دەبەپە: چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتی کۆمەڵایەتی پێویستی بە تێکۆشانە
ئەنجوومەنی دەبەپە ئەنجامنامەی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا کرد، ڕایگەیاند چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتی کۆمەڵایەتی پێویستی بە تێکۆشانی پێداگرانەیە.
ئەنجوومەنی دەبەپە ئەنجامنامەی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا کرد، ڕایگەیاند چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتی کۆمەڵایەتی پێویستی بە تێکۆشانی پێداگرانەیە.
ئەنجوومەنی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) ئەنجامنامەی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا کرد کە ١٤-١٥ ی حوزەیران لە ئامەد ئەنجامیدا.
لە ئەنجامنامەکەدا دووپاتکراوەتەوە، چارەسەری پرسی کورد ئایندەی هاوبەشی گەلانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاری دەکات. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هێڵی چالاکی قۆناغی نوێ کرا، جەختکرایەوە لە بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا ژنان تەنها بریکار نین، بەڵکو هێزی بنیاتنەرن.
ئاماژە بەوە کرا، لەم سەردەمەدا سیستەم لە هەموو لایەکەوە شەڕی تایبەت درێژە پێ دەدات، تێکۆشانی ڕێکخراوی ژنان هەم ڕێگەی زیندووکردنەوەی بەهاکانە و هەم بەهێزترین ڕێگەی بەکۆمەڵایەتیکردنەوەیە. ژنانی کورد دەبێت لە هەموو گۆڕەپانێک پێشەنگایەتی بکەن و بە بەرپرسیارێتی خۆیان هەستن و خاوەنداری لە بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر ئاپۆ بکەن و خۆڕێکخستن مەزن بکەن.
جەختکرایەوە ئیتر گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە ڕۆڵی بنیاتنەری سیستەمی دیموکراتیک دەگێڕێت.
تیشکی خستەسەر هێرشەکانی ئیسرائیل و ڕایگەیاند وا دیارە ئیسرائیل دەبێتە هێزی هەژموونداری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوسەنگی هێز لە هەرێمەکە بگۆڕێت. لەم سەردەمەدا ئەوە یەکلاکەرەوەیە، کە گەلی کورد لەکوێ دەوەستن، ڕێککەوتنی چۆن دەبەستن، لەسەر کام زەمینە داخوازییەکانیان بۆ نەتەوەی دیموکراتیک دەپارێزن. لەسەر ئەم بناغەیە عەقڵی ستراتیژی تەڤگەری کورد، نەوەک تەنها پاراستن، بەڵکو لەڕووی بنیاتنانی هێڵی سیاسییەوە بنیاتنەرە و چارەسەرخوازی مێژووییە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، پەیوەست بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، خەباتی جددیی ئەنجام دەدرێت و کۆمەڵگە چاوەڕێیە دەوڵەت هەنگاوبنێت. پرسی کورد تەنها دەتوانرێت لەسەر بناغەی دیموکراتیکبوون چارەسەر بکرێت. بەمەش بەرپرسیارێتی مەزن دەکەوێتە سەر هەموو پارت و ڕێکخراوە دیموکراتیکەکان. پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، نە تەنها دیالۆگی دەوڵەت و تەڤگەری کوردە، هاوکات دەبێت وەک هەنگاوی دیموکراتیکبوون ببینرێت.
جەختکرایەوە، ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرلەنوێ دەنووسرێتەوە، گەلی کورد گەیشتووەتە قۆناغی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی و سەرچاوەی سەرەکی ئەم هێزەش ئیرادەی گەلی ڕێکخراوە. لەکۆتاییدا دەڵێت: "چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتی کۆمەڵایەتی پێویستی هەلوێستی بەهێزی گەل و تێکۆشانی پێداگرانەیە. دەبێت دەوڵەت بە بەرپرسیارێتی مێژووییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرۆسەیە بکات و بێ دواکەوتن بەرپرسیارێتییە یاسایی و سیاسییەکانی جێبەجێ بکات. چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد ئایندەی هاوبەشی گەلانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاری دەکات. بۆیە دەبێت هەمووان، هەموو ڕێکخراو و لایەنێکی سیاسی بەم بەرپرسیارێتییەوە بجووڵێتەوە".