کەنەکە: ئامانجی سەرەکیمان رێگریکردن لە شەڕی نێوان کورد و کوردە

شاندی کەنەکە کە بە ئامانجی رێگریکردن لە ئالۆزیەکان و هەوڵە تێکدەرەکانی پەدەکە لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان و رێکخستن و پێکهاتەکانی باشووری کوردستان کۆبووەوە، کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسی ئەنجامدا.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا هەوڵەکانیان بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان و مەترسی شەڕی کورد بە کورد خستەڕوو، ئاماژەیان بەوەدا لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان کۆبوونەتەوە و گفتوگۆیان کردووە جگە لە پەدەکە، هاوسەرۆکی کەنەکە ئاشکرای کرد، کە داوای دیالۆگیان لە پەدەکە کردووە بەڵام وەڵامیان نەداونەتەوە

لە سینەما سالم لە شاری سلێمانی، شاندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، لە بارەی ئامانجی سەردانەکەیان بۆ باشوری کوردستان و هەوڵەکانیان بۆ دامرکاندنەوەی ناکۆکییەکانی ئەم دواییە و مەترسی ڕوودانی شەڕی کورد بە کورد، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسییان ئەنجامدا.

ئەحمەد قەرەموس، هاوسەرۆکی کەنەکە، لە کۆنگرە ڕۆژنامەنوسییەکەدا قسەیکرد و وتی: وەکو شاندی کەنەکە، لە دوای دروستبوونی ئاڵۆزییەکانی نێوان پەدەکە و پەکەکە، دەستبەجێ بە ئەرکی خۆمان بینی کە پێشی لێبگرین و بۆ ئەو مەبەستەش هاتینە باشوری کوردستان، لە سەرەتادا لەگەڵ سەرۆک پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کۆبووینەوە و دواتر لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان جگە لە پەدەکە، لەگەڵ ڕێکخراو، ڕۆشنبیران، سیاسەتمەداران، باوەڕمەندان و زۆر بەی توێژ و لایەنە جیاوازەکانی باشوری کوردستان، کۆبووینەوە و بە شیوازێکی ئەرێنی دیالۆگمان کرد.

ئاماژەی بەوەشدا: ئامانجی خۆمان بۆ هەموو لایەک ڕوونکردەوە، کە پێکدێن لە، کۆتاییهاتن بە ناکۆکییەکان، ئەو هێزانە بگەڕێنەوە جێگەی خۆیان و زەمینەسازیی بۆ دیالۆگ و گفتوگۆ بکرێت و کێشەکان بە دانووستان چارەسەربکرێت، خۆشبەختانە هەموو لایەک لە دژی شەڕبوون و هاورابوون لەگەڵ کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان.

هەروەها ئەوەشی وت: داوامان لە پەکەکە کرد بۆ ئەنجامدانی دیالۆگ و گفتوگۆکردن لەم بارەیەوە، لەبەر نەگونجانی بارودۆخەکە نەمان توانی ڕووبەڕوو دیالۆگ بکەین بەڵام پەکەکە بە پەیامێک وەڵامیان داینەوە و هەڵویستی خۆیان بۆ ئاشتی خستەڕوو، کە لەگەڵ هەوڵەکانی کەنەکەن و ئەوانیش دەیانەوێت ناکۆکییەکان بە دانووستان و دیالۆگی نەتەوەیی چارەسەربکرێت.

وتیشی: هەر لەم چوارچێوەیەدا هەوڵماندا لەگەڵ مەسعمود بارزانی سەرۆکی پەدەکە و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆببینەوە بۆ دیالۆگ و دروستکردنی پەیوەندی، بۆ ئەمەش داواکاریمان پێشکەشکردووە، بەڵام تا ئێستا وەڵامیان نەداینەتەوە، هیوادارین کە وەڵاممان بدەنەوە.

لە کۆتاییشدا وتی: ئەمە هەنگاوی یەکەممانە ئەگەر نەگەین بە ئەنجام دەست بە هەڵمەتی دووەم دەکەین، کە خۆی لە فراوانکردنی هەوڵ و سەردانەکانماندا دەبینتەوە بۆ ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، بە پشت بەستن بەو هێز و پشتیوانییەی کە لە هەوڵەکانی ڕابردووماندا وەرمان گرتووە، تا فشار دروستدەکەین بۆ دانووستان و چارەسەرکردنی کێشەکان بە دیالۆگی نەتەوەیی.

دواتر ئاسیا عەبدوڵا، ئەندامی کەنەکە وتەیەکی پێشکەشکرد و وتی: بە قۆناغێکی هەستیار و گرنگدا تێدەپەڕین، دەