لە ٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٢ بە شێوەیەکی پلان بۆ دانراو و بە هەماهەنگی ٥ تۆپ ئاراستەی گوندی پەرەخ لە حەفتانین کرا. شێوازی هێرشەکە زۆر سەرنج ڕاکێش بوو. لە ساڵی ٢٠١٩-٢٠٢٠ سوپای تورک لە گردەکانی باکوری ناوچەی پەرەخ، کە دۆڵێکی درێژە، لە لای باشورەوە پارتی (پەدەکە) و لە چەند ناوچەیەکیش هێزە هاوبەشەکانی پاسەوانی سنوور سەربە حکومەتی ناوەندی عێراق بڵاوبووبوونەوە. ئەو هێزانەی پاسەوانی سنوور هەر هێزی پارتی (پەدەکە)ن، بەڵام مووچە لە حکومەتی ناوەندی عێراق وەردەگرن. هەروەها هەموو داواکاری و بڕیارەکان بە هاوبەشی لەلایەن پارتی (پەدەکە) و حکومەتی ناوەندی عێراقەوە دەدرێن و جێبەجێ دەکرێن. واتە ئەو هێزانە هێزەکانی پارتین، بەڵام جلوبەرگی حکومەتی ناوەندی عێراقیان لەبەردایە، بۆیە مرۆڤ دەتوانێت لەبری حکومەتی ناوەندی عێراق پێیان بڵێت، کە هێزی پارتی (پەدەکە)ن و ئەوەش لەجێی خۆیدایە.
پێگەی پەرەخ و ئۆپەراسیۆنی دروستکردنی دید و تێگەیشتن
گوندی پەرەخ، کە کۆمەڵکوژییەکەی تێدا ڕوویدا، لە چوار لاوە لەلایەن سوپای تورک و هێزەکانی پارتی (پەدەکە)ەوە چاودێری دەکرێت، بۆیە مەحاڵە مرۆڤ باس لە هەڵەیەکی هەواڵگری، یان کۆمەڵکوژییەکی بە ڕێکەوت بکات. ئەگەر ئەمە هەڵە بوایە، لە هەردوو لای ئەو گردانە هەواڵگریی کاتی لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت و ناوەند هەیە بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆن و چاودێریکردنی. یەکەم تۆپ لەناوەندی گوندەکەی نەدا، بەڵکو کەمێک خوارتر لە گوندەکەی دا. دیاری تۆپی دووەم گردەکانی سەرەوە گەرای دراوتێ، هاوکاتیش چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورک بە ئاسماندا دەسوڕێنەوە، وەک دەوترێت ئەگەر هەڵە بوایە، ئەو دەکرا لە یەکەم تۆپ، یان لە دووەم تۆپ دا بۆردومانەکە ڕابوەستێنرێت، بەڵام بەپێچەوانەوە دوای ئەوەی تۆپی دووەم دەکەوێتە ناوەڕاستی جەماوەرەوە، تۆپبارانەکە بەرەدەوامیی پێدەدرێت لێرەوە زۆر ڕوون بووە، هەم پارتی (پەدەکە) هەم دەوڵەتی تورک پلانیان بۆ ئەو کۆمەڵکوژییە داڕشتبوو.
ڕێکەوت نییە میدیاکانی سەر بە پارتی (پەدەکە) بەتایبەتی ئەوانەی سەر بە مەسرور بارزانی بوون لە کاتی کۆمەڵکوژیەکەدا ئامادەبوون و پێش کۆمەڵکوژییەکە ئۆتۆمبێلی پەخشی ڕاستەوخۆ ئامادەکرابوون و پەخشێکی ڕاستەوخۆی کورتیش بۆ تاقیکردنەوەی دەنگ کرا. هەموو ئەمانە ڕێکەوتن نین. هاوکات ئەم ڕاگەیاندنە هەواڵی یەکەمی کۆمەڵکوژییەکەی بڵاوکردەوە و وەک تاکتیکی میدیایی شەڕی تایبەت ئەمەیان بڵاوکردەوە: "بەهۆی شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکەوە دەیان هاوڵاتی، کە منداڵ و کۆرپەشیان لە ناودایە گیانیان لەدەستداوە"، ئەو یەکەم زانیارییە زۆر گرنگ بوو، واتە لە ئێستاوە بە دڵنیاییەوە یەکێک لەو هێزانە تاوانبارە. ئەوان هەر خۆیان هەمیشە لە دژی پەکەکە هەواڵ و ڕاپۆرتی چەواشە بڵاودەکەنەوە و بەوەش هەر خێرا ئامادەکارییان کرد بۆ تاوانبارکردنی پەکەکە. بەکورتی لەگەڵ یەکەم زانیاردا تێگەیشتن و دیدێکیان لەسەر کۆمەڵکوژییەکە لە دژی پەکەکە دروستکرد و زانیاریەکانی دوای ئەوە هەر چییەک بوایە و چی بوترایە پەخش نەدەکرا و دەپچڕێنرا.
