دەسەڵاتداری تورک لە دژی هەبوونی کوردە

نوسەر و لێکۆڵەری سیاسی لە باشووری کوردستان فرسەت دۆسکی وتی، دەوڵەتی تورک نەک بە تەنها لە دژی پارت و ڕێکخستنە کوردییەکانە، بەڵکو بە تەواوەتی دژی هەبوونی کوردانە.

نوسەر و لێکۆڵەری سیاسی فرسەت دۆسکی باسی لەوەکرد حکومەتی ئەرد‌ۆغان بە بێ جیاوازی هەڕەشە لەسەر هەموو بەشەکانی کودستان دەکات.

دۆسکی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد و ئەوەی بیرهێنایەوە کە مێژووی کوردستان پڕن لە شکست و عەقڵیەتی داگیرکاری کە دەتوانرێت وانەیان لێوە وەربگیرێت و وتی: "لە ئێستادا دەسەڵاتداری تورک هەڕەشەیە لەسەر ڕۆژئاوا و خواستی لەناوبردنێتی. بە دڵنیاییەوە ئەمە بەتەنها لە دژی هەرێمێکی کوردان نییە، بەڵکو هەڕەشەیە لەسەر هەبوونی گەلی کورد."

دۆسکی دەستنیشانیکرد نابێت دژایەتیکردنی دەسەڵاتداری ئەردۆغان بە تەنها لە دژی پەکەکە یان یەپەگە هەڵسەنگێندرێت و جەختی لەوەکردەوە دژایەتیکردنی دەوڵەتی تورک لە ڕۆژئاوا لە دژی هەبوونی کوردانە. دۆسکی وتی: "گرنگ نییە کام پارت، ڕێکخستن و کەسایەتیییەکی کورد بێت، ئەم ڕژێمە لە دژی هەموو شتێکی کوردە." دۆسکی بانگەوازی لە کوردان کرد لەم ساتەدا کە هێرش و ئاڵۆزییەکی زۆر لەسەر ڕۆژئاوا هەیە، پێویستە کوردان جیاوازی و فرەچەشنی خۆیان بخەنە لایەکەوە و هەڵوێستی هاوبەش نیشان بدەن.

نەمانکەن بە قوربانی بەرژەوەندییە حیزبییەکان

دۆسکی دەسنیشانیکرد پاراستنی دەستەکەوتەکانی ڕۆژئاوا لە ئاستی ژیانیدا گرنگە و ئەمەی وت: "ئەو دەستکەوتانەی بە خوێنی گەل و شەهیدانانمان بەدەستهێنراوە، نەکرێنە قوربانی بەرژەوەندییە شەخسی و حیزبییەکان. خیانەت لە فیداکاری شەهیدانمان نەکەین. مێژوو هیچ کاتێک خیانەت لەبیرناکات."

دۆسکی دەستنیشانیکرد، کاتەکە هی ئەوەنییە باس لە جیاوازیییەکان بکرێت لە ڕۆژئاوادا و جەختیکردەوە لەوەی پێویستە کورد بە یەکگرتووییەوە بچێتە شام، سیاسەتی هاوبەش بەڕێوەبەرێت و گوتی، یەکێتی مەرجە بۆ پاراستنی مافەکانی گەلی کورد.

با ئاڵۆزی نوێ نەیاتە ئاراوە

دۆسکی ئەوەشی خستەڕوو، کە دەبێت گەلی کورد ڕێگە نەدات بە پێکهێنانەوەی پەیمانێکی دیکەی لۆزان و وتی: "نابێت جارێکی دیکە قوربانی، هیوا و ئازارەکانی گەلەکەمان بکرێتە قوربانی ناکۆکییە شەخسییەکان. تەنها یەکگرتووی زامنی ئازادییمانە."

لە دەووری بانگەوازییەکی مەزڵوم عەبدی کۆببینەوە

دۆسکی باسی لەوەکرد گرووپەکانی هاوشێوەیی داعش، بەرەی نوسرە و لە ئێستاشدا هەتەشە بەرگی خۆیان گۆڕییوە، بە ڕێگەی دیبلۆماسی ڕەوایەتییان پێدراوە، بەڵام نابێت هەموو ئەو تاوانە جەنگییانە لە بیربکرێت کە بە دەستی ئەم گرووپانە لە دژی گەلی کورد لە سەریکانی، گرێ سپی و عەفرین ئەنجامیدرا و وتی: "بۆ پاراستنی هیوا و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان پێکەوە دیدار و یەکگرتوویمان بخەینە کار. هێزە چەکدارییەکانی ڕۆژئاوا لەسەر هێڵێکی هەڵە نین، ئەوان بۆ پاراستنی گەلەکەیان گیانی خۆیان بەخت دەکەن. ئەمەش بۆ کوردان جێگەی مشتومڕ نییە. دەبێت لە دەووری هەڵوێست و بانگەوازییەکەی مەزڵوم عەبدی سیاسەتێکی هاوبەش بەڕێوەببرێت. ئەمە گرەنتی ئایندەی گەل و سیاسەتەمانە. یەکێتی و یەکگرتووی لە دەووری دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوا هیوای گەلی کورددە. کوردان تەنها بە یەکگرتووی خۆیان دەتوانن ئەو دەستکەوتانە بپارێزن و دەبێت هەموو کەسێک لەم پێناوەدا خەبات بکات."