هاوسەرۆکایەتیی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە ڕایگەیاند، ئەوانەی هێرشیان کردە سەر مەروان بەدەل لە شەنگال دەبێت باجەکەى بدەن و راشیگەیاند: دەوڵەتی تورک ئەو هێرشەی بە زانیاریی هەواڵگریی کەسانی سەر بە 'پاراستن' لە شەگال ئەنجامداوە".
راگەیاندراوەکەی هاوسەرۆکایەتیی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەو شێوەیەیە:
"دەوڵەتی تورکی داگیرکەری پاکتاوکار کۆمەڵکوژییەکی دیکەی ئەنجام دا. مەروان بەدەل هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی ئێزدی لەلایەن فرۆکەی بێفرۆکەوانەوە هێرشی کرایە سەر. کاتێک مەروان بەدەل کوژرا، لە دوا ساتەکاندا منداڵەکانی ڕزگارکران. ئەوانەی ئەو کۆمەڵکوژییەیان ئەنجام داوە، بە دڵنیاییەوە لە بەرامبەر مرۆڤایەتیدا بەرپرسیار دەبن و دەبێت باجەکەى بدەن. بێگومان و بە دڵنیاییەوە خەڵکی ئێزدیمان، ئێزدخانێکی ئازاد دروست دەکەن، کە خەونی مەروان بەدەل بوو.
مەروان بەدەل یەکێک لە سەرکردەکانی گەلی ئێزدی بوو. یەکێک لە پێشەنگەکانی گەلی ئێزدی بوو و لە کاتی هێرشی داعش بۆ کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکان، شانبەشانی گەریلا شەڕی کرد، ئێزدیەکانی لە چیاکانی شەنگال رێکدەخست. ئێمە بە رێز و پێزانیەوە یادی ئەو بەرخۆدانە مەزنە دەکەینەوە. سەرەخۆشی لە هەموو گەلی ئێزدیمان دەکەین. بەناوی تەڤگەری ئازادییەوە ئێمە جارێکیتر دووپاتی دەکەینەوە، کە هەمیشە لەگەڵ گەلی ئێزدیدا دەبین.
ئەوهێرشە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئەنجامدراوە، بەڵام ئەوانەی زانیاریی هەواڵگرییان پێداون، ئەو کەسانەن، کە 'پاراستن' لە شەنگال ڕێکیخستوون. ئەو کەسانە میت ئاگادار دەکەنەوە، زانیاریی بە دەوڵەتی تورک دەدەن. هەر خۆی بەڕێوەبەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بە لێدوانەکانیان، بە بەرنامە و هەواڵی تەلەفزیۆنەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) هێرش لە دژی ئێزدیەکان، کە بۆ خۆبەڕێوەبەریی شەنگال تێدەکۆشن، بە هێرشی ئاسایی و رەوا نیشان دەدەن. نەک تەنها ئێزدییەکان، بەڵکو هەموو کورد ئەو ڕاستییە دەزانێت. پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لەو ناوچانەدا، کە باڵادەست نییە، ئەو ناوچانە دەکاتە ئامانجی هێزگەلێکی وەک دەوڵەتی تورک، بۆیە دەبێت دەست لەو رەفتار و هەڵسوکەوتەى هەڵبگرێت.
ئەو ڕێبەرە ئێزدییانە لە شەنگال کۆمەڵکوژ دەکرێن، کە لە دژی داعش بەرەنگارییان کرد، لە دەرکردنی داعش لە شەنگالدا ڕۆڵێکی سەرەکییان گێڕا، بۆیە مەروان بەدەل و سەعید حەسەن و زەردەشت شەنگالی فەرماندەکانی گەلی ئێزدیمانن، هەڤاڵانی دەروێشی عەبدین، ئەوانە شەهیدی بەرخۆدانی دژ بە داعشن. دەوڵەتی تورک تۆڵە لەو بەرەنگار و بەرخودێرانە دەکاتەوە. پارتیش (پەدەکەش) بە سیاسەتەکانی، بە هەڵوێستەکانی و بە لێدوانەکانی رەوایی بەو هێرشانە دەدات و دەبێتە هاوبەشی ئەو هێرشانە بۆ تۆڵەسەندنەوە.
یەکێک لە گەورەترین کۆمەڵکوژییەکانی سەدەی ٢١ لە شەنگال لە دژی ئێزدیەکان ئەنجامدرا. تا ئێستاش هەزاران کچ و ژنی ئێزدی لە دەست داعشدان. هاوکات لەگەڵ عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)، ئەو دەوڵەتانە، کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا لە رووی سیاسی و سەربازییەوە بەهێزن، لەو دۆخەى شەنگال بەرپرسیارن. دەوڵەتی تورک هاوپەیمانی داعشە، هاوکار و هاوبەشی ئەو تاوانە پاکتاوکاری و کۆمەڵکوژکارییەیە. لە داهاتوودا هاوکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ داعش یەک بە یەک ئاشکرا دەبن. زۆربەى دەوڵەتەکان لەو بارەیەوە زانیارییان لە بەردەستدایە. داعش، کە ئێزدییەکانی کۆمەڵکوژ کرد، ئەگەر لە دادگایەکی نێونەتەوەیدا دادگایی بکرێت، ئەوا ئەو ڕاستییانە یەک بە یەک ئاشکرا دەبن.