ئەوانەی گیانیان لەدەستدا عێراقی بوون
ئەوە جێی سەرنجە، کە چەند فاکتەرێک هەن، کە بەپێی حسابات و پلانەکەیانە. ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە خەڵکی عێراقن و بۆ گەشتێک هاتوونەتە ئەوێ. ئەمەش هەموو هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی ئەو دید تێگەیشتنە پوچەڵکردەوە، کە پارتی (پەدەکە) کاری بۆ دەکرد. پێشتر ڤیدیۆی هاوڵاتیانی مەدەنی لەلایەن میدیاکانی پارتی (پەدەکە) لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرابوویەوە، ئەمەش ناڕەزاییەکی زۆری لە عێراق دروستکردبوو. لێرەدا فاکتەرێکی تری گرنگ بوو بە ڕۆژەڤ و بەرنامەی کار، سەدر پێش هەموو هێزەکان ئەمەی خستە بەرنامەی کاری خۆی و ڕۆژەڤ. لە عێراق سەدر بەو مانایە دێت، کە خەڵک بڕژێنە سەر شەقامەکان، بەڵام لێرەدا کێشەی سەرەکی ئەوە نییە، کە تاوانی دەوڵەتی تورک ئاشکرا بکەن، بەڵکو سەدر ویستی لایەنگرانی خۆی بباتە سەر شەقامەکان و پارتی (پەدەکە) بترسێنێت. چەند ڕۆژێک دواتر سەدر گەیشتە ئەو ئەنجامە، کە دەیویست و ناڕەزاییەکەی لە ئامانجەکەی خۆی دوورخستەوە و ڕووی کردە پەرلەمان. پلانەکانی دەوڵەتی تورک و هاوپەیمانەکانی پووچەڵکرانەوە و لە کاتی ئەنجامدانی تاوان و لەسەر تاوان دا گیران.
جموجوڵێکی گەورە بۆ سەرکوتکردن و تێکشکاندن
من لەو باوەڕەدام حکومەتی کازمی ڕۆڵی هەبووە لە پەردەپۆشکردنی ئەم ڕووداوەدا، لە کاتێکدا فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق کاردانەوەی هەبوو، بەڵام هەمان ڕۆژ هێزەکانی سەر بە حزبەکەی (پارتی / پەدەکە) لە شاخی ئامێدییەوە پێداویستیی لۆجستی و خۆراکیان بۆ سوپای تورک دەگواستەوە، کاتێک مرۆڤ ئەو شتانە دەخاتە پاڵ یەک ئەوە ڕوون دەبێتەوە، کە جموجوڵێکی بێ ئەخلاقانەی چۆن لە گۆڕێدا بووە. هەوڵمدا بە کورتی ڕووداوەکان ڕوون بکەمەوە و هۆکاری ئەوەی، کە کەمێک زانیاری زیاترم دا ئەوەیە ئەم شتانە پەیوەندییان بە هێرشی چاوەڕوانکراوەوە هەیە بۆ سەر ڕۆژئاوا. دەوڵەتی تورک دەیخواست بەم کۆمەڵکوژییە لەگەڵ پارتی (پەدەکە) و حکومەتی ناوەندی عێراق لە حەفتانینەوە تا قەندیل و لە قەندیلەوە تا شەنگال و مەخمور و لەوێشەوە بۆ ڕۆژئاوا ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی 'سەرکوتکردن و تێکشکاندن' ئەنجام بدەن. ئەو کۆمەڵکوژییە نابەخشرێت و لە بیر ناچێتەوە، هەموویان خەڵکی مەدەنی بوون و زۆربەیان منداڵ بوون و یەکێکیان کۆرپە بوو.
