ده‌به‌په‌ به‌رامبه‌ر بڕیاری ده‌سه‌ڵات له‌ دژی ساڵیحه‌ ئایده‌نیز وه‌ستایه‌وه‌

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ده‌به‌په‌ بڕیاری زه‌وتكردنی مافی پارێزبه‌ندی په‌رله‌مانتاریی ساڵیحه‌ ئایده‌نیزی شه‌رمه‌زار كرد و رایگه‌یاند، "ئێمه‌ گۆڕه‌پانی تێكۆشانمان گه‌وره‌تر ده‌كه‌ین و ده‌مێنینه‌وه‌".

ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی پارتی هه‌رێمه‌ دیموكراتیكه‌كان (ده‌به‌په‌) په‌یوه‌ست به‌ ئاماده‌كردنی راپۆرت بۆ زه‌وتكردنی مافی پارێزبه‌ندی په‌رله‌مانتاری له‌ هاوسه‌رۆك گشتیی ساڵیحه‌ ئایده‌نیز له‌ ناوه‌ندی گشتیی پارته‌كه‌ كۆنفرانسی رۆژنامه‌وانی ساز كرد. وێڕای ئه‌ندام و به‌ڕێوه‌به‌رانی هه‌ده‌په‌ هه‌روه‌ها هاوسه‌رۆكی لقی ئامه‌دی كۆمه‌ڵه‌ی یاسانان له‌ پێناو ئازادی (ئۆهه‌ده‌) پارێزه‌ر ئۆزوم ڤورگونیش به‌شداری كۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌یان كرد.

یاریده‌ده‌ری هاوسه‌رۆكی گشتیی ده‌به‌په‌ گوڵشه‌ن سینجار له‌ كۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا قسه‌ی كرد له‌ سه‌ره‌تادا د.ئه‌كره‌م كاراكایا كه‌ دوێنێ له‌ كۆنیا كوژرا و پارێزه‌ر سه‌روه‌ت باكرتاش كه‌ له‌ ئیسته‌نبوڵ كوژرا، به‌ بیریهێنانه‌وه‌.

سینجار به‌ بیریشی هێنایه‌وه‌ كه‌ زیاتر له‌ هه‌زار و ٦٠٠ یادداشت خراونه‌ته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان هه‌زار و ٣٠٠یان له‌ به‌رامبه‌ر په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په‌یه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ له‌ دژی ساڵیحه‌ ئایده‌نیز ٧٨ یادداشت راده‌ستی په‌رله‌مان كراوه‌".

'ئێمه‌ سه‌رده‌كه‌وین'

سینجار هه‌روه‌ها زه‌وتكردنی مافی پارێزبه‌ندی په‌رله‌مانتاری په‌رله‌مانتارانی ده‌پ و زیندانیكردنی په‌رله‌مانتارانی به‌ بیرهێنایه‌وه‌ و باسی له‌وه‌كرد كه‌ ئێستا ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی له‌ دژی له‌یلا گوڤه‌ن، موسا فارسئۆگیولاری و سه‌مرا گوزه‌ل نیشاندرابوو له‌ كه‌سایه‌تی ئایده‌نیز به‌رده‌وامه‌.

سینجار وتی، "به‌ هێز و وره‌ كه‌ له‌ گه‌لمان وه‌رگرتووه‌ ئێمه‌ درێژه‌ به‌ كاره‌كانمان ده‌ده‌ین. ئێمه‌ ره‌خنه‌ له‌ په‌رله‌مان ده‌گرین كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ بێده‌نگه‌. ئێمه‌ ده‌زانین كه‌ ئه‌و بڕیاره‌ یاسایی نییه‌، سیاسیه‌ و هه‌وڵ ده‌ده‌ن تێكۆشانی ئێمه‌ به‌ تاوانبار بناسێنن، به‌و جۆره‌ رێگه‌ی سیاسه‌ت به‌رووی ئێمه‌ داده‌خه‌ن. ئێمه‌ پێكهاته‌كانی سیاسه‌تی دیموكراتیك، شۆڕشگێڕ و ژن، به‌و هێزه‌ی له‌ ره‌وابوونی خۆمان وه‌رمانگرتووه‌ درێژه‌ به‌ تێكۆشانمان ده‌ده‌ین".

سینجار باسی له‌وه‌رد، "پارته‌كانی تر كه‌ هه‌مان مێشك و بیركردنه‌وه‌یان هه‌بوو و پێشتر له‌ تاریكی مێژوودا ونبوون، ئاكه‌په‌ش له‌ناو ده‌چێت" و به‌م جۆره‌ به‌رده‌وام بوو، "وه‌ك هێزه‌كانی مۆدێرنیته‌ی دیموكراتیك و دامه‌زراوه‌ سیاسیه‌كانی، ئێمه‌ بواری تێكۆشانمان فراوانتر ده‌كه‌ین و هه‌ر ده‌مێنینه‌وه‌، ئێمه‌ سه‌رده‌كه‌وین".

ئۆزوم ڤورگونیش باسی له‌وه‌كرد، كه‌ ئه‌وه‌ی كراوه‌ ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر دادوه‌رییه‌ و جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ به‌كارهێنانی دادگا وه‌ك چه‌كێك ده‌ریده‌خات كه‌ دادگاكان سه‌ربه‌خۆ نین. ئۆزوم ڤورگون وتی، "هه‌ڵگرتنی مافی پارێزبه‌ندی په‌رله‌مانتاری به‌ واتای هه‌ڵگرتنی مافی بنچینه‌یی سیاسییه‌. هێرشه‌كان له‌ به‌رامبه‌ر ساڵیحه‌، سه‌مرا و په‌رله‌مانتارانی دیكه‌، ئێمه‌ قبوڵیان ناكه‌ین و په‌یوه‌ندییان به‌ یاساوه‌ نییه‌. هه‌ر كه‌ كاتی هات ئه‌وان زیاتر پێویستیان به‌ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری ده‌بێت".

هـ . ب