"دەسەڵات ناچارە نیگەرانیەکان نەهێڵێت"

نوران ئیمیر پەرلەمانتاری هەدەپەی شرنەخ ئەو پرسیارەی کرد، "ئەوەی لە ئیمرالی دەشاردرێتەوە چییە؟" و وتی: "دەسەڵات ناچارە داواکاریی پارێزەران و بنەماڵەکانمان بۆ چاوپێکەوتن قبوڵ بکات و کۆتایی بە نیگەرانی ملیۆنان کەس بهێنێت".

نوران ئیمیر پەرلەمانتاری هەدەپەی شرنەخ ڕایگەیاند، داواکارییان بۆ بینینی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە وەزارەتی داد کردووە، بەڵام تا ئێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە.

نوران ئیمیر پەرلەمانتاری شرنەخی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە)  قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد ئیمیر لەبارەی ۆخی زیندانەکانی دەوڵەتی تورک وتی: "ئاکەپە لە قەیرانێکی ئابووری و سیاسیدایە. بۆ داپۆشینی ئەو قەیران و گێژاوەی خۆی هەم لەسەر ئاستی ڕای گشتیی نێونەتەوەیی و هەم لە هەر چوارپارچەی کوردستان و زیندانەکاندا سیاسەتێکی یەکپارچەیی دوژمنکارانە  بەرامبەر بە کورد پەیڕەو دەکات. ئێستا لە زیندانەکاندا چەندین شێوازی ئەشکەنجەدان بە شێوەی سیستماتیک و بەرنامە بۆ دانراو لە دژی زیندانیان بەڕێوەدەچێت. پێشتر لە ژمارەیەک لە زیندانیان و لەگەڵ هەندێک لە بەڕێوەبەرەکانیاندا کێشە هەبوو، بەڵام ئەمڕۆ زیاتر گۆشەگیری توندتر مامەڵە لەگەڵ زیندانەکان دا دەکرێت. دەسەڵاتی ئاکەپە سیاسەتی نکۆڵیکردن، لەناوبردن و شەڕ بە شێوەیەکی بێباک پەیڕەو دەکات، ئەوەش لە زیندانەکانەوە بۆ سەر شەقامەکان و بۆ ناو پەرلەمان پەیڕەو دەکات".

ملیۆنان کەس نیگەرانن

ئیمیر ڕاشیگەیاند، گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان زۆر دوورە لە عەقڵ و هەموو پێوەرەکانی تێپەڕاندووە و وتیشی: "ملیۆنان کەس بۆ تەندروستیی بەڕێز ئۆجالان و نەبوونی زانیاری لەبارەیانەوە، کە ماوەی ٢١ مانگە هیچ هەواڵێکی نییە لە  ترس و نیگەرانیدان. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی له ئیمراڵی ڕوودەدات داوای چاوپێکەوتنمان کردووە. ماوەیەکی زۆرە زانیاری لە بەڕێز ئۆجالانەوە نییە، بۆیە ئێمەی کۆمەڵگە زۆر لە دۆخە نیگەرانین. لە ئیمرالی چی ڕوودەدات، چی لە بنەماڵە، پارێزەران و کۆمەڵگە دەشاردرێتە؟ وەک ئەوەی ئەمە بەس نەبێت، هەمیشە  لە دژی بەڕێز ئۆجالان شتی چەواشەکارانە و گوماناوی بڵاودەکەنەوە. هەوڵمان ئەوەیە ئەو چەواشەکاری و گومانانە بڕەوێنینەوە، دەسەڵات ناچارە داواکارییەکانی پارێزەران و بنەماڵە و ئێمە بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن قبوڵ بکات و بەمشێوەیە نیگەرانییەکان بڕەوێنێتەوە. هەروەها پێویستییەکیشە، کە لە لایەن کۆمەڵگاوە داوا دەکرێت. ئیمە داواکارییەکی وامان لە وەزارەتی داد کردووە، بەڵام تا ئێستا وەڵامێکی ئەرێنی و نەرێنیمان وەرنەگرتووەتەوە".

'زوو یان درەنگ بە دڵنیاییەوە ناچار دەبن دەرگاکان بکەنەوە'

ئیمیر ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی کۆتایی بەو بنبەستە بهێنرێت، کە بۆ کێشەی کورد دروستکراوە، پێویستە و دەبێت بە ناچاری جارێکیتر  ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بگەڕێتەوە و دەست بە هەوڵەکانی بکات و وتی: "پێویستە دەستبەجێ زانیاری لە بەڕێز ئۆجالانەوە وەربگیرێت. ئەمە تەنیا داوای ئێمە نییە، بەڵکو داوای گەلی کوردە. دەبێت دەستبەجێ چاوپێکەوتن ئەنجام بدرێت. لە چوارچێوەی یاساییدا، ئێمە هەموو شێواز و رێگایەک دەگرینە بەر. زوو یان درەنگ ئەم دەسەڵاتە ناچار دەبێت دەرگاکانی ئیمرالی بەڕووی بنەماڵەکانمان و ئێمە و پارێزەرەکانماندا بکاتەوە. دەسەڵات پشتیوانی لە ئاژاوە و قەیران و گێژاو دەکات و بە سیاسەتی جەنگ هەبوونی خۆی دەپارێزێت، بۆیە دەیەوێت هەر سیاسەتێک بۆ چارەسەری بێت لەناوی ببات و دەیەوێت خۆی وەک تاکە ئەڵتەرناتیڤ نیشان بدات. ئەگەرنا دەسەڵات خۆی دەزانێت، کە کۆتایی کۆتایی دا چاسەرەکردنی کێشەی کورد بە دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان دەبێت".

ژ.ت