ئایا هیچ پاساوێکی تر لەوە باشتر هەیە؟ بۆ ئەوەی پارتی (پەدەکە) هێرشێکی کارا بکاتە سەر پەکەکە و بەوە دەستی پارتی (پەدەکە) بەهێز دەکرد. تۆ نەدەتوانی چیرۆکێکی لەوە باشترت دروست بکەیت. نە پارتی (پەدەکە) و نە سوپای تورکیا نەگەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە دەیانویست. بارودۆخێکی پێچەوانەیی ڕوویدا. دوای ئەوەش مەسعود بارزانی سەرەتا و بارزانییەکانی دیکە بەناوی دەوڵەتی تورکەوە دەستیان بە قەناعەت پێکردن و پاساو هێنانەوە بۆ دەوڵەت و هێزە عێراقییەکان کرد، پاش ماوەیەکی کەم ئەو ڕووداوە پەردەپۆش کرا. سەرباری ئەوانەش هێرشەکان لە ناوچەکە دووبارە بەردەوامیان هەیە. دەوڵەتی تورکیش لە قوڕدا چەقی و هێز و ورەی کەمبوویەوە. پارتی (پەدەکە) مانگێک پێش ئێستا بە فەرمی کاردانەوە و ناڕەزایەتی بەرامبەر بە کۆمەڵکوژییەکەی دەوڵەتی تورک هەبوو، ئەم جارەیان لە ئامێدی رێگا و بنکە و سەربازگە بۆ دەوڵەتی تورک دروست دەکات.
جموجوڵێکی داگیرکەری، کە بووە پەتی مل
پارتی (پەدەکە) بۆ هاوکاریکردنی سوپای تورک، لە کۆتایی مانگی ئابدا لە شاخی ئامێدی گیری خواردبوو چاوەڕێی هەندێک فرت و فێڵ بوو و دەستی بەخۆ بادان کرد. تەرمی گەورەترین سەربازە پلە بەرزەکانی خولوسی ئاکار لە دەستی گەریلاکاندا بوون و دەڕزان. لەو ماوە کەمەدا دوو هەلیکۆپتەری له شاخی ئامێدی خرابوونە خوارەوە. ناچار بوون دان بە یەکێکیاندا بنێن. دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک، کە دەوڵەتی تورک چیتر ناتوانێت درێژە بەو دۆخە بدات، کام هەلیکۆپتەریان هەڵدەستان گورزی لێی دەدرا. هەموو جموجوڵ و گواستنەوە وهاتۆچۆیەک، کە سوپای دەوڵەتی تورک لە شاخی ئامێدی ئەنجامی بدایە بۆی دەبوو بە مەترسیی گەورەتر. لەبەر ئەوە دەیانویست لە عەرزەوە شتێکی باش بکەن. لەو کاتەدا پارتی (پەدەکە) لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا ڕێگای بۆ دەوڵەتی تورک تاوەکو پارکی پشت ئامێدی دروست کرد و لە ماوەی هەفتەیەکدا ڕێگاکەى گەیاندە سەر شاخی ئامێدی. لە ناوچەی ساها، ئەو شوێنە، کە کۆماندۆی دەوڵەتی تورک وەک بارەگایەک بەکاریان دەهێنا، دەستیان بە دروستکردنی بنکەیەک کرد.
هێزەکانی پارتی (پەدەکە) و سوپای تورک هێشتا پێکەوە لەوێن. سەربازەکان لە هەر سێ سەنگەرەکەی تردا ڕۆژانە ٥ خولەک دەجوڵێن و دەڕۆنەوە بۆ بنکەکەیان و پێداویستیی خۆیان بۆ خواردن دابین دەکەن و دیسانەوە دەگەڕێنەوە بۆ ناو سەنگەرەکان و شوێنەکانی خۆیان. لێرەدا پارتی دەستبەجێ بەشداری شەڕێک بوو و زووتر و لە پێش سوپای تورک دەهاتە پێشەوە. گەیشتووەتە ئاستێک، کە خۆی دەخاتە مەترسییەوە. نەک هەر بە کردەوە بەشداری شەڕ بووە ڕێگریش لەوەفدەکانی دەرەوەی وڵات دەکات و ڕێ لەڕۆژنامەنووسان دەگرێت و ناهێڵت بچنە ناوچەکە و هەموو ئەوانەش و کارە تێکدەری و ئاژاوەگێڕانەکانی بەناوی کوردەوە دەکات. لەگۆڕەپانی نێونەتەوەیدا پشتی دەوڵەتی تورکیا بەهێز دەکەن. هەموو ئەمانە ناتوانن قەبارەی گەورەیی جەنگەکە بشارنەوە. جەنگەکە زۆر گەورە و فراوانە. هاوکات دەوڵەتی تورک لە مەیدانەکانی شەڕدا تاوانی گەورەی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات. گەریلاکانیش ناسرەون و ئەو بەڵگەنامانە، کە ڕاستیەکان ئاشکرا دەکەن بۆ ڕای گشتیی بڵاو دەکەن، هەموو چەواشەکارییەکانی دەوڵەتی تورک و پارتی (پەدەکە) پوچەڵ دەکەنەوە. بازنەکە توندتر دەبێتەوە.
