تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، بە ئامادەبوونی هاوسەرۆکی گشتی تارا حسێن، ئەو کۆمەك و هاوکاریانەى، کە لەلایەن هاوڵاتیانى سلێمانیەوە ڕادەستان کرابوو گەیەندرایە نوێنەرایەتی مانگی ‘سوور’ی کوردی لە شاری سلێمانی بۆ ئەوەی بگەیەندرێتە دەستی هاوڵاتیانى زیانلێکەتووى باکوور و ڕۆژئاواى کوردستان .
ئەو کۆمەک و هاوکارییانەى تەڤگەرى ئازادى کۆمەڵگەی کوردستان گەیاندیە نوێنەرایەتی مانگی ‘سوور’ی کوردی لە شاری سلێمانی پێکهاتبوون لە جلوبەرگ، خۆراک.
تارا حسێن، هاوسەرۆکى گشتى تەڤگەرى ئازادى کۆمەڵگەی کوردستان ڕایگەیاند، سوپاسی مانگی سوری کوردی دەکەین، کە هاوکاری و کۆمەکەکان بە شێوەیەکی دروست و پارێزراو بگەیەننە هاوڵاتیانى زیانلێکەوتووی بومەلەرزەکەى باکور و ڕۆژئاواى کوردستان.
هەروەها، غەسان حەسەن، بەڕێوبەری ئۆفیسی مانگی سوری کورد لە شاری سلێمانی ڕایگەیاند، سوپاسی هەوڵە بەردەوامەکانی تەڤگەری ئازادی دەکەین، کە هەمیشە دڵسۆزی کوردان و بوون و ئێساتش لەم کاتەدا، کە ئەو کارەساتە ڕویداوە هەمیشە بە کارە مرۆییەکانیان سەلماندویانە دڵسۆزى نیشتیمانن.
بەرەبەیانی ڕۆژی ٦ی ئەم مانگە، چەند بوومەلەرزەیەك، كە بەهێزترینیان ٧.٨ پلەی بە پێوەری ڕێختەر بوو، بەشێك لە ناوچەكانی باكووری كوردستان، توركیا، ڕۆژئاوای كوردستان و سووریایان هەژاند و لەئێستادا ژمارەی قوربانییەکان لە باکوری کوردستان و تورکیا بەردەوام لە هەڵشکاندایە.
دواى ڕوودانى بومەلەرزەکە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بۆ گەیاندنی هاوكاری بۆ زیانلێكەوتووانی ئەو بومەلەرزەیە، لە شار و شارۆچكەكان كەمپەینی كۆكردنەوەی هاوكارییان دەستپێكرد .
ف.ق