گەلی شەنگال لە ٩ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە لە دژی پەیمانەکەی نێوان بەغدا-هەوڵێر لەسەر پێیە، لەم چوارچێوەیەدا ئەمڕۆش رژانە سەر شەقامەکان و بە سەدان کەس دروشمی "ئاسایش شکۆی ئێمەیە"یان وتەوە.
لە رێپێوانەکەدا هاوکات دروشمەکانی "بژی خۆڕاگری شەنگال"، "بژی خۆڕاگری ئاسایش" بەرز کرانەوە. هاوکات پانکارتی "ئاسایشی شکۆ ئێمەیە"، "بژی ئاسایش"، ئێمە ئاسایشین" و هەروەها وێنەی شەهیدانی خۆڕگریی شەنگالیان بەرز کردەوە.
رێپێوانەکە کە ژن، منداڵ و پیر و سەرۆک عەشیرەتەکانی ناوچەکە و بەڕێوەبەر و نوێنەری رێکخراوەکانیش تێیدا بەشدار بوون، تا بەردەم خێمەی چالاکی پشتیوانی لە هێزەکانی ئاسایش لە بەردەم ناوەندی ئێزیدخان رێیان کرد.
دواتر لەسەر ناوی نوێنەری رێکخراوی ئێزدیەکان چەند پەیامێک بڵاو کرایەوە.
'ئەو دەستکەوتانەی لە ماوەی ٦ ساڵدا بەدەستمان هێناون، رادەستی هێچ کەسێکی ناکەین'
سەرەتا حەسۆ ئیبراهیم جێگری هاوسەرۆکانی ئەنجومەنی خۆسەری دیمۆکراتیکی شەنگال قسەی کرد و سڵاوی بۆ ئەو چالاکانەی ماوەی نزیکەی مانگێکە لە چالاکیدان و هاوکات چالاکانی چادری خۆڕاگری، نارد.
حسۆ ئیبراهیم رایگەیاند، ئەم چالاکیانە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ٦ ساڵ و هێزەکانی پاراستنی شەنگال رێکدەخرێن و زۆر گرنگن. ئیبراهیم وتیشی، ئەوان وەکو گەلی شەنگال ئەو هێز و ئیرادەیەی لە ماوەی ٦ ساڵی رابردوودا بەدەستیان هێناوە، رادەستی هیچ کەسێکی تری ناکەن.
حسۆ ئیبراهیم جەختیشی کردەوە کە ئەوان رێگە نادەن ئەو هێزانەی لە کاتی فەرمانەکەدا ئەوانیان بە تەنیا هێشتەوە و لەناو چنگی مەرگدا بەجێیان هێشتن، بگەڕێنەوە بۆ شەنگال و وتیشی، ئەوان تا دوا هەناسەیان دەستکەوتەکانیان دەپارێزن و لە خۆڕاگریدا دەبن.
'ژنانی شەنگال خاوەنداری لە ئیرادە و دەستکەوتەکان دەکەن'
دواتر مەیان ناسر لەسەر ناوی بزوتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزدی و حسێن حەجی لەسەر ناوی پارتی ئازادی دیمۆکراسی ئێزدی قسەیان کرد.
لە پەیامەکاندا تیشک خرایە سەر ئەوەی جارێکی تر رێگە بەو هێزانە نادەنەوە بگەرێنەوە، کە شەنگالیان بەتەنها هێشت و جەختیشیان کردەوە کە گەلی شەنگال بە تایبەت ژنانی ئێزدی لە ماوەی ٦ ساڵێ رابردوودا بوون بە خاوەن ئیرادە و دەستکەوت، بۆیە بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەن ئەو دەستکەوتانە لەدەست بچنەوە.
دوای وتە و پەیامەکان، چالاکیەکە بە پێشکەشکردنی چەند پارچە موزیکێکی شۆڕشگێری کۆتایی پێهات.
چالاکیەکەی چادری خۆڕاگریش لە پێنجەهیم رۆژیدا بەردەوامە.
ز.ش