دەوڵەتی تورک هێرشەکانی خۆی زیاتر دەکات
لەبەر ئەوەی سوپای تورک شکستی هێنا، جگە لە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکە هیچ جێگرەوەیەکی تر بۆ خۆی نابینێت. لەم کاتەدا قورسیی خۆیان خستووەتە سەر ڕۆژهەڵاتی زاپ و هێڵی چەمچۆ و سیدا، لە هەمان کاتدا هەوڵ دەدەن تونێلەکانی شەڕی ئاڤاشین، وەرخەل، ئەشکەوتی برینداران و کارکەر لە زاپ بڕوخێنن. خاڵێک کە من وەک بارودۆخێکی گرنگ دەیبینم و دەبێت بە تایبەتی هەڵوەستەی لەسەر بکرێت ئەوەیە، پێش ئەوەی شۆفڵ و بلدۆزەرەکان بهێنرێنە ئێرە، ئەم ناوچانە هەموو ڕۆژێک بە بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی بۆردومان دەکرا. هاوکات هەپەگە لە لێدوانەکانیدا زانیاری ڕوونی لەبارەی گازە کیمیاییەکان و ئەو چەکانە، کە بەکاردەهێنران بۆ ڕای گشتی بڵاودەکردەوە. لە ئەنجامی هەموو ئەمانەدا سوپای تورک نەیتوانی بەرخۆدانی گەریلا تێکبشکێنێت، بە حەفارە و شۆفڵ و بلدۆزەر، بە تانک و زرێپۆشەوە چووە زاپ، بەڵام ئەوەش بە مانای تێچوویەکی زۆر و مەترسییەکی زۆرە، چونکە هەموو زرێپۆش و تانکەکانی لەلایەن تیمە گەڕۆکەکانی گەریلاوە دەکرانە ئامانج. هەتا هاوین شەڕی بە چڕی و بە خێرایی بەردەوام بوو و توندوتیژیەکانی زیاتر بوون. نە هەوڵەکانی پارتی (پەدەکە)، نە بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی و چەک و گازە کیمیاییەکان نەیانتوانی دەوڵەتی تورک بە ئەنجام بگات، سوپای تورک گیری خواردووە. لە کاتێکی وەهادا هەپەگە یەک لەسەر یەک وێنە و ڤیدیۆ و بەڵگەنامەکانی تاوانەکانی دەوڵەتی تورک بڵاودەکاتەوە و بە ڕوونی دەریاندەخات، کە چۆن شەڕ لە چ ئاستێک و شێوازێکدا بەردەوامە.
دۆکیومێنت و بەڵگەکان بڵاوکرانەوە
ڤیدیۆی دوا ساتەکانی ئەو دوو گەریلایە، کە کەوتبوونە ژێر ئەنجامی گازی کیمیایی و مابوونەوە لەلایەن هەپەگەوە بڵاوکرایەوە. ئەم دیمەنە لە کۆتایی هاویندا بڵاوکرایەوە و بەڵگەنامەیەکی گرنگ و مێژوویی بوو لەسەر کارەکتەر و تایبەتمەندی و قەبارەی جەنگەکەی پیشان دەدا. پێش هەموو شتێک هەپەگە و بەڕێوبەریی بزووتنەوەی ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بە گشتی بۆ ماوەیەک لەبارەی بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆ و بەڵگانە شیکاری و هەڵسەنگاندنیان کرد و سەرەتا نەیاندەویست بڵاویان بکەنەوە. چونکە ئەو هێزە ئەسڵ و ڕەسەنەی، کە شەڕی جینۆسایدکردنی کوردان دەکەن و پشتیوانی لەو شەڕە دەکەن، سەرباری ئەوەی زۆرجار بەڵگە و فیلم و تاقیکردنەوەکانی دی ئێن ئەی بۆ ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان نێردراون، بەڵام ئەو هێزانە نەیانهێشت تاوانەکانی دەوڵەتی تورک ئاشکرا بکرێن و خۆیان و بەشێکی زۆری ئەو رێکخراوانەشیان بێدەنگ دەکرد. بۆ ئەوەی لە ڕاستیەکان تێبگەین و ڕاستییەکان ڕوون بێتەوە، ئەم ڤیدیۆ و بەڵگانە بڵاوکرانەوە. ئەو ڤیدیۆ و دیمەنانە، کە مرۆڤ نەیدەخواست سەیری بکات، بۆ گەریلاکانی هەپەگە ئاسان نەبوو.
