حکومەتی باشور دەستی بە رەشبگیری برینداران و چالاکەوانان کردووە

دوای دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکان لە سلێمانی، کەلار، رانیە، گەرمیان و سەیدسادق و چەند شارۆچکە و ناوچەیەکی تر و دوای دەرکردنی بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ، هێزە ئەمنیەکان دەستیان بە دەستگیرکردن و رەشبگیری کردووە.

لە ئەنجامی خۆپێشاندانەکاندا تا ئێستا ٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و بە دەیان چالاکەوانیش بریندار بوون. دوای دەرکردنی بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ لە ٤ شار و چارۆچکە، هێزە ئەمنیەکانی پەدەکە و یەنەکە دەستیان بە رەشبگیری و دەستگیرکردنی برینداران و چالاکەوانان کردووە.

شێلادری

لە شیلادزێ زیاتر لە ١٠کەس لە عەشیرەتی ڕێکانی لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە دەستگیرکران و کەسێکیش بریندار کرا.

لە بەردەوامیی ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانەکان لەدژی گەندەڵیی و قەیرانی دارایی لە باشوری کوردستان و پێنەدانی مووچە، ئێوارەی دوێنێ لە شارەدێی شیلادزێ لە پارێزگای دهۆک هاوڵاتیان کۆبوونەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی خۆپیشاندان.

بەپێی سەرچاوە خۆجێیەکان، هەر لە سەرەتای کۆبوونەوەکەوە، ژمارەیەکی زۆر هێز و چەکداری پەدەکە  لە شارەدێکە بڵاوەیان پێکرا و دەستیان بە ڕەشبگیریی چالاکوانان کرد و ١٠ کەسیان دەستگیر کرد، کە زۆرینەیان لە عەشیرەتی ڕێکانین  و کەسێکیش بریندار کراوە.

ئەو هێزانە تاکو ئێستاش بە تەواویی شیلادزێیان تەنیوە و کەشێکی سەربازیی بەسەر شارەدێکەدا زاڵە، ڕێگرییش لە هەر جۆرە کۆبوونەوە و چالاکییەک دەکرێت.

سەرەڕای هەموو ئەو گوشارانەش، ناڕەزایەتی خەڵک بە تایبەتی عەشیرەتی ڕێکانی لەدژی دەسەڵاتی پەدەکە ڕووی لە زیادبوونە.

بریندارەکان دەڕفێنرێت

تۆڕی پاراستنی تەندروستی کە لە کۆمەڵیک پزیشک و چالاکەوان پێک دێت، لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاندووە، ئەو بریندارانەی لە نەخۆشخانەکان تەداویان بۆ دەکرێت، لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیر دەکرێن.

تۆڕی پاراستنی تەندروسی ئەم کردەوانەی هێزە ئەمنیەکانی وەکو کردەوەی نامرۆڤانە لەقەڵەمدا و بە توندی ئیدانەی کرد، هاوکات بانگەوازیشی ئاڕاستەی رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان کرد کە بۆ کۆتاییهێنان بەو جۆرە کردەوانە فشار لەسەر حکومەتی باشوری کوردستان دروست بکەن.

لە بەردەوامی راگەیێنراوەکەدا هاتووە، لە ماوەی چەند کاتژمێری رابردوودا هەموو زانیاریەکمان رادەستی رێکخستنی تەندروستی جیهانی کردووە و دەبێت هیچ بریندارێک کە بۆ تەداوی رەوانەی نەخۆشخانە کراوە، دەستگیر نەکرێت.

دەڤەری باڵەکایەتی

لەگەڵ سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی شارەکانی هەرێمی کوردستان، لەترسیی ناڕەزایی خەڵک، پەدەکە ناوچەکەی بە سەربازگە کردووە و بەبیانووی هەبوونی نیازی خۆپیشاندان چەندین گەنجیان دەستگیرکردووە.

ماوەی چەند ڕۆژێکە دەڤەری باڵەکایەتی کە پێکدێت لە شارۆچکەی چۆمان و شارەدێیەکانی حاجی ئۆمەران، قەسرێ، گەڵاڵە و سمیلان، لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە وە هێزێکی زۆری چەکداری لێ جێگیرکراوە و لەترسی ناڕەزایی هاوڵاتیان کراوەتە سەربازگە.

دوێنێ لە شارۆچکەی چۆمان لەلایەن چەند گەنجێکەوە ئامادەکاری بۆ خۆپیشاندان کرا، بەڵام هەر زوو ئاسایشی پەدەکە بە زۆر بڵاوەیان پێکردن.

هاوکات لە شارەدێی قەسرێی سەر بەشارۆچکەی چۆمان شەوی ڕابردوو لەلایەن ژمارەیەک گەنجەوە خۆپیشاندان کرا، بەڵام ئاسایش سەرجەم خۆپیشاندەرانی دەستگیرکردووە و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.

ناوی بەشێک لەو خۆپیشاندەرانەی شەوی ڕابردوو لە قەسرێ دەستگیرکراون بریتیە لە: ئیبراھیم جەبار، زانا حەمەد، بارزان کاکەمین، زریان کاکەمین، کارزان کاکەمین، باوەڕ عیزەت و ئامادە ئەحمەد.

ز.ش