کۆنگرەی گەل: خاوەنداری لە دەستکەوتەکانی شەنگال دەکەین

هاوسەرۆکایەتی دیوانی کۆنگرەی گەل باسی لە مەترسیەکانی سەر شەنگال کرد و بانگەوازیەکی ئاڕاستەی کۆمەلگای کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات کرد کە خاوەنداری لە دەستکەوتەکانی شەنگال بکەن.

هاوسەرۆکایەتی دیوانی کۆنگرەی گەل بە بۆنەی جەژنی ئێزی-ی کۆمەڵگای ئێزدیەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە و پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی کوردانی ئێزدی و گەلی کوردستان کرد.

لە پەیامەکەی کۆنگرەی گەلدا هاتووە:

" بە داخەوە کە گەلی ئێزدی لە ناو هەڵومەرجێکی نالەباردا پێشوازی لە جەژنی ئێزی دەکات. پەدەکە لە ساڵی ٢٠١٤دا شەنگالی رادەستی داعش کرد، ئێستاش رادەستی حکومەتی بەغدای دەکات، بەڵام گەلی ئێزدی لە ساڵی ٢٠١٤وە لە بەرامبەر پلان و کۆمەڵکوژی جەستەیی و سیاسی، خۆڕاگریەکی بێوێنە بەڕیوە دەبات.

ئێمە بە دڵ و گیان پیرۆزبایی لەم خۆڕاگریەی گەلی شەنگال دەکەین. بە راستی خۆڕاگریەکی قارەمانانە و بێوێنەیان کرد. پێویستە گەلەکەمان ئەوە باش بزانێت کە بنەمای پاراستنی شکۆمەندیەکانی شەنگال بە خۆڕاگری گەلەکەمان بەدی دێت. لەسەر ئەم بنەمایەش پێویستە گەلەکەمان بڕوا بە هێزی خۆی بهێنیت. لەم بارودۆخەدا پێویستە جەژنیش ببێت بە بۆنەیەک بۆ خاوەنداریکردن لە دەستکەوتەکانی گەلی شەنگال.

گەلی کوردستان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات دەبێت خاوەنداری لە شەنگال بکات. لە هەڵومەرجێکی وەهاشدا، شەهادەتی مام بەشیری بۆ ئێمە و گەلی ئێزدی کۆسپێکی گەورە بوو. شەهادەتی مام بەشیر هۆکاری بەرفراوانکردنی تێکۆشانی خاوەنداریکردنە لە شەنگال. ئێمە لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانین خاوەنداری لە هەموو شەهیدەکانمان بکەین.  

پاشەکشەی پێشمەرگەکانی پەدەکە لە شەنگال لە ساڵی ٢٠١٤دا بریتی بوو لە ٧٤هەمین فەرمانی دژ بە ئێزدیەکان. بەرپرسیاری ئەمە، پەدەکەیە. ئێستاش ئەم رێکەوتنەی سەر شەنگال کە لەگەڵ حکومەتی بەغدا کردوویەتی، بەردەوامیی ئەو فەرمانەیە. دەیانەوێت گەلی شەنگال بە دیل بگرن و هیوا و بڕواکانی گەلی ئێزدی لەناو بەرن. گەلی کوردستان و گەلی ئێزدی هیچ کات ئەمە قبوڵ ناکات و لەبیریشی ناکەن.

گەلی شەنگال لە بەرامبەر داعش پاراستنێکی رەوایان کرد. کچ و کوڕی ئێزدی (یەبەشە و یەژەشە) خۆیان بەرێکخستن کرد و گەلەکەیان پاراست و نەیانهێشت ٧٤هەمین فەرمانی دژی شەنگال بگات بە ئامانجەکانی. ئێستاش لە دژی رێکەوتنەکەی پەدەکە و حکومەتی بەغدا، گەلەکەیان دەپارێزن.         

جارێکی تر جەژنی ئێزی بەرز و پیرۆز رادەگرین و بانگەوازیشمان بۆ گەلی کوردستان ئەوەیە کە؛

گەلی شەنگال ئێستا لە دژی ٧٥هەمین فەرمان خۆڕاگریەکی مێژوویی بەڕێوە برد. هیچ شتێک لەو خۆڕاگریە پیرۆزتر نیە. ئێمە بە گشتی قەرزداری گەلی ئێزدین کە توانیان ٧٥هەمین فەرمان تێپەڕێنن. پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی شەنگال بۆ ئێمە ئەرکێکی مرۆیی، نەتەوەیی و ئەخلاقیە. دەبێت لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بە رۆحی سەرکەوتن، خاوەنداری لە شەنگال بکەین و خۆڕاگری بەرفراوانتر بکەین. لەسەر ئەم بنەمایەش ئێمە دەتوانین وڵامی پلانەکانی دەوڵەتی داگیرکەر و هاوکارانی بدەینەوە."

ز.ش