بێگومان بۆ گەلی کورد و بنەماڵەی هەردوو گەریلاکانی هەپەگە کە شەهیدبوون، بابەتێکی قورس بوو. بەڵام بۆ ئەوەی راستی تێبگەیەنرێت و ببینرێت کە کچ و کوڕانی کورد چ شەڕێکی قارەمانانە دەکەن، دەبێت ئەوە ببینرایە. دەبوایە ببینرایە کە پەدەکە لەپێشەوە و هێزە هەرێمی و نێونەتەوەییەکان چ هاوکارییەکیان دروست کردووە. دەبوایە گەلی کورد ئەو شتەی بدیبایە. ئەو بەڵگە مێژووییانەی کە هەپەگە رایگەیاند ئەو راستیەی پێنیشانداین، هێزە نێونەتەوەییەکان بەتایبەتیش نەتەوەیەکگرتووەکان نەک هەر بێدەنگ دەبن، ئەو دەرفەتەش بە دەوڵەتی تورک دەدەن و خۆیان لە بێدەنگی دەدەن. ئەو راستییە خراوەتەڕوو. ئەو هێزە سەرەکیەی کە قڕکردنی کوردان بەڕێوە دەبات خودی ناتۆیە. بەم جۆرە پلانی لەناوبردنی بزوتنەوەی ئازادیی کوردستانیان گرتووەتەبەر. بە دەستی رژێمی تورکی فاشیست ئەو لەناوبردنە جێبەجێ دەکەن. لەلایەکی دیکەشەوە پێداگری دەکەن کە بارزانییەکان وەک نوێنەر بە سەر گەلی کورددا بسەپێنن. ئەو هەموو رووداوانەش هەڵبەتە لە رووی سیاسی و ویژدانییەوە لەلایەن گەلی کوردەوە دەزانرێن. یادەوەرییەکی هاوبەش هەیە کە سەدەیەکی بە قڕکردن، پیلانگێری و خیانەتی ناوخۆیی تێپەڕاندووە. ئەگەر هەندێک کەس بڕوایان بە هێزەکانی سەرمایە و ئامرازەکانی راگەیاندن هەیە و دەیانەوێت راستی پێچەوانە بکەن و نایانەوێت راستییەکان ببینن، ئەوانە هەڵەدەکەن. نەک ساڵ ئەگەر سەدەیەکیش تێپەڕبێت، ئەوان باجی ئەو کۆمەڵکوژی، ستەم، ناحەقی و خیانەتانە دەدەن. ئەوە لە بیرەوەری گەلی کورددا چەسپاوە و لە بیر ناکرێت.
گەریلا زیاتر شارەزا و زانابووە
هێزەکانی گەریلا ماوەی دوو ساڵە بە ئیرادەیەکی پۆڵایین شەڕێکی بەو جۆرە دەکەن کە رەنگە لە جیهاندا نمونەی نییە. سەرباری هەموو تواناکان بە شێوازی دڕندانە هێرشیان دەکرێتە سەر و هاوڕێکانیان شەهید دەبن، ئەمە وایکرد کە تۆڵەسەندنە و ئیرادەی ئەوان بۆ شەڕیش بەو رادەیە بەهێز بێت.
