'دەرکەوت کە گەلانی رۆژهەڵات و ئێران دەتوانن چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن'

ئەندامی راگەیاندنی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان کاویان کامدین ئاماژەی بەوەکرد، کە گەلانی رۆژهەڵات و ئێران خوازیاری ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیکی نوێن و وتی، "دەرکەوت کە گەل دەتوانێت چارەنووسی خۆی دیاری بکات".

ئەندامی راگەیاندنی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان کاویان کامدین لە بەرنامەی لاپەڕەی رادیۆی گەلدا لەبارەی هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر خۆپیشاندەران و چالاکییەکانی دژی سیستم لە رۆژهەڵات و ئێران قسەی کرد.

کاویان کامدین لە سەرەتادا شەهیدانی شۆڕشی رۆژهەڵاتی کوردستانی بە بیرهێنایەوە و وتی، "لە کەسایتەی ژینادا، سەری خۆمان لەبەرامبەر یادی هەموو ئەو کەسانەی کە لەپێناو ئازادیدا گیانیان بەخشی، دادەنەوێنین. ئێمە ئەوان دەکەینە رێنیشاندەری شۆڕشی یەکسانی و ئازادی لە ئێران".

'ئەم شۆڕشە بە نرخە'

کاویان کامدین ئەوەشی خستەڕوو کە لەم سێ مانگەدا لە بست بە بستی ئێران، لە کوردستان، ئازەربایجان، بەلوچستان، لەهەموو شارو ناوچەکانی ئێران شۆڕش، بەرخودان و سەرهەڵدان ئەنجامدراوە و وتی، "لەهەموو شوێنێک شەهیدمان هەیە. شەهیدانی کورد، ئازەری، فارس، لە هەرنەتەوە و هەر بیر و باوەڕێک بەشداربوون و شەهیدیان بەخشیوە. هەمووان لە پێناو ئازادیدا باج و قوربانی گەورەی مرۆڤ، کە گیانیانە بەختیان کرد. لەبەر ئەوە ئەم شۆڕشە بەنرخە".

'گەل هیوای ژیانێکی نوێ، دیموکراتیک و ئازاد بە مرۆڤ دەبەخشێت"

لە درێژەی قسەکانیدا کاویان کامدین باسی پێشەنگایەتی گەلی بۆ شۆڕشەکە کرد و بەم جۆرە درێژەی پێدا:

" دڵمان لەگەڵ هەستی وشیاربوونەوەی گەلانی رۆژهەڵات و ئێرانە. لەگەڵ ئاستی وشیاری ژنان و گەنجانە. یەک لە دووەمین دەستکەوتی گەورەی ئەم شۆڕشە چییە؟ وشیاریی گەلە. ئەمە بە دروشمەکانیان و بە شێوازی مامەڵەیان لە بەرامبەر دەوڵەتدا دیارە. هێندەی ئەوەی بەوە دڵخۆشم، بە مامەڵەی حزبەکانی ئێستا دڵخۆس نیم. لە رێکخستنەکان رازی نیم لەبەر ئەوەی شتێکی کلاسیکی و دوبارە بوونی هەیە".

کاویان کامدین دەستنیشانی کرد کە گەل هیوای ژیانێکی نوێ، ئازادتر و دیموکراتیک تر بە مرۆڤ دەبەخشێت و وتی، "فارسێک یاخود لە نەتەوەکانیتر هەرچەندەش داگیرکەری و چەوساندنەوە هەست بکەن، کورد دوو هێندەی ئەوان هەستی پێدەکات. لەبەر ئەوەی رژێمەکانی ئێران هەرگیز کوردیان وەک بەشێک لە ئێران نەبینیوە و بەردەوام کورد پەراوێز و گۆشەگیرکراون. پرش و بڵاوکراونەتەوە، سەرکوت و کوشتار بەرامبەریان کراوە. ئەمە بەو واتایەیە کە ئەگەر ئێوە جارێک لە تاران ستەم دەکەن، لە کوردستان ٢ جار ستەم دەکەن. ئەم قووڵبوونەوەی گەل بەو واتایە دێت کە لەو جیاوازیە تێدەگات و هەستی پێدەکات".

لە کۆتایی قسەکانیدا کاویان کامدین دەستنیسانی کرد کە گەلی رۆژهەڵات وئێران زیاتر ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و حزبە دەسەڵاتخوازەکان دەناسێت و وشیارە و بە گوێرەی ئەو وشیارییە دەجوڵێتەوە.

کاویان کامدین لەوبارەوە وتی، "لە حزبەکان باشتر جیهان دەخوێننەوە. تا ئاستێک پێشەنگایەتی دەکرێت. دیاربوو کە گەل دەتوانێت بۆ خۆی چارەنوسی خۆی دیاری بکات. گەل پێویستە ئەوە بکات. خۆی پێشەنگەکانی خۆی دیاری بکات. گەل پێشەنگی خۆی، رێبەری خۆی دروست کرد. ئەنجامی ئەم شۆڕشە ئەوە بوو کە ژنان و گەنجان رێبەرن. رێبەرایەتی خۆپیشاندان و شۆڕش دەکەن. بە گوێرەی ئەوانە تاکتیک، ستراتیژی دەخوڵقێنێت و دەستنیشانی دەکات کە چۆن و کەی دەجوڵێتەوە. لە خۆبەرێکخستنکردندا لاوازی هەیە. لەبەرامبەر هێزێکی وەک دەوڵەت کە بە هەموو شێوەیەک رێکخراوە، بە تێپەربوونی کات مرۆڤ دەتوانێت زیاتر راوەستەی لەسەر بکات و چارەسەری بکات".

هـ . ب