دەوڵەتی تورک دەیەوێت بەو هێرشانە پاکتاوکردن و کۆمەڵکوژکردنی داعش تەواو بکات. پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)ش ئەوە دەزانێت، کە ئەگەر شەنگال سەرکوت بکرێت، ئەو ڕاستییە، کە لە بەرامبەر داعش دا بەرگریی نەکردووە و ئێزدیەکانی ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی کردووەتەوە، دەشارێتەوە و بۆی پەردەپۆش دەکرێت. جگە لەوە ناتوانرێت بە هیچ شتێکی تر هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بۆ رەوایەتیدان بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک ڕوون بکرێتەوە. بە بڕوای ئێمە پەدەکە گەورەترین هەڵەی مێژووی خۆی بەرامبەر بە ئێزدیەکان دەکات. ئەوە لە کاتێکدایە ئەگەر ئێزدییەکان ببنە خۆبەڕێوەبەر و خۆسەر و پەدەکە ئەوە قبوڵ بکات، پەدەکە لەو رێگەیەوە دەتوانێت ئەو بارودۆخە قەرەبوو بکاتەوە، کە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا ئەنجامیدا.
ئەو ئێزدیانەی، کە لە کۆمەڵکوژییەکانی شەنگالدا زانیاریی هەواڵگرییان داوە، لە مێژووی ئێزدییەکاندا هەمیشە بە خیانەت و خراپەکار یادیان دەکرێتەوە و ناویان دەبرێت. پێشتر بە چاوی ئەوەی 'بۆ قاپێک شۆربا گەلیان فرۆشتوووە' سەیری کەسانی لەو شێوەیەیان دەکرد، لە کوردستانیش بەو کەسانە دەوترێت "ترشکچی". ترشکچییەکانی ئێستاش بۆ هەندێک مادییات و خواردن ئەو کارە دەکەن. پێویستە ئێزدییەکان ئەو کەسانە لە خۆیان دوور بخەنەوە و کارێک بکەن، کە نەتوانن لە ناو کۆمەڵگەدا بمێننەوە. ئەو جۆرە کەسانە مافی ئەوەیان نییە لە خاکی پیرۆزی ئێزیدییەکان و ئێزدخان دا بمێننەوە.
ئێزدیەکان نابێت مام زەکی، مام بەشیر، سەعید حەسەن، زەردەشت شەنگالی و مەروان بەدەل لەبیر بکەن. بۆ دڵسۆزیان بۆ ئەوان دەبێت خاوەنداری لە دۆز و ئامانجەکەیان بکەن. ئەگەر مەروانێک شەهید بووبێت، دەبێت دەیان و سەدان مەروان لە شوێنەکەی دابنرێت. ئازادی بە ئاسانی بەدەست نایەت. بۆ ئەوەی جارێکیتر فەرمان روونەداتەوە، پێویستی بە ئێزدخانی ئازاد و خۆبەڕێوەبەر هەیە. کاتێک ئێزدخان ئازاد و خۆبەڕێوەبەر بوو، ئەوا ئەو کاتە کۆتایی بە فەرمانەکان دەهێنرێت، ئەو کاتە ئێزدیەکان وەک یەکێک لە کۆنترین بیر و باوەڕەکانی مێژوو بەهایەکی زۆر بەنرخ بۆ ناسنامە و کولتووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاد دەکەن.
بۆ یادی ئەو کەسانە، کە لەلایەن داعشەوە کۆمەڵکوژکران و ڕفێندران و شەهیدکران، تاکە وەڵامی دروست ئەوەیە، کە دەبێت ئازادی و خۆبەڕێوەبەریی ئێزدییەکان هەبێت. ئەوە ئیدی خەونی هەموو ئێزدییەکانە. باشە کام ئێزدییە ئەوەی ناوێت؟ ئەگەر خاوەنداری و پشتیوانی لە ئێزدخانی خۆسەر و ئازاد نەکات، ئەوە هۆکارەکەی بۆ ئەو گوشارانە، یان بەرژەوەندییە هەرزانەکان دەگەڕێتەوە.
بەناوی تەڤگەری ئازادیی کوردەوە داوا لە هەموو ئێزدیەکان دەکەین، کە تێکۆشانی ئازادی و خۆبەڕێوەبەریی ئێزدی، لە پێناو مەروان بەدەل و شەهیدانی ئێزدیدا زیاتر و بەهێزتر بکەن. کاتێک ئێزدیەکان خاوەنداری لە ئێزدخانی خۆبەڕێوەبەر و ئازاد بکەن، هیچ هێزێک ناتوانێت ڕێگری لە پێکهێنانی ئێزدخانی ئازاد و خۆسەر و خۆبەڕێوەبەر بکات".
ژ.ت