ئاشکرایە کە بەو شێوازە دڕندانە و بێ ئەخلاقیانە هەوڵ دەدرێت بەرخودان گەریلا تێکبشکێندرێت. بەڵام ئەوانە دەبنە هۆکار کە هێزەکانی گەریلا بەرەو تێکۆشانێکی دژوارتر و توندتر برۆن. لەم چوارچێوەدا ئۆپراسیۆنە شۆڕشگێڕییەکانی ئەم رۆژانەی دوایی، کە ئەنجامدران بۆ تۆڵەسەندنەوەی هێرشە کیمیاییەکانی بوو. زانیاری گرنگ هەیە کە ئێمە ئاستی پێرفۆرمانس و وردەی گەریلا باشتر ببینین، بە تایبەتی لە ئەزمونی شەڕی دوو ساڵی رابردوو. لە لایەکی دیکەوە ئێمەش دەبینین کە دەوڵەتی تورک بەو ئۆپراسیۆنانەی کە لە رۆژئاوا بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکا و روسیا ئەنجامیان دەدات، لە بەرامبەر ئۆپراسیۆنە شۆڕشگێڕییەکانی گەریلا ئۆپراسیۆنێکی جۆنی دەستپێکردووە. ئەستەمە کە بەو هەموو پەرەسەندنانەوە سەربەخۆ و بێلایەن بوەستن و لە لای رای گشتی هۆشمەندی و عەقڵیەتێکی بەم جۆرە هەیە. بەڵام لێرەدا خاڵی گرنگ ئەوەیە کە ناتۆ لە دژی گەلی کورد چ شەڕێکی لەناوبردنی بەڕێوەبردووە و چ یارمەتییەکی بە رژێمی تورکی فاشیست داوە کە تا بینەقاقا لە زاپ گیریخواردبوو، ئێمە ئەوە بە روونی دەبینین.
ئەو ئۆپراسیۆنە شۆڕشگێڕیانەی توندتر بوونەوە
زەحمەتی و تەنگەزارییەکانی سوپای تورک لە مانگەکانی ئاب و ئەیلولدا هاتنە ئاراوە. رەنگە سوپای تورک بۆخۆشی بە باشی هێزی گەریلای دەزانی، لێکدانەوەی دەکرد کە گەریلا تۆڵەی هەڤاڵانی خۆیان کە بە شێوەیەکی دڕندانە بە چەکی کیمیایی شەهیدبوون بکاتەوە. لەگەڵ دەستپێکردنی بارانی پاییزی، یەکینەکانی گەڕۆکی گەریلا دەرفەتیان بۆ رەخسا کە ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێڕی بەرفراوان و هەماهەنگ رێکبخەن. لەو دۆخەدا سوپای تورک بۆ ئەوەی لە زووترین ماوەدا بگاتە زۆر ناوچە پەلەی کرد، بەڵام لەو دۆخەدا نەبوو کە تەنیا خۆی لە هەرێمەکە لە رووی رێگە، کەرستەی بیناسازی و ئۆتۆمبێلی زریپۆش باڵادەست بێت. بەپێچەوانەوە بە هەموو دەرفەت و تواناکانیەوە هاتنی سوپای تورک بۆ ناو قوڵایی هەرێم، ئامانجەکانی گەریلای زیاتر کردووە. لەبەر ئەوەی گەیشتبووە ئەو خاڵەی تەنیا دوو بژاردە مابوون؛ یان ئەوەی سوپای تورک هەموو سەربازانی خۆی بکشێنێتەوە و دانی پێدا بنێت کە ئۆپراسیۆنەکە سەرنەکەوتووە، یاخود سەربازی زیانی زۆری گیانی و مادی درێژەی پێبدات. بەلەبەرچاوگرتنی کاراکتەری رژێمێکی لەم جۆرە، دەرکەوت کە لەسەر ئەوە پێداگری دەکات و بە داڕشتنەوە و دیزاینکردنی سیاسەتی ناوخۆیی بۆ ئەو دۆخە رژێمەکەی رەها و یەکدەست بکات.
