گەل ڕژانە گۆڕەپانەکان، ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ پیرۆزکرا
ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ لە چەند شارێک پیرۆزکرا، لە ناوچەی پیرسوسی ڕحا کە نزیکی کۆبانێیە، گەل سڵاوی لە بەرخۆدان کرد. لە چالاکییەکەدا، هێرشە داگیرکارییەکان شەرمەزارکران.
ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ لە چەند شارێک پیرۆزکرا، لە ناوچەی پیرسوسی ڕحا کە نزیکی کۆبانێیە، گەل سڵاوی لە بەرخۆدان کرد. لە چالاکییەکەدا، هێرشە داگیرکارییەکان شەرمەزارکران.
١ ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ لە چەند شارێک پیرۆزکرا، لە چالاکییەکاندا، هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک شەرمەزارکران.
ڕحا
بە پێشەنگایەتی پارتی دیموکراسیی و یەکسانیی گەلان (دەم پارتی) و پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) بەبۆنەی ١ ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ لە گوندەکانی ناوچەی پیرسوسی ڕحا ئاهەنگ ئەنجامدرا. پەرلەمانتار و هاوسەرۆکانی شارەوانی و ئەندامانی پارت و ڕێکخراوەکان بەشداربوون.
جەماوەر لە نزیک گوندەکە بە درووشمی "بژی بەرخۆدانی کۆبانێ" و "کۆبانێ نەکەوت و ناکەوێت" و "هەموو شوێنێک کۆبانێ، هەموو جێیەک بەرخۆدان" ڕێپێوانیان کرد. پانکارتی "١ ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ پیرۆز بێت" بەرزکرایەوە، چەپڵە و هەلهەلە لێ درا.
پاش ڕێپێوانەکە چەند وتەیەک پێشکەش کرا، جەختکرایەوە داعش تێکشکا و هێشتا هێرشەکان بۆ سەر کۆبانێ بەردوامە، بەڵام کۆبانێ نەکەوت و ناکەوێت. کۆبانێ بۆ هەموو گەلانی جیهان بووە جێگەی هیوا.
چالاکییەکە بە درووشمی "شەهید نامرن" و "بژی بەرخۆدانی کۆبانێ" و "ژن، ژیان، ئازادی" و گۆرانی بەرخۆدان کۆتایی هات.
بەم بۆنەیەوە، دەم پارتی لە شەرناخ لەبەردەم بینای پارتەکەی لە جزیر ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە. زۆر کەس و لایەن بەشداری چالاکییەکە بوون.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کرا، تێکۆشانی ژنان بۆ ئازادی و یەکسانی بۆ هەموو ژنانی جیهان بووەتە نموونە. کۆبانێ سیمبولی ژیانی ئازاد و یەکسان و هاوبەشە، هەموو گەلانی ئازادیخوازی جیهان پشتگیری بەرخۆدانی کۆبانێ بوون و سەرکەوتن. ئەم سەرکەوتنە لەسەر بناغەی یەکسانی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە سیستەمێکی بۆ گەل و ناسنامە و باوەڕەکان لە ڕۆژئاوا دامەزراند.
هەروەها داوا لە دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە کرا هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژئاوا ڕابگرێت.
ڕحا
کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) لقی ڕحا، لە بیناکەی کۆمەڵەکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەست. بەڕێوەبەری ئیهەدەی ڕحا، سۆنگول ئارپا ڕایگەیاند پاش شکستی داعش، هێرشەکان بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە، گوتی: "دژی شەڕ و پێکدادان، بەپێداگرییەوە لەپێناو ئاشتی تێدەکۆشین".
ئامەد
ڕێکخستنەکانی دەبەپە و دەم پارتی لە ئامەد لەبەردەم بینای دەبەپە ڕاگەیاندراویان خوێندەوە، زۆر کەس و لایەن تێیدا بەشداربوون.
هاوسەرۆکی دەبەپەی ئامەد سوڵتان یارای و هاوسەرۆکی دەم پارتی ئامەد عەباس شاهین قسەیان کرد. لە وتەکاندا ئاماژە بەوە کرا، بە تێکۆشانی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا سیستەمێکی دیموکراتیک دامەزراوە و بووەتە نموونە بۆ جیهان، پێویستە ئەم سیستەمە لە جیهان بڵاوببێتەوە.
