حزبی شیوعی: پێویستە هەموو ڕێگاکان بەکاربهێندرێت بۆ دەرکردنی سوپای داگیرکەر لە وڵاتەکەماندا

حزبی شیوعی کوردستان سەرکۆنەی تیرۆرکردنی دوو رۆژنامەنووسی کرد لە سەیدسادق و ڕایگەیاند، ئەو کردەوەیە دەستدرێژییە بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان و پێویستە هەموو ڕێگاکان بەکاربهێندرێت بۆ دەرکردنی سوپای داگیرکەر لە وڵاتەکەماندا.

لە بارەی شەهیدبوونی هەردوو ڕۆژنامەنووسی ژن (گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین) بە هۆی بۆردوومانی ڕۆژی ٢٣ـی ئاب دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە نزیکی سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی، حزبی شیوعی کوردستان، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، حزبی شیوعی کوردستان سەرکۆنەی ئەوکارە دڕندانەیەی دەوڵەتی تورکیا دەکات، کە دەستپارێزی و جیاوازی ناکات لە نێوان کەسانی سڤیل و چەکداردا، ئەوەی ڕۆڵەی دڵسۆزی گەلی کوردستان بێت، لە گەریلا و پێشمەرگەوە، بۆ جوتیار و کرێکار و گوندنشین و ڕۆژنامەنووس دەکاتە ئامانجی درۆن و موشەکی هێزە چەکدارەکانی، ئەوەش سیاسەتێکی دوژمنکارانەیە بەرانبەر گەلەکەمان بەبێ جیاوازی.

ئاماژەیان بەوەشداوە، هاوخەمی کەسوکار و هاوڕێیانی شەهیدەکان دەکەین و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکە دەخوازین.

حزبی شیوعی جەختیشی کردووەتەوە، ئەم کردەوەیە دەستدرێژییە بۆ سەرخاکی هەرێمی کوردستان و عێراق و پێشێلکردنی زەقی سەروەرییانە، کە نابێت بێدەنگی لێ بکرێت، پێویستە هەموو ڕێگاکان بەکاربهێنرێت بۆ ڕێگریی لە دووبارەبوونەوەی و دەرکردنی سوپای داگیرکەر لە وڵاتەکەماندا.

٢٣ـی ئاب، لە نزیکی شارۆچکەی سەیدسادق لە سنووری پارێزگای سلێمانی، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی ڕۆژنامەنووسانی کۆمپانیای چەتر بۆ کاری میدیایی کرد، بە هۆیەوە دوو ڕۆژنامەنووس بە ناوەکانی “گوڵستان تارا، هێرۆ بەهادین” شەهید بوون و شەش ڕۆژنامەنووسی دیکەش برینداربوون.