نیشاندانی شەڕ لە گۆڕەپانەکان بۆ کۆمەڵگا بە تەواوەتی جیاوازە. لەمانگەکانی ئاب و تشرینی دووەمدا ئەو رووداوانەی دەریدەخەن کە دۆخەکە گەیشتووەتە بن بەست زیاتر هاتووەتە ئاراوە. یەکەم لە هەرێمی شاخی جودی لە رۆژئاوای زاپ روویدا. سوپای تورک کە لە ئۆپراسیۆنە شۆڕشگێڕییەکانی تیمە گەڕۆکەکانی گەریلا گورزی گەورەی بەرکەوتبوو، لەو ناوچانە بێکاریگەر کرا و تەرمی سەربازەکانی لە ژێر کۆنتڕۆلی گەریلادا بوون. لەوێ ئێمە رووبەڕووی راستییەکی نامرۆڤانەین. سەربازەکانی هەنگاویان ناو و هاتنە سەر تەرمەکانی خۆیان، لە بری ئەوەی تەرمەکان ببەنەوە، تەرمەکانیان لەسەریەک کۆکردەوە و سوتاندیانن. زانیارییەکی تر لەوێ سەرنجراکێشتر بوو، کە ئەو گەریلایانەی لە هەرێمەکانی ترەوە شایەت و بینەر بوون، تەرمی هەندێک سەرباز دەبرێنەوە، هەندێکیش لە گۆڕەپانەکە دەهێڵرێنەوە یا خود بە بۆردومانی قورس لەناودەبرێن. لە روانگەی منەوە گرنترین و بنچینەییترین خاڵ ئەمەیە. بۆچی تەرمی هەندێک سەرباز بە تایبەتی دەبردرێنەوە؟ مەگەر ئەوانە سەربازی پلەدارن؟ یاخود تەنیا بۆ پڕکردنی دارمەیت و مەراسیمی بەخاکسپاردنی ئەوە دەکەن؟ ئەگەر بابەتەکە تەنیا پڕکردنەوەی تابوت و دارمەت بووایە، بۆ ئەو سەربازەی تەرمەکەی لەدەستی گەریلادابوو مەراسیمێک سازکرا و رەنگە تابوتی بەتاڵیش هەڵگیرا. ئەوکاتە بە ئەگەری زۆر ئەوانە سەربازی پلەدارن لەبەر ئەوە بە پێداگرییەوە لەهەندێک ناوچە دەیانویست تەرمەکان هەڵبگرنەوە. کاتێکیش ناتوانن هەڵیانبگرنەوە بە بۆردومانی چڕ تەرمەکانی خۆیان پارچەپارچە دەکەن.
لە ٣ی تشرینی دووەمدا لە هەرێمی شاخی ئێف ئێم لە نێوان مەتینا و رۆژئاوای زاپدا رووداوێکی تر هاتەئاراوە. دوای چالاکی گەریلا تەرمی سەربازێک و کەلوپەلی سەربازی دەستیان بەسەردا گیرا. دواتر هەپەگە ناسنامەی ئەو سەربازەی ئاشکرا کرد. دواتریش هەپەگە زانیارییەکانی لە بارەی ناسنامەی ئەو سەربازە خستەڕوو و زانرا کە ؛ سوپای تورک ناوی ئەو سەربازەی بۆ رای گشتی ئاشکرا نەکردووە. ئەوە رووداوێکی لەو جۆرە بوو کە دەریدەخات کە دۆخەکە چەندە لە ژێر کۆنترۆڵی سوپای تورک دەرچووە. رووداوی لەو جۆرە دەیسان روویاندایەوە. دەبێت لێرەدا سەرنج بۆ سەر ئەوە رابکێشم؛ من تەنیا هەوڵمدا لێرە هەندێک رووداوی تایبەت وەک نمونە نیشان بدەم، ئەگەر ئێمە بە وردەکارییەوە لە راگەیەندراوەکانی هەپەگە لە تەواوی ساڵەکە بڕوانین و ئەو ڤیدیۆیانەی کە لە رێگەی گەریلا تیڤییەوە بڵاودەکرێنەوە سەیر بکەین، ئەوە دەستەبەر دەبێت کە بەو پەڕی روونیەوە ببینین کە سوپای تورک لە ج شکستێکی گەورەدایە. لەبەر ئەوە من لێرەدا تەنیا هەندێک رووداو کە خاڵەکانی شکستی گەورە دەستنیشان دەکەن بە کورتی باسیان لێدەکەم.