جەختکرایەوە ئەو هەڵوێستە بەهێزەی لە کۆبانێ دژی داعش پیشاندرا بووە مزگێنی بۆ ئایندە، ژنان بوونە سیمبولی سەرەکی بەرخۆدان و هێرشە دڕندانەکانیان پووچەڵ کردەوە، بوونە نموونە بۆ ژنانی جیهان، کۆبانێ بووە سیمبولی ئازادی و یەکسانی و پێکەوەژیان.
مێردین
لە ناوچەی نسێبینی مێردین لەلایەن دەبەپە و دەم پارتی و تەژەئا ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە. پەرلەمانتاری دەم پارتی بێریتان گونەش، ڕایگەیاند تێکۆشانی گەلی کورد لە کۆبانێ بۆ گەلانی جیهان بوو بە نموونە، گوتی: "تا کوردێک مابێت، کۆبانێ ناکەوێت".
چالاکییەکە بە درووشم و چەپڵە کۆتایی هات.
وان
بە پێشەنگایەتی دەبەپە و دەم پارتی و تەژەئا بەبۆنەی ١ ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە.
پاش ڕێزگرتن لە شەهیدانی بەرخۆدانی کۆبانێ، هاوسەرۆکی دەم پارتی وان، گوڵشەن کورت ڕایگەیاند ژنان پێشەنگی بەرخۆدانی کۆبانێ بوون و دژی زیهنیەتی پیاوسالاری تێکۆشان. تا سەرکەوتن بەرخۆدان و تێکۆشانیان کرد، ژنان مێژوویان نووسییەوە.
چالاکییەکە بە هەلهەلە و هەڵپەڕکێ کۆتایی هات.
موش
ڕێکخستنەکانی دەبەپە و دەم پارتی لە موش لەبەردەم بینای ڕێکخستنی شارەکە ڕاگەیاندراویان خوێندەوە. هاوسەرۆکی دەم پارتی موش، یافەس دینار ڕایگەیاند ١ ی تشرینی دووەم بۆ هەموو ئەوانەی بەرگری لە ئاشتی و مافەکانی مرۆڤ دەکەن ڕۆژێکی گرنگە.
چالاکییەکە بە چەپڵەڕێزان کۆتایی هات.
جولەمێرگ
ڕێکخستنی دەم پارتی گەڤەری جولەمێرگ ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە. زۆر کەس بەشداربوون، جەماوەر سەرەتا سەردانی پیشەوەرانیان کرد و یادەکەیان پیرۆز کرد، پاشان لەبەردەم بینای دەم پارتی گۆرانی و هەڵپەڕکێ ئەنجامدرا.
هاوسەرۆکی دەم پارتی گەڤەر ئەرجان سەڤمەز هێرشەکانی سەر کۆبانێی شەرمەزار کرد و گوتی: "ئەو ڕۆح و ڕووناکییەی بەرخۆدان کۆبانێ ئافراندی هەرگیز ناکوژێتەوە، هەرگیز پاشەکشە لە ماف و دەسکەوتەکانمان ناکەین".
ڕاگەیاندراوەکە بە درووشمی "بژی بەرخۆدانی کۆبانێ" کۆتایی هات.
ئەدەنە
ڕێکخستنی دەم پارتی ئەدەنە ڕۆژی جیهانیی کۆبانێی پیرۆز کرد. پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان، هاوسەرۆکی دەم پارتی ئەدەنە، سەیفەدین دەمیر ڕایگەیاند ئەو ڕۆح و ڕووناکییەی بەرخۆدان کۆبانێ ئافراندی هەرگیز ناکوژێتەوە، هەرگیز پاشەکشە لە ماف و دەسکەوتەکانمان ناکەین.
پاشان، سوعاد ئەکین هەڵبەستی "کۆبانێ"ـی خوێندەوە، چالاکییەکە بە گوێگرتن لە گۆرانی و هەڵپەڕکێ کۆتایی هات.