گەلی مەخموور پاش ٦ ڕۆژ کۆتایی بە بەرخۆدانەکەی هێنا

دانیشتووانی کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی دژی دەستبەسەرکردنی شاندی کەمپەکە لە بەغدا، لەبەردەم بازگەی عێراق چالاکی خێمەدانانی دەست پێ کرد، ئەمڕۆ کۆتایی بە چالاکییەکەی هێنا.

دەوڵەتی عێراق لە ١٠ ی نیسانەوە بە هیچ جۆرێک ناهێڵێت کەلوپەل بگاتە کەمپەکە و ناهێڵێت کرێکاران بچنە سەر کارەکانیان. بەم بۆنەیەوە شاندێک لە بەڕێوەبەرایەتی کەمپی مەخموور سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ وەزیری داد کۆبوونەوە، پاشان لەکاتی گەڕانەوەیان، لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە دەستبەسەرکران.

پاش دەستبەسەرکردنی نوێنەرانی کەمپەکە، لە ١٥ ی نیسانەوە دانیشتووانی کەمپەکە بۆ ئازادکردنی نوێنەرەکانیان و چارەسەرکردنی کێشەکان، لەبەردەم بازگەی عێراق چالاکی خێمەدانانی دەست پێ کرد. ئەم چالاکییە بێ وەستان و بەشێوەیەکی جەماوەریی ٦ ڕۆژە بەردەوامە.

بەم دواییە، کۆبوونەوەیەک لەنێوان بەڕێوەبەریی کەمپەکە و بەرپرسانی عێراق ڕوویدا. بەرپرسانی عێراق بەڵێنیان دا بە مەرجی لادانی خێمەکە، نوێنەرەکان ئازاد دەکەن و کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەردەکەن.

بۆیە لە شوێنی دانانی خێمەکە، بە ڕاگەیاندراوێک کۆتاییان بە چالاکییەکەیان هێنا. هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەلی مەخمور فیلیز بوداک، تیشکی خستەسەر فشارەکانی دەوڵەتی عێراق بۆ سەر کەمپەکە و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو کارانەی دەوڵەتی عێراق دژی کامپەکەمان ئەنجامیداوە، خێمەمان هەڵداوە، خەڵکی کامپەکە، لە تەمەنی حەوت ساڵەوە تا حەفتا ساڵان، بەشداریان لەم چالاکییەدا کردووە، گەلەکەمان کاردانەوەی خۆیان لە دژی نادادپەروەری دەربڕیوە، بۆ ماوەی ٣٠ ساڵە ئەم خەڵکە بەردەوام بوون لە خەبات و خۆڕاگری خۆیان لە دژی هەموو نادادپەروەرییەکان و بەردەوامیش دەبن ئێمە هەمیشە ویستوومانە لە ڕێگەی دیالۆگەوە کێشەکانی ئێستا چارەسەر بکەین. وەک گەلی کورد ئێمەش خەڵکی هەڵوێستین. ڕێبەرێتیمان بەم دواییە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کرد".

فیلیز بوداک گوتی: "ئێمە داوای مافە ڕەواکانمان دەکەین تا کۆتایی لە چوارچێوەی دیموکراسییدا، ئەم کامپە کامپی بەرخۆدانە، ئێمە ئەمڕۆ لێرە کۆتایی بە چالاکییەکەمان دەهێنین لە ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانەی کە ئەنجامدراون و ئەنجام دەدرێن".

ڕاگەیاندراوەکە بە درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بژی بەرخۆدانی مەخمور" کۆتایی هات.