کۆدار: ئاریۆ و شاهین فیدایی ڕێگای گەل و نەتەوەی دیموکراتیین

کۆدار لەگەڵ سەرەخۆشیی شەهیدبوونی شەهیدان ئاریۆ سنە و شاهین بۆکان، پەیمانی لەگەڵ ئامانجەکانیان نوێکردەوە و داوای لە گەنجان و ژنان کرد کە بە بەرزکردنەوەی تێکۆشانیان درێژەپێدەری ڕێگای شەهیدانی ئازادیی و دیموکراسیی و ڕزگاریی کوردستان و گەلی کورد بن.

کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار، لەسەر شەهیدبوونی دوو گەریلای لە ئەنجامی دانانی بۆسە لەلایەن هێزەکانی فاشیستی دوژمنەوە، لە هەرێمی بۆکان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندروەکەدا هاتووە: شەهیدبوون لە ڕێگەی تێکۆشانی گەلی کورد، بەردەوامیی ڕێگای ئازادیی بۆ مسۆگەرکردنی ئاواتەکانی گەلەکەمانە، شەهیدبووونی هەڤاڵانمان “ئاریۆ و شاهین” بێگومان گەلەکەمان نزیک دەکاتەوە لە مسۆگەرکردنی ئاواتە ئازادیخوازەکانی.

هەروەها هاتووە: هەڤاڵانی گەریلامان “ئیدریس فێقهی” بە نازناوی ‘ئاریۆ سنە’ و “محسێن قادری” بە نازناوی ‘شاهین بۆکان’ بە هەموو هەبوونی خۆیان و بە شێوەیەکی فیدایی لە ڕێگای ئازادیخوازیی ئاپۆیی و بزوتنەوەی ئازادیخوازیی گەلی کورد تێکۆشانیان کرد و تا شەهیدبوون پێداگر و بە بڕیاربوون.

لە بەردەوامیدا ئاماژە بە تێکۆشانی ئەو شەهیدانە لە شارەوە تا شاخ و تایبەتمەندیی کەسایەتییان کراوە و لە بەشێکی دیکەدا هاتووە: هەڤاڵان ئاریۆ سنە و شاهین بۆکان، لە کاتێکدا لە یەکێک لە گوندەکانی بۆکان ئەرکە هەستیارەکانیان لەناو گەلدا پێکدەهێنا، لە ئەنجامی بۆسەی هێزەکانی فاشیستی دوژمن، پەیوەستی کاروانی شەهیدان بوون.

ئەمەش هاتووە: وەک کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار، دلێری، ڕەنج و فیداکاریی ماندونەناسانەی هەڤاڵان ئاریۆ و شاهین کە پێش پەیوەستبوون بە ڕیزەکانی گەریلا لەناو گەلدا ڕەنجیاندا و دوای بە گەریلا بوونیشیان، بە شێوازی فیداییانە و چاونەترسانە، بەردەوامییان بە چالاکییە بێوەستانەکانیاندا، هیچ کات لەبیر ناکەین و سوێند دەخۆین کە خوێنی پاکیان پێشل نابێت و چەکیان لەسەر زەوی نامینێت.

لە کۆتاییشدا هاتووە: سەرەخۆشیی خۆمان بۆ شەهیدبوونی هەردوو هەڤاڵمان، پێشکەشی خانەوادەی بەڕێز و سەبووریان و ڕێکخراوە مەدەنیی و کۆمەڵایەتییەکانی سنە، بۆکان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین، باوەڕمان وایە کە گەنجانی سنە، بۆکان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەردەوامیی بە ڕێگای گەورە و پاکی شەهیدان ئاریۆ و شاهین دەدەن، داوا لە گەنجان، ژنان و توێژەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتیش ڕێکخراوە مەدەنی، کلتوری و ژینگەپارێزییەکان دەکەین کە سەرکوتەکانی دەسەڵات، بێدەنگیی، ڕادەستبوون و دوورەپارێزیی قبوڵ نەکەن و بە بەرزکردنەوەی خەباتە مەدەنیی و سیاسییەکانیان، بە ئامانجی بەڕێکخستنکردنی گەلەکەمان، کە ئەرکی بنەڕەتیی ئەخلاقیی و سیاسیی سەردەمیانەی کوردستانە، لەسەر پێی بن و درێژەپێدەریی ڕێگای شەهیدانی ئازادی، دیموکراسیی و ڕزگاریی کوردستان و گەلەکەمان بن.

ف.ق