دایکی زەینەب جەلالیان: دەمەوێت بچم کچەکەم ببینم

دایکی زەینەب جەلالیان، گوزەل جەلالیان رایگەیاند، کە ١٥ ساڵە کچەکە زیندانیە و بە هیچ جۆرێک زانیاری لەبارەوە نازانێت و وتی: "کچەکەم ١٥ ساڵە زیندانیە، هێشتا نەمبینیوە. بردویانە و دووریان خستوەتەوە نازانم ماوە یان نەماوە. من دەمەوێت بچم کچەکەم ببینم".

بەپێی سەندیکای زیندانیانی سیاسی جەلالیان دورخراوەتەوە بۆ زیندانی یەزد و لە مانگی ئایاری ساڵی رابردووەوە هیچ زانیارییەک لەباریەوە نازانرێت. کاربەدەستانی ئێرانیش بۆ ئەوەی شوێنپێی جەلالیان ون بکەن و شوێنبزری بکەن ئەویان بردوەتە یەزد، کرماشان، ورمێ و لە کۆتاییشدا جارێکیتر بردوویانەتەوە بۆ یەزد. بەڵام لەئێستادا زانیاری لەبارەیەوە نییە. دایکی زەینەب جەلالیان، گوزەل جەلالیان بۆیەکەم جار لە بارەی کچەکەیەوە قسەی کرد و داواکاری ئاراستەی مافناسان و بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ کرد.

'من بنێرنە لای کچەکەم'

گوزەل جەلالیان باسی لەوەکرد، کە ١٥ ساڵە کچەکەی زیندانیە و بە هیچ شێوەیەک زانیاری لەبارەوە نازانرێت و بەم جۆرە دووا: "زەینەب جەلالیان ١٥ ساڵە زیندانیە. هێشتا دایکی نەیبینیوە. ناهێڵن پارێزەر بچن و چاویان پێی بکەوێت. من دایکی زەینەبم. پیر بووم. هەرچی دەکەم ناتوانم بچم کچەکەم ببینم. کارێکم بۆ بکەن و من بنێرن بۆ لای کچەکەم. من پیر بووم، من ناتوانم بچمە سەردانی".

' من ١٥ ساڵە کچەکەمم نەبینیوە'

دایکە گوزەل داوای لە دەوڵەت کرد و وتی: "دەبێت دەوڵەت بۆ مرۆڤی روون بکاتەوە. کچەکەم ١٥ ساڵە زیندانیە، هێشتا من نەمبینیوە. بردوویان دووریان خستوەتەوە من نازانم ماوە یان نەماوە. دیسان تووشی کۆرۆنا بووە، ئاگامان لێی نییە. پارێزەرەکانیش دەچن ناهێڵن چاویان پێی بکەوێت. ئێمە دەمانەوێت روونکردنەوەمان پێ بدەن. دەمەوێت بچم کچەکەم ببینم. بەڵام کچەکەم پێنادەن. نازانم چۆنە. ١٥ ساڵ دەبێت کە نەمبینیوە".

'ئەوە چ ستەمێکە لە منی دەکەن'

دایکە گوزەل، کاردانەوەی بەرامبەر بە کاربەدەستان دەربڕی و وتی: "ئەوە ستەمە. ئەوە چ ستەمێکە لە منی دەکەن. کچەکەم هیچی نەکردوە. ئەوەندە دوورتان خستوەتەوە، بردووتانە و خستوتانەتە زیندانەوە. باوکی نابینایە، دایکی پیرە. ناتوانم بچم بیبینم. دەمەوێت مافی مرۆڤ دۆخی کچەکەم روون بکاتەوە. هیچ تاوانێکی نییە. نایانەوێت دایک و باوک و براکانی بچن بیبینن. ئێمە نازانین تاوانی ئەو چییە. هیچ تاوانێکیشی نییە. لە ئێران زیندانی پیشانی دایکی نادەن. دەبێت مافی مرۆڤ دۆخەکەمان بۆ روونبکاتەوە. زەینەب جەلالیان ١٥ ساڵە زیندانیە کەی رەوایە. ١٥ ساڵ تەمەنێکە. تەمەنی کچەکەم رۆیشت. لە گرتووخانەدا رزا. بێ تاوانە".

هـ . ب