بەپەلەپەل رووی کردە سەر سنوور
ئەو ئۆپراسیۆنە شۆڕشگێڕییانەی گەریلا لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەم لە هەرێمەکانی شاخی جودیی زاپ و شاخی هەکاری مەتینا ئەنجامیدان، لەناو سەربازانی رژێمی فاشیستدا هەژاندن و شڵەژانێکی دروست کرد. خولوسی ئاکار بەپەلەپەل هاتە ناوچە سنوورییەکان و لەو لێدوانەی کە دای مرۆڤ تێدەگات کە چۆن تووشی شۆک و تاسان بووە. وەک لێرەشەوە دەبینرێت و رووندەبێتەوە، گەریلا بە گوێرەی هەر وەرز و هەلومەرجێکی گۆڕەپانەکان تاکتیک و شێوازی جموجۆڵ پێشدەخات. بەڵام ئەو تاکتیکانەی کە هەموو ساڵ ئەنجامی دەوڵەمەندتر و جیاوازتر بەدەستەوە دەدەن. لەبر ئەوەی ئێمە کاتێک لە دۆخی گۆڕەپانی شەڕ دەڕوانین، هەموو تاکتیکەکانی ئۆپراسیۆنی سوپای تورک جێگیرن، جگە لە هەندێک تاکتیکی سەرەکی، وەک نمونە سەربازەکان بە هەلیکۆپتەر دادەنێن لەسەر گردێک و جێگیریان دەکەن کە بە گشتی هەلیکۆپتەرەکان دەکرێنە ئامانج و گورزیان لێدەدرێت. دواتر هەوڵ دەدات ئەو تونێلانەی شەڕ کە گەریلایان تێدابێت لەناویان ببات و لەوێ بە دژواری چەکی ئەتۆمی تاکتیکی و کیمیایی بەکاردەهێنێت. لەو دۆخەدا هێزی گەریلا بە هەموو هێزی خۆیەوە لە تونێلەکاندا خۆڕاگری دەکەن، لەلایەکیترەوە یەکینەکانی گەریلا کە لە قوڵایی گۆڕەپانەکە جێگیر بوون، بێ پسانەوە لە یەکینەکانی دوژمن لە دەوروبەر دەدەن. لەمانگی ئابدا لە چالاکی گەریلاکان لە هەرێمی مامڕەشۆی ئاڤاشین ئەگەر وەک نمونە نیشان بدرێت زۆر روونترە. هەرێمی مامڕەشۆ یەک لەبەرە سەرەتاییەکان دەستپێکردنی ئەو ئۆپراسیۆنە بوو کە لە ٢٤ی نیسانی ٢٠٢١ دا دەستیپێکرابوو. لەبەر ئەوە، وەک ئەوەی لێرەدا دەبینرێت، دەبێت بە تایبەتی بەبیربهێنرێتەوە کە گوایە سوپای تورک بە تەواوەتی باڵادەست بووە، بارەگایەکی دروست کردووە و بەرەو هێڵی وەرخەلێ و چەمچۆ دەچێت. ئاشکرایە کە وەزیری شەڕی رژێمی فاشیست لەبەر ئەوەی هێزەکانی گەریلا لە مانگەکانی زستان و سەرەتای بەهاردا چالاکیی شۆڕشگێڕانە زیاتر دەکەن و سوپای تورک گورزی قورستریان بەردەکەوێت، بۆ ماوەیەک لەسەر سنوور جێگیر دەبن.
دەبێت گەلانی تورکیا بڕیار بدەن
بەرخودانی پارادایم و سیستمێک کە رێبەر ئاپۆ لە ئیمڕالی لە دژی هەموو گوشارەکان پێشیخست و بەرخودانی گەلی کورد بەتایبەتی گەریلا هاوتەریب لەگەڵ بەرخودانی ئیمڕاڵی دەستیپێکرد کە بۆ گەلانی ناوچەکە بە تایبەتی و بۆ گەلانی جیهان بووەتە سەرچاوەی هیوا. ئەمڕۆ ئەگەر لە ئاستی دەوڵەتانیشدا رێگە بە فاشیزمی دەوڵەتی تورک بدرێت، گەلانی جیهان و ویژدانی مرۆڤایەتی لەبەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژیە بێدەنگ نابن. لێرەدا ئەوەی گرنگە ئەمەیە؛ گەلی تورک بڕێارێکی چۆن دەدات. یا بە کاردانەوەی نەژادپەرستی ساڵان کە دەوڵەت بەڕێوەی بردووە، هەموو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ گەلی کورد بپچڕێنن، یاخود ئەو ژەهراویکردنە نەژادپەرستیە بناسن و دەست لە سیاسەتی نکۆڵی و قڕکردن هەڵبگرن و لەگەڵ گەلی کورددا ئایندەیەکی یەکسان بونیاد بنێن. دەبێت هێزە رۆشنبیر و دیموکراتەکانی تورکیا کاریگەری روخێنەری ئەو شەڕە بە دروستی هەڵبسەنگێنن.
ژ. ت / هـ . ب