هەپەگە: ئەوانەی بە مەبەستی سیخوڕی دێنە هەرێمەکانمان، دەبنە ئامانج

فەرماندەیی هەرێمی سەرهەدی هەپەگە رایگەیاند، ئەوانەی بۆ سیخوڕیکردن دەچنە هەرێمەکە، تاوان ئەنجام دەدەن و دەبنە ئامانجی گەریلاکانیان.

فەرماندەیی هەرێمی سەرهەدی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) راگەیەنراوێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە: "دەوڵەتی داگیرکەر و قڕکەری تورک بۆ ئەوەی گورز لە هێزەکانمان بوەشێنێت، لە هەرێمی سەرهەد، کاری سیخوڕی بەرەوە پێشەوە دەبات. بۆ ئەوەی بارەگای زستانەی هێزەکانمان ئاشکرا بکات، بە ناوی (راوکردن) سیخوڕ بۆ هەرێمەکە دەنێرێت. ئەم کارەش زیاتر لە ناوچەکانی تەندورەک، گلیداخ و چەمچێ ئەنجام دەدات کە لەو ناوچانە هێزەکانمان گورزی گەورەیان لە سوپای داگیرکەری تورک وەشاندووە.

ئەوانەی بە مەبەستی سیخوڕی دێنە هەرێمەکە و کاری سیخوڕی دەکەن، بە هۆی ئەوەی تاوان ئەنجام دەدەن، دەبنە ئامانج. لەبەرئەوەش ئێمە هوشداریان پێدەدەین بۆ مەبەستی سیخوڕی روو نەکەنە هەرێمەکانی گەریلا  و بانگەوازیمان بۆ گەلی وڵاتپارێزمان ئەوەیە کە لە بەرانبەر سیخوڕەکان ئاگادار بن."

ف.ق