کەنەکە: پێویستە دەسەڵاتداری تورکیا هەنگاوەکان بۆ پرۆسەی چارەسەری بنێت
کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ئاماژەی بەوەدا پێویستە هەموو لایەن و هێزەکان پێشوازی لە بریارەکەیی پەکەکە بکەن.
کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ئاماژەی بەوەدا پێویستە هەموو لایەن و هێزەکان پێشوازی لە بریارەکەیی پەکەکە بکەن.
کەنەکە پەیوەست بە بریار و دەرنجامەکانی کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا بانگەوازی لە هەموو هێز و لایەن نەتەوەیی و نێونەتەوەییەکان کرد هەنگاوبنێنن بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری. ئاماژەی بەوەشدا پەکەکە بڕیارێکی مێژوویی داوە.
ڕاگەیاندراوەکەی کەنەکە بەم شێوەیە:
"وەک دەزانرێت لە دورگەی ئیمرالی دانوستان لە نێوان بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان و بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیا سەبارەت بە چارەسەریی پرسی کورد بەڕێوە دەچێت. لە ئەنجامی کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنەکاندابەڕێز ئۆجەلان لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا بانگەوازییەکی بە ناوی "بانگەواز بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک" بڵاوکردەوە. لە وەڵامی ئەم بانگەوازەدا پارتی کرێکارانی کوردستان لە نێوان ٥-٧ی ئایاری ٢٠٢٥دا کۆنگرەی ١٢ی خۆی بەست، دوێنێش لە بەیاننامەیەکدا ئەنجامی کۆنگرە بۆ ڕای گشتیی ڕاگەیەندرا. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، پەکەکە ڕۆڵی مێژوویی خۆی بینیوە و بۆ ئەوەی پرسی کورد بە ئاشتی و دیالۆگ چارەسەر بکرێت، چیتر تەڤگەری ئازادیی کوردستان لەژێر ناوی پەکەکەدا چالاکی ناکات و خەباتی چەکداری لەدژی دەوڵەتی تورکیا ڕادەگرێت.
هەم بانگەوازەکەی بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالان و هەم دەرئەنجامی کۆنگرەی پەکەکە هەنگاوی مێژوویین. ئه م بانگەوازیی و ئەنجامه کاریگەڕییەکی زۆری له سەر ڕای گشتیی کوردی و جیهانیدا دروست کرد. لە ئاستی دامودەزگا گەورە نێودەوڵەتییەکان و زلهێزەکانی جیهاندا بە شێوەیەکی ئەرێنی پێشوازییان لێکرا و بە لێدوانەکانیان پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرییان کرد. هەروەها پارت و ڕێکخراوە کوردییەکان هەڵوێستی ئەرێنی خۆیان دەربڕی و پشتیوانی پڕۆسەکەیان کرد. هەرچەندە وەک چاوەڕوان دەکرا نەبوو، بەڵام دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکیاش بە شێوەیەکی ئەرێنی پێشوازییان لێکرد.
ئێمە وەک کەنەکە بە ئەرێنی دەڕوانین و پشتیوانی لە پڕۆسەی ئیمرالی لە نێوان بەێز ئۆجالان و دەوڵەتی تورکیا و بانگەوازەکەی بەێز ئۆجالان و دەرئەنجامی کۆنگرەی پەکەکە دەکەین. بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بگاتە ئەنجامێکی سەرکەوتوو، ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە هەموو دەفەتەکانمان کەڵک وەردەگرین. پرۆسەیەکی گرنگە و ئەگەر پرسی کورد لە باکوری کوردستان چارەسەر بکرێت، کاریگەریی زۆر ئەرێنی لەسەر سێ پارچەکەی تری کوردستانیش دەبێت.
دەربارەی ئەم بابەتە؛ داوا لە هەموو هێز و دامەزراوە و لایەن و ڕێکخراوەکان و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەین کە بە شێوەیەکی ئەرێنی بەشداری ئەم پرۆسەیە بکەن و پشتیوانی لێ بکەن.
داوا لە دۆستانی گەلی کورد و هێزە ئاشتیخوازەکان دەکەین کە لەم پڕۆسەیەدا گەلی کورد بە تەنیا جێ نەهێڵن و بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە خەبات بکەن.
هەروەها داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و زلهێزە جیهانییەکان دەکەین؛ بەتەنها لێدوانی ئەرێنی بەس نییە، پەیوەندییەکانتان لەگەڵ تورکیا بەکار بهێنن بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە.
هەروەها داوا لە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکیا دەکەین کە ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە لە کاتێکدا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئێوەدایە. بۆ ئەوەی ئەم پڕۆسەیە بەرەو پێش بچێت، بەێز ئۆجالان ئازاد بکەن، شەڕ ڕابگرن، بە زووترین کات ئەم پرسە بخەنە کارنامەی پەرلەمان و بنەمای سیاسی و یاسایی بۆ چارەسەرکردن دروست بکەن.
هیوادارین هەموو لایەنەکان بە ئەرکی بەرپرسیارێتی خۆیان هەستن و لەم پرۆسەیەدا پرسی کورد چارەسەر ببێت."