دەوڵەتی تورک مەلا بۆ شارە کوردییەکان دەنێرێت و ئەرکی تایبەتیان پێدەسپێرێت!

لەم دواییانەدا لە شارە کوردییەکان زیاتر لە پێویستی بەپێی ژمارەی دانیشتوان، مەلای دەوڵەت ئەکدار دەکرێن و بە ناوی خولەکانی قورئانەوە راهێنان بە خوێندکاران دەکەن.

لە وان و جۆلەمێرگ و لە دوای ئەوە قەیوم بەسەر شارەوانییەکانی هەدەپەدا سەپێنران و شارەوانییەکان داگیرکران. کارەکانی دەزگای دیانەتی دەوڵەتی تورک و جەماعەت بە چڕی خرانە کار. بە نزیکەیی لە هەموو کۆڵانێک، شەقامێک، گەڕەکێک، گوندێک و ناوەندەکانی پەروەردەدا سەدان خولی قورئان لەلایەن جەماعەت و رێکخراوە ئایینییەکانی سەر بە دەزگای دیانەت و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی نەتەوەیی بۆ خوێندکاران کراوەتەوە.

لە ساڵی ٢٠٢٠دا شارەکانی وان، رحا، ئامەد و ئەرزرۆم بوون بەو شارانە، کە زۆرترین ژمارەی مەلایان بۆ نێردراوە. بۆ نمونە لە شاری وان، کە ژمارەی دانیشتوانەکەی ١ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کەسە،  ١ هەزار و ٤٢٢ مزگەوتی تیادایە. جۆلەمێرگ ژمارەی دانیشتوانەکەى ٢٨٠ هەزار کەسە و ٤٨٧ مزگەوتی تێدایە. لە وان و جۆلەمێرگ بە نزیکەیی لە هەموو شەقامێک دا  مزگەوتێک هەیە. لە مزگەوتەکانیشدا زیاتر لە یەک مەلا و یەک بانگبێژ لەگەڵ قوتابیەکانی خولەکانی قورئان دا هەیە. مەلاکان و بانگبێژەکان و خولەکانی قورئان لە ناوچە تورکیەکانی قەرەدەنیز و ئەنادۆڵی ناوەڕاستەوە دەنێرن بۆیان و ئەوەش بووەتە جێگای سەرنج.

مەلاکان و بانگبێژەکان و خوێندکارانی خولەکانی قورئان، کە لە مزگەوتەکان دا ئەرکدار دەکرێن بەشێک لە مزگەوتەکانیان کردووە بە شوێنی حەواندنەوە و خەڵوەتگە و لەو مزگەوتانەدا راهێنانی ئایینی بە منداڵان دەکەن. ئەو مەلا و کەسەی ئایینییە ئەکدارکراوانە ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن و بە ناوی ئایینی ئیسلامەوە قەناعەت بە خێزانەکان دەکەن، کە منداڵەکانیان بنێرن بۆ لایان و راهێنانیان پێ بکەن و بەو شێوەیە منداڵان لە خۆیان کۆدەکەنەوە.

دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە لە جۆلەمێرگ خوێندنگەی مەدیحە خوێندن و کۆمەڵە و خولی قورئان و ئیمام – خەتیب یان کردەوە. ئەمڕۆ لە ناوەندی جۆلەمێرگ ٧ خوێندنگەى ئامادەیی ئیمام - خەتیب، چەندین قوتابخانەی ناوەندیی ئیمام - خەتیب هەیە. لە گەڤەر، شەمزینان و رووبارۆک ٦ خوێندنگەی ئامادەیی ئیمام – خەتیب هەیە. لە ناوەندی وان و ناوچەکانیدا بە گشتی ٣٧ خوێندنگەى ئامادیی ئیمام – خەتیب هەیە. هەر وەک جۆلەمێرگ سەدان خولی ئایینی و خوێندنگەى دەزگای دیانەت و جەماعەت و وەقفەکان دامەزراون.

لە گوندێک ٤ مەلا

هەر وەک جۆلەمێرگ و وان، مەلای ناوچە تورکییەکان بۆ شارەکانی تر و گوندەکانیش ئەرکدار دەکرێن و ئەوەش بووەتە جێگای سەرنج. لە گوندی تنگێ لە قەزای شاخ لە وان ٤ مەلایان بۆ مزگەوتێک داناوە. لە گوندەکانی تریش هەمان دۆخ و شێوە هەیە.

کارکردن لەسەر ژنان

لە گەڕەکەکاندا هاوکات لەگەڵ کردنەوەی دەیان خولی قورئان، لە ناو خولەکاندا خولی تریش لەبارەی بەها ئایینییەکانەوە دەکرێنەوە، کە ئەوانە بە تایبەت بۆ ژنانە و ژنان دەکاتە ئامانج. لە ناوەندەکانی پشتیوانی و هاوکاریی خێزان دا، کە لە گەڕەکەکان لە ژێر چەتری پەروەردەی نەتەوەیی و پەروەردەی جەماوەریدا کراونەتەوە، ئەو خولانە بۆ ژنان دەکرێنەوە. لەلایەن خوێندکارانی ئیمام - خەتیب و خوێندکارانی شارەزای پەروەردە، خول بۆ خەڵک دەکەنەوە. هەروەها فەرمانگە چۆڵ و بەتاڵەکان بە کرێ دەگیردرێن و تیایاندا خول بۆ دەیان ژن دەکەنەوە.

ئیمام – خەتیب و دەزگای دیانت چین؟

ئیمام – خەتیب ئەو پرۆژە ئایینییە بوو، کە گەرمەى جەنگی ساردا لەدژی سۆڤیەت، لەلایەن دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا و وڵاتانی ناتۆ و بە پارەى سعودیە لە دژی هێزەکانی کۆمەڵگە و بزووتنەوە مەدەنی و چەپەکان دەکرایەوە. لەو کاتەوە لە تورکیا ئەو ناوەندانە و ئیمام – خەتیبەکان وەک بەشێک لە دەزگای سیخوڕی و سیاسەتی دەوڵەت کاردەکەن.

دەوڵەتی تورک دەزگای دیانەتی بۆ کاروباری ئایینی دروست کرد. ئەو دەزگایە هاوکات لەگەڵ ناوخۆی تورکیا لە دەرەوەی تورکیاش کار بۆ بەتورککردن و بڵاوکردنەوەى تورکایەتی دەکات و لە چەندین وڵات پارە بۆ گروپە ئاینییەکانی سەر بە سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک خەرج دەکات.

لە کاتی هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ داگیرکردنی عەفرین، مەلاکانی ئیمام – خەتیب و دەزگای دیانەتی تورک لە ٧٠ هەزار مزگەوتەوە سورەتی فەتح-یان خوێندنەوە و لەو رێگەوە پشتیوانییان لە هێرش و کۆمەڵکوژکردنی گەلی کورد لە عەفرین کرد. ئێستاش دەوڵەتی تورک شارەوانییەکانی لە باکوور داگیرکردووە و گوشاری زۆری خستووەتە سەر هەدەپە و هێزە ئازادیخوازەکان و لە شەڕەکانیشیدا لەگەڵ گەریلا بە هیچ ئەنجام نەگەیشتوە، بۆیە لە باکووری کوردستان بۆ سیاسەتی پاکتاوکاریی دەستیکردووە بە بەکارهێنانی ئایینی ئیسلام لە دژی گەلی کورد بۆ مەرامەکانی خۆی.

ژ.ت