گەریلا شەڕکەر دەمار باسی چالاکییەکەى پرامیت دەکات

لەو رۆژەوە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی هەڵۆکانی زاگرۆس دەستپێکردووە گەریلاکانی هەپەگە / یەژاستار لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی سوپای تورکی فاشیست چالاکیی سەرکەوتوانە ئەنجام دەدەن.

گەریلای هەپەگە شەڕکەر دەمار باسی چالاکیی سەر شاخی پرامیت لە ناوچەى سوکا لە ئاڤاشین لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا دەکات، کە سوپای تورک داگیری کردووە. بە هۆی ئەو ڤیدیۆیانە، کە بە کامێراکەى سەر سەرییەوە تۆماری کردبوو، ڤیدیۆکانی ئەو چالاکییە بوونە یەکێک لەو ڤیدیۆیانە، کە زۆرترین بینەری هەبوو بۆ نیشاندانی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی هەڵۆکانی زاگرۆس.

گەریلای هەپەگە شەڕکەر دەمار، کە تاوەکو ئێستاش لە ناوچەى ئاڤاشین لە دژی ئۆپراسیۆنی داگیرکەری بەرەنگاری و بەرخودان دەکات لەبارەی ئەو چالاکییەوە وتی:

"بە ئەندازەی ٥٠ مەتر لە سەنگەری سەربازەکان نزیک بووینەوە، چەکەکانیان فڕێدا و رایانکرد"

"لە قۆڵی هێرشەکەوە هاوڕێیەکی ترم لەگەڵ بوو. هاوڕێیانی تر لە گروپی پشتیوانیدا بوون و بە چەکی قەناس و بی ٧ بەشدارییان لە چالاکییەکەدا دەکرد. ئێمە بەرەوە سەنگەرەکان رۆیشتین و گەیشتینە ٥٠ مەتری سەنگەرەکان. ئێمە ئامادەکاریی خۆمان بۆ لێدان کرد، سەربازێک بە دوربین سەیری کردین و ئێمەش هەستمان پێکرد. ئەوان تازە زانیبوویان ئێمە لە سەنگەرەکانیان نزیک بووینەتەوە. لە هەمان کاتدا هەستمان بەوە کرد، کە دوژمن درۆنی ناردووەتە سەر سەرمان. لەبەر ئەوەى لە نێوان ئێمە دوژمن دا ئەو مەودایە رووتەن بوو، ئێمە بڕیارماندا هاوڕێیانی پشتیوانی لێیان بدەن. بەوەش چالاکییەکەمان دەستیپێکرد و هەم بە چەکی کەسی و هەم بە بی ٧ لێیاندان. لەوێدا ئەو سەربازەى، کە درۆنەکەى هەستاندبوو کوژرا. بە کوشتنی ئەو سەربازەش درۆنەکە کەوتە خوارەوە.

سەربازەکان زۆر ترسابوون، ئەو شوێنە، کە ئێمە بە ١٠ بۆ ١٥ خولەک بۆی رۆیشتبووین ئەوان بە پێی بە یەک رۆژی تەواو گەیشتبوونە سەری. پێش چالاکییەکە ئێمە لە پرۆسەى چاودێریی سەنگەرەکان و سەربازەکاندا لە یەکێک لە سەنگەرەکاندا لە دەستی یەکێک لە سەربازەکاندا چەکی ئێم -١٦ مان بینی بوو. من بەو هاوڕێیەم وت، من دەڕۆم ئەو چەکە دەگرم و دەیهێنم. کاتێک ئێمە رۆیشتن بۆ چالاکییەکە بەرەو ئەو سەنگەرە رۆیشتین. هاوڕێ پیرۆدۆغان رێک لەو کاتەدا بە چەکی بی ٧ لەو سەنگەرەی دا. هەر خۆی کاتی چالاکییەکە دەستەى هێرش و دەستەى پشتیوانی دیاریکرابوون.

بەڵام دەستەى پشتیوانیی گەیشتبوونە ٥٠ مەتریی شاخەکە. هاوڕێ چەکدار سەرباری ئەوەى نیشانەشکێن و قەناس بەدەست بوو. چووە سەر شاخەکە و بە چەکی قەناس لە دوژمنی دا. ئیدی سەربازەکان چەکانیان بە جێهێشت و رایانکرد. ئێمە لەوێ چووینە سەر تەرمی سەربازێک و لە سەنگەرەکەى تریشدا تەرمی ٤ سەرباز هەبوون. ژمارەیەکی زۆریش سەرباز بریندار بوون و ئێمە دەنگی هاوار و ناڵەى بریندارەکانمان دەبیست. کاتێک ئێمە بەرەو سەنگەرێکی تر رۆیشتین دەستمان بەسەر چەکی بی کەی سیی ناو سەنگەرەکەدا گرت، دەکرێت بڵێم چەکەکە هەر هیچ بەکار نەهاتبوو. وەک ئەنجام ئێمە چەکی زۆرمان لەسەر دوژمن هەڵگرت و دوای ئەوە کشاینەوە".

فەرماندەکانی هەپەگە ئازایەتیی ئەو گەریلایانەیان پیرۆز کرد، کە ئەو چالاکییەیان ئەنجامدابوو

گەریلاکانی هەپەگە لە چالاکیی پرامیت دا دەستیان بەسەر چەکەکانی ئێم پی تی – ٥٥ ، بی کەی سی، ١ بۆمبهاوێژ، ٢ دووربین، جیازێکی بێتەل دا گرتبوو. دوای ئەو چالاکییە سەربازانی تورک بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لەو شوێنەدا جموڵەکانیان راگرت. هەرگیز نەیانوێرا جارێکیتر بڕۆنەوە بۆ ئەو سەنگەرەکان و خۆیانی تیادا جێگیر بکەن.

چالاکیی پرامیت بووە کاریگەرترین چالاکیی نهێنی و شاراوە، کە لە قۆناغی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی هەڵۆکانی زاگرۆسدا لەلایەن گەریلاکانی ئازادیی کوردستانەوە لە مێژووی شەڕدا تۆمار کرا. فەرماندەکانی هەپەگەش ئازایەتیی گەریلا بەشداربووەکانیان لەو چالاکییەدا پیرۆز کرد و شێوازی ئەو چالاکییە لە زۆرێک لە ناوچەکاندا وەک نمونە نیشاندرا. فەرماندەیی بڕیارگەى ناوەندیی گەل (نەپەگە) لە راگەیاندراوی ٣ی ئاب دا ئەو چالاکییەی پیرۆز کرد و سەرنجی خستەسەر گرنگیی چالاکییەکە.

ژ.ت