هەپەگە یادی هەر یەک لە شەهیدان شەڕزان و مەروانی کردەوە

هەپەگە یادی هەر یەک لە شەهیدان عەرەفات بەلتا ناسراو بە شەڕزان باز و رەمەزان ئوچداغ ناسراو بە مەروان ئامەدی کردەوە کە لە ساڵەکانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨دا لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی سوپای داگیرکەردا شەهید بوون.

لەم بارەیەوە ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە راگەیێنراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە:

"لە بەرواری ٢٠ی شوباتی ٢٠١٧ لە ناوچەی سێگری شاری ئامەد لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی دەولەتی داگیرکەری تورکدا، هاوڕێمان شەڕزان (عەرەفات بالتا) چووە ریزی نەمرانەوە.

زانیاریەکان لە بارەی ناسنامەی ئەو هاوڕێ شەهیدەمان بەم شێوەیەیە:

نازناو: شەڕزان باز

ناوی تەواو: عەرەفات بالتا

شوێنێ لەدایکبوون: ئامەد

ناوی دایک و ناوی باوک: سەبیحە – محمد

بەروار و شوێنی شەهیدبوون: ٢٠ی شوباتی ٢٠١٧ / هەرێمەکانی پاراستنی میدیا

***

١٣ی ئابی ساڵی ٢٠١٨ لە ناوچەی گرێ لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیدا هاوڕێمان مەروان (رەمەزان ئوچداغ) شەهید بوو.

نازناو: مەروان ئامەد

ناوی تەواو: رەمەزان ئوچداغ

شوێنی لەدایکبوون: ئامەد

ناوی دایک و ناوی باوک: مەولودە – رەجەب

بەروار و شوێنی شەهیدبوون: ١٣ی ئابی ٢٠١٨/ هەرێمەکانی پاراستنی میدیا

هەموو گەلانی دیمۆکراتیک، لەو رۆژەوەی بۆ ژیانێکی ئازاد و پاراستن و مانەوەی خۆیان بوونەتە خاوەنی کارەکتەرێکی کۆمەڵایەتی، هەمیشە تێکۆشاون. ئەو کۆمەڵگایانەی سەروەریی شارستانی دەوڵەتپارێز، سەردەستی و زوڵم و زۆرداری قبوڵ ناکەن، هەمیشە ویستوویانە بە شێوەیەکی ئازاد و دیمۆکراتیک بژین. مێژووی گەلانی جیهان لێوان لێوە لە تێکۆشانی لەم چەشنە کە بۆ ئازادی هەوڵ دەدەن."  

لە بەردەوامی راگەیێنراوەکەی هەپەگەدا لە کەسایەتی رێبەر ئاپۆ و پەکەکەدا ئاماژە بە تێکۆشانی بێوێنەی رۆڵەکانی گەلی کورد کردووە کە توانیان سەر لە نوێ مێژووی قارەمانیەتی گەلی کورد بنووسنەوە و راشیگەیاندووە، لە کاتێکدا کە باس لەوە دەکرا گوایا "هەموو شتێک کۆتایی پێهاتووە" کادیرە پێشەنگەکانی بزوتنەوەی پەکەکە وتیان 'نەخێر، هەموو شتێک سەر لە نوێ دەست پێدەکاتەوە' و لە ماوەی نزیکەی نیو سەدە و بە هەزاران شەهید و قوربانی، مێژوویەکی نوێی ئازادیان نووسیەوە.

لە بەشێکی تری راگەیێنراوەکەی هەپەگەدا ئاماژە بەوە کراوە کە گەلی کورد ماوەی ٤٠ ساڵە لە راپەڕیندایە و لە هەموو شوێنێکی کوردستان لە خۆڕاگریدایە، هاوکات گەریلاکانی ئازادیش لە شاخەکانی کوردستان ماوەی ٤٠ ساڵە دەجەنگن و رێبەر ئاپۆش لە ماوەی ٢٢ ساڵی کۆی تێکۆشانی ئازادیدا، لە ئیمرالی بە بێوەستان لە تێکۆشاندایە.

هەپەگە هاوکات ئاماژەی بە پلانگێری و شەڕی تایبەتی رژێمی ئاکەپە کردووە و رایدەگەیێنێت، لەم ساڵانەی دواییدا، چەند خانەوادەیەکی گەریلاکان، هەڵخەڵێنران و لە راستیی مێژوو دوور خرانەوە و بۆ گەڕاندنەوەی رۆڵەکانیان بوون بە ئامرازی یاریەکانی میت و بە گردبوونەوە و دانیشتن لە بەردەم ناوەندی هەدەپە، پرسیاریان لەسەر رۆحی وڵاتپارێزی خۆیان دروست کرد، با ئەو کەسانە باش بزانن کە خیانەتکردن لە تێکۆشانی ئازادیی کوردستان و خیانەتکردن لە دۆزی پیرۆزی گەلی کورد، بە واتای رووڕەشی و ژیانێکی نەفرەتلێکراو دیت.

لە بەشێکی تری راگەیێنراوەکەی هەپەگەدا ئاماژە بە ئیرادەی پۆڵایین و کەسایەتی ملیتانیی هەر دوو شەهیدی رێگای ئازادی شەڕزان و مەروان کراوە و بەم شێوەیە باسی لێوە دەکات:" هەر دوو هاوڕێمان شەڕزان و مەروان کە لە راستیەکان تێگەیشتن، خۆیان گەیاندە ئیرادەی ملیتانیی فیدایی ئاپۆیی و لە شاخەکانی کوردستان تێکۆشان. هەردوو هاوڕێمان رووی راستەقینەی دەوڵەتی قڕکەر و داگیرکەری تورکیان بینی و لە ئامەدی پایتەختی کوردستانەوە بەشداریان لە ریزەکانی گەریلادا کرد."

هەپەگە لە کۆتاییدا سەرەخۆشی ئاڕاستەی خانەوادەی هەر دوو شەهید و هەموو خانەوادەی شەهیدان و گشت گەلی وڵاتپارێزی کوردستان دەکات و بەڵێنی ئەوەشی دووپات کردەوە کە هیوا و ئاواتی شەهیدان بەدی دێنن.

ز.ش