خۆبەڕێوەبەریی شەنگال: عەفرین بە بەرخودانی گەلان رزگار دەکرێت
خۆبەڕێوەبەریی شەنگال سڵاوی ئاراستەی بەرخودانی گەلی عەفرین لە شەهبا کرد و ئەوەی خستەڕوو، کە عەفرین لە ماوەیەکی کورتدا بە بەرخودانی گەلان رزگار دەکرێت.
خۆبەڕێوەبەریی شەنگال سڵاوی ئاراستەی بەرخودانی گەلی عەفرین لە شەهبا کرد و ئەوەی خستەڕوو، کە عەفرین لە ماوەیەکی کورتدا بە بەرخودانی گەلان رزگار دەکرێت.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال لە شەشەم ساڵەی داگیرکردنی عەفریندا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا کە لە مەزارگەی شەهیدانی شەهید دڵگەش و شەهید بەرخودان لە چیای شەنگال بە ئامادەبوونی بنەماڵەی شەهیدان، نوێنەرانی رێکخرا و دامەزراوەکانی خۆبەرێوەبەری شەنگال بەڕێوەچوو، راگەیەندراوەکە لە لایەن هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری شەنگال ریهام حەسەنەوە خوێندرایەوە.
لە سەرەتای راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، "پێش ٢٠١٨ عەفرین نمونەی ژیانی دیموکراتیک بوو، کە بۆ ماوەی هەزار ساڵ هەموو نەتەوەکانی کورد، ئێزدی وعەرەب بەشێوەیەکی ئازاد و یەکسان، بە کولتور و ئایینی خۆیانەوە دەژیان. لە ئەنجامی بەرژەوەندی هێزە هەژموونگەراکان وبێدەنگی هێزە نێونەتەوەییەکان، عەفرین لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨ لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانیەوە داگیرکرا. لە بەرامبەر هێرشە دڕندانەکان بەرخودانی گەلی عەفرین تا کۆتایی خاوەن واتا و مێژوویی بوو. لە بەرخودانی گەل و شەڕڤانانی ئازادیدا یەپەگە و یەپەژە بە سەدان قوربانیان دا. بە سەدان قارەمان گیانیان لە پێناو خاک و وڵاتەکەیاندا بەخت کرد. ئێمە لەکەسایەتی شەهید ئاڤێستا خابوردا سەرجەم شەهیدانی عەفرین، شەهیدانی ئازادی بە رێزەوە یاد دەکەینەوە".
'ئەقڵیەتی داعش لە عەفرینە'
لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: " ماوەی شەش ساڵ بە سەر داگیرکەری دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە عەفرین تێپەڕ دەبێت، شەش ساڵە ستەم، ئەشکەنجە، گۆڕینی دیموگرافیا کە گۆڕینی ئایین و باوەڕیشی لە خۆگرتووە، کوشتن، تاڵانی سروشت، رفاندن، دەستدرێژی، تێکدانی شوێنە پیرۆزەکان و هتد.. هەموو کردەوەکانی دەرەوەی ئەخلاقی مرۆڤایەتی تا ئەم ساتە بەردەوامە. بەهەمان شێوە کە داعش بە هاوکاری دەوڵەتی تورک ساڵی ٢٠١٤ لە شەنگال ئەنجامیدا، ئەمرۆ لە عەفرین هەمان ئەو کەسانە و هەمان ئەو ئەقڵیەتە ئامادەییان هەیە. جیهان ئەو راستیە دەزانێت کە شەش ساڵە لە عەفرین داگیرکەری بوونی هەیە، فەرمان بوونی هەیە، دوێنێ لە شەنگال و ئەمرۆ لە عەفرینە".
'گەلی عەفرین بە هیوای گەڕانەوە خۆڕاگری دەکات'
هەروەها سەرنج بۆ سەر بێدەنگی رای گشتی جیهان راکێشراوە و ئەوە هاتووە، "بە تایبەتی ئەوانەی لە ژێر ناوی مافەکانی مرۆڤ دەجوڵێنەوە، ئەو رێکخراوانەی لە ژێر ناوی دیموکراسی خۆیان ناودێر دەکەن بۆچی ئەو راستیە نابینن. ئەگەر دەیبینن بۆچی لەبەرامبەر دەوڵەتی تورک نابنە خاوەن هەڵوێست. هەروەها لە تەنیشت داگیرکەرییەوە گەلی عەفرین کە کە ناچار بە کۆچبەری بووە، سەرباری هەموو دژوارییەکان بە هیوای گەڕانەوە بۆ سەر زێدی خۆیان چەندین ساڵە خۆڕاگری دەکەن. بەڵام جارێکی دیکە دەوڵەتی تورک رۆژانە هێرش دەکاتە سەر گەل، کە لە ئەنجامدا بە سەدان کەس شەهید و برینداربوون".
'عەفرین و شەنگال یەکن'
ریهام حەسەن وتی، "ئێمە دەمانەوێت بە بیری بهێنینەوە کە وەک چۆن ساڵی ٢٠١٤ رۆڵەکانی عەفرین روویان کردە شەنگال، لە هەمان کاتدا لە ساڵی ٢٠١٨دا رۆڵەکانی شەنگالیش روویان کردە عەفرین. ئێمە وەک کۆمەڵگەی ئێزدی هەرگیز ئەو رۆژانە لەبیر ناکەین، ئەم پەیوەستبوونە بە خوێن دروست بووە. لەبەر ئەو راستیە دەڵێین شەنگال و عەفرین یەکن ئێمە لەو بڕوایەداین، عەفرین بە بەرخودانی گەلان لە ماوەیەکی نزیکدا لە چەتەکان رزگار دەکرێت و گەلەکەمان دەگەڕێنەوە سەر خاکی باو و باپیرانیان. وەک چۆن لە مێژوودا ئیمپراتۆریەتی عوسمانی رووخاوە و لە رۆژی ئەمڕۆدا داعش لە کۆبانێ، منبج، دێرەزور، رەقا و لە شەنگال تێکشکا، بەهەمان جۆر دەوڵەتی تورکیش کۆتایی پێدێت".
'پێویستە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەرکی خۆیان بە جێبگەیەنن'
راگەیەندراوەکەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال بەم جۆرە کۆتاییهات: "لە کۆتاییدا ئێمە جارێکی دیکە شەهیدانی بەرخودانی سەردەم بەرێز و پێزانینەوە یاددەکەینەوە. هەروەها سڵاو لە بەرخودانی گەلی عەفرین لە شەهبا دەکەین. شەشەم ساڵیادی داگیرکردنی عەفرین بە توندی شەرمەزار دەکەین. لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە وەک خۆبەڕێوەبەری شەنگال داوا لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، هێزە نێونەتەوەییەکان و نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەین کە خاوەنداری لە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان بکەن. کۆتایی بە داگیرکەری و قڕکاری دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە بهێنن".
کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکە بە دروشمەکانی 'شەهید نامرن'، 'بژی بەرخودانی عيفرین' کۆتاییهات.
هـ . ب