ڕێکخراوە ئێزدییەکان بانگەوازیان کرد بۆ ئازادکردنی شەڕڤانانی یەبەشە

ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئێزدی بە ڕاگەیاندراوێک بانگەوازێکی بەپەلەیان لە سەرۆک وەزیرانی عێراق سودانی کرد تاوەکو ٥ شەڕڤانەکەی یەبەشە ئازادبکات کە ١٨ ی ئادار لەلایەن سوپای عێراقەوە بە برینداری بەدیل گیران.

لە ١٨ ی ئادار کاتێک شەڕڤانانی یەبەشە لەسەر ئەرکی خۆیان بوون، لە ناوەندی شەنگال کەوتنە بۆسەی هێزەکانی سوپای عێراقەوە، لە ئەنجامدا ٥ شەڕڤانی یەبەشە بە برینداری کەوتنەدەستی سوپای عێراق.

ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەبەردەم پەیکەری قارەمان لە گوندی سالۆخ بە بەشداری زۆر کەس ڕاگەیاندراویان خوێندەوە. لە بانگەوازەکەدا ئاماژەیان بەوەدا، ئەم ڕووداوە دوورە لە خوشک و برایەتی هێزەکانمان لە پاراستنی شنگال لەگەڵ سوپای عێراق، لە کاتێکدا لە شەڕی دژ بە داعش بە هاوکاری و هاوبەشی یەکتر بۆ پاراستنی عێراق و کۆمەڵگای ئێزدی و هەموو پێکهاتەکانی عێراق پێکەوە تێکۆشانمان کرد.

ڕێکخراوەکان بانگەوازێکی بەپەلەیان ئاڕاستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق سوودانی کرد، ئەو پێنج شەڕڤانەی یەبەشە ئازاد بکرێن.

هەروەها لە بانگەوازەکەدا شەڕڤانە دیلەکانی یەبەشە بە 'سەربازی دڵسۆزی عێراق' پێناسە کران و هەروەها جەخت لە گرنگی دەستبەجێ ئازادکردنیان کرایەوە، بەتایبەتی لە ئێستادا کە نزیک دەبینەوە لە سەرساڵی نوێی ئێزدییەکان بەم بۆنەیەوە با ئازادکردنیان ببێتە نیشانەی لێبوردن و نزیکبوونەوە لە یەکتر.