کەنەکە یادی قازی محەمەد و هاوڕێیانی کردەوە

کەنەکە لە ٧٨هەمین ساڵیادی لە سێدارەدانیاندا یادی سەرۆکی کۆماری کوردستانی مەهاباد قازی محەمەد و هاوڕێیانی کردەوە.

کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە ٧٨هەمین ساڵیادی لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد و هاوڕێیانیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە.

لە سەرەتایی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە کراوە بە کات و شوێنی لە سێدارەدانی قازی محەمەد و هاوڕێیانی و هاتووە: "قازی محەمەد و هاوڕێیانی بە دڵسۆزییەکی مەزنەوە بۆ ئازادی و سەربەخۆبوونی کوردستان تێکۆشان. بە دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە ڕزگاری گەلی کورددا هەنگاوێکی گرنگ و کاریگەرییان هاویشت."

لە بەردەوامی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بە پیلانگێڕی بەرژەوەندخوازانەی هێزە کۆڵۆنیالیستەکان بە پێشەنگایەتی بەریتانیا کراوە لە هاوکاریکردنی ڕژێمی شایی ئەوکاتی ئێران لە هێرشکردنەسەر کۆماری مەهاباد دا و هاتووە: "قازی محەمەد و هاوڕێیانی تێکۆشەری لە گۆڕەپانی چوارچرادا لەسێدارە دران. تێکۆشانی قازی محەمەد و هاوڕێیانی و ئەو ستەمەی لەوان کرا بە شێوەیەکی ڕوون نیشاندەری ئەوەیە کە هێزە نێونەتەوەییەکان چۆن نزیکی کوردان دەبنەوە و چ ستەمێک دەکەن لە پێناو بەرژەوەندی خۆیاندا. بە نزیکایەتی ئەو هێزانە لە کۆماری کوردستان بەڕوونی دەردەکەوێت کە بەرپرسیارێتی ڕاستی پرسی کورد و چارەسەرنەبوونی، هێزە کۆنالیستەکانن و بە ئێستاشەوە ئەو نزیکایەتییەیان بەردەوامە."

کاتێک کۆماری کوردستان ڕاگەیاندرا و دەستکەوتە گەورەکانی ڕێکخستنی کۆمەڵگەی کوردی، فەرهەنگ، کەلتور، پەروەردە و فێرکردن، ئابووری و بە گشتی دامەزراوەکردنی دەوڵەتی تێدا بوو، بەڵام بەداخەوە بە هاوکاری کۆلۆنیالیزمی نێونەتەوەیی و هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران، کۆتایی بە کۆمارەکە هات. جارێکی تر بە پلان و پیللانگێڕی نێونەتەوەیی، ئەو خەون و هیوای ڕزگاری و ئازادییانەی کورد وەک مافێکی ڕەوا پێشێل کرا و لەو بەشەی کوردستان داگیرکاری تاوەکو ڕۆژی ئەمڕۆ بەردەوامە. 

لەو کاتەدا بڕیار و ڕاگەیانکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بە ناوی کۆماری کوردستان، بڕیارێکی سیاسی و کۆمەڵگەیی بوێرانە بوو، لە نێو ئەو هەلومەرجە سەختانەی کۆتایی جەنگی جیهانی دووەمدا بوو. چونکە ئەو هەوڵ و جەنگاوەرەی پێشەنگانەی کۆمارەکە بۆ ئێمە و مێژوو بوون بە نموونە و پەند، و پێشەوا قازی محەمەد، وەک سیمبولێکی مەزن لە نێو پەڕەکانی مێژوودا جێی خۆی گرت و نووسرا.

ئەمڕۆش، لە بەرانبەر دەسەڵاتداری دەوڵەتی ئێران، گەنجانی کورد، ژنانی کورد، بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بە ڕێکخستن و دامەزراوە سیاسییەکانیان، کۆمەڵگەی و پاراستنی ڕەوا، تێکۆشێکی داستانی بەڕێوەدەبەن. لە بەرانبەردا دەوڵەتی ئێران، سزای لە سێدارەدانی گەنجانی کورد ڕۆژانە جێبەجێ دەکات، تێکۆشەر، سیاسەتمەدار و چالاکوانانی کورد لە زیندانەکان بە بارمەتە دەگرێت و لە ژێر ناوی بازرگانییدا کۆمەڵکووژی ئەنجام دەدات، گەلی کورد لە تێکۆشانی خۆی، بە خاوەندارێتی کردن لە دۆزی قازی محەمەد و هاوڕێکانی بەردەوامە. 

ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)، لە یادکردنەوەی ٧٨ ساڵەی شەهیدبوونی پێشەوا قازی محەمەد، سەیف قازی، سەدر قازی و هەموو شەهیدانی کوردستان، جارێکی تر بە ڕێز و شکۆوە یادیان دەکەینەوە و لە یادکردنەوەیاندا سەری ڕێز دادەنەوێنین."

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا داگیرکەرانی کوردستان بە توندی شەرمەزارکران و تاوانبارکران.