گەنجانی سلێمانی دژی هێرشەکەی پەدەکە بۆسەر گەریلا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا

گەنجانی سلێمانی بۆ شەرمەزارکردنی هێرشی چەکدارانی پەدەکە بۆسەر گەریلا هاتنە سەر شەقام و ڕایانگەیاند:”پەدەکە دەیەوێت هەموو شکستەکانی بخاتە ئەستۆی پەکەکە بۆ ڕەوایەتییدان بە شەڕی بە وەکالەتی تورکیا دژی گەریلا”.

ئەمشەو لەبەردەم پارکی مەلیک مەحمود لە شاری سلێمانی، کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێز و ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر، لەدژی هێرشەکەی ۱۳ی ئەم مانگەی چەکدارانی پەدەکە بۆسەر گەریلا، هاتنە سەر شەقام و بەیاننامەیەکیان خوێندەوە.

دابان محەمەد بەیاننامەی هاوبەشی هەردوو ڕێکخراوەکەی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو:”پێویستە هەموو لایەک ئەو ڕاستییە بزانێت، کێن ئەوانەی دژی  ئەم قەوارەیەی ھەرێمن، کە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک دەسەڵاتی یەکەم لەم ھەرێمە لە ھەموو ئانوساتێکدا دەستی تۆمەت بۆ پەکەکە درێژ دەکات”.

هەر لە بەیاننامەکەدا هاتبوو: ئێمە لێرەوە پرسیار لە پەدەکە دەکەین، دەڵێین ئەوە پەکەکەیە ڕێککەوتنی ٥٠ ساڵەی لەگەڵ تورکیا کردووە و دۆخی ئابووریی ھەرێمی بەم ڕۆژە گەیاندووە؟ یان ئێوەن؟.

هەروەها، گەنجان پرسیاریان کرد، دەپرسین ئاخۆ ئەوە پەکەکەیە لەم بارودۆخە ھەستیارەی ھەرێمدا دەیەوێت شەڕی کورد بە کورد ھەڵگیرسێنێت یا پەدەکە؟.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا ڕوویان کردە پەدەکە و ئاماژەیان بەوەدا:”ئەرێ بەڕاست ئێوە کە مووچەی مووچە خۆرانتان پێ نادرێت، چۆنە چەندین مانگە تەنگتان بە پەکەکە ھەڵچنیوە و دەتانەوێت شەڕی بە وەکالەتی تورکیای لەگەڵدا بکەن ؟ بودجەی ئەم شەڕە لە کوێوە دابین دەکەن؟”.

ئەوەش هاتبوو:”ئەگەر بودجەی ئەم شەڕەتان ھەیە، خێرە لە ناوخۆدا مووچەی فەرمانبەران نادەن، تا وەک خۆتان دەڵێن، کۆتایی بە ناڕەزایەتییەکان بێنن و دەرفەت بە دەستی دەرەکیی نەدەن”.

هەروەها، تێیدا هاتبوو:”ئەوەی کە ڕوونە لای ھەموان پەدەکە دەیەوێت ھەموو گەندەڵیی و شکستە سیاسییەکانی بخاتە ئەستۆی پەکەکە و لە ھەر کوێیەک دەنگە ناڕازییەکان ھەبن ناوی لێ بنێ پەکەکە، لەکاتێکدا تەنیا پەکەکە بوو ئەو ڕۆژانەی قەوارەی ھەرێم لە مەترسیدا بوو بە دەستی چەتەکانی داعش وەکو ھێزێکی فیدایی ڕووی لە مەیدانەکە کرد تا کۆتایی ھێنان بە داعش لەگەڵ ھێزەکانی پێشمەرگەدا بەرگرییان لە قەوارەی ھەرێم کرد”.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتبوو:”ئێمەش وەکو گەنجانی باشوری کوردستان هێرشی پەدەکە بۆسەر گەریلا شەرمەزاردەکەین و لە هیچ لایەنێکی قبوڵ ناکەین داھاتوی کورد و کوردستان بخاتە مەترسییەوە بۆ بەرژەوەندییە تایبەتەکانیان، ئەوەش کە دەوترێت با پەکەکە لە خاکی باشور بچێتە دەرەوە، باش دەزانن کە پەکەکە تەمسیلی کوردی ئازاد دەکات ئێمەش وەک گەنجی باشور دەڵێن پەکەکە گەلە و گەلیش لێرەیە”.

ف.ق