکهات و بناغەى بنەڕەتیی بەرەنگاری و بەرخودانی داڕشت. بە دڵنیاییەوە ئەو بەرخودانە سەردەکەوێت. کەسایەتیی فیدایی ئاپۆیی لە هەموو شوێنێکی جیهاندا دەبێتە نمونە بۆ مرۆڤایەتی. تێکۆشانی ئێمە، کە دوژمن پێی دەگوت، 'ئێمە لە ٢٤ کاتژمێردا کۆتایی پێدەهێنین'، بەڵام ئەوەتا تێکۆشانی ئازادیی کوردستان ٣٧ ساڵی لە دوای خۆی بەجێهێشت و دەستی بە ٣٨هەمین ساڵی تێکۆشانەکەى کردووە.
دەوڵەتی تورک، کە ئیرادەی بەرامبەر بە گەریلا تێکشکابوو، بە هاوکاریی ناتۆ و هێزە ئیمپریالیستەکان لەسەر پێ خۆی هێشتەوە، بەڵام هیچ شانسێکی بۆ سەرکەوتن نییە. ئێمە بە فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ لەسەر رێگاکەى هەڤاڵ عەگید بەرەو سەرکەوتن دەڕۆین. ئەمڕۆش لە حەفتانین تاوەکو خواکورک، لە دێرسیم تاوەکو سەرحەد، لە ئامەد تاوەکو بۆتان و زاگرۆس بەرخودانی گەریلایی بەردەوامیی هەیە. لە دژی درۆکانی دوژمن، کە دەڵێت، 'پەکەکە کۆتایی پێهاتووە' پەکەکە لە ئاستی جیهاندا پێشەنگایەتیی بۆ ئازادی دەکات. تۆوی بەرخودان بە هەڵمەتی ١٥ی تەباخ چێنراوە. ئێمە جارێکیتر جەژنی ژیانەوە لە گەریلاکانی سەر چیاکان و گەلان پیرۆز دەکەین".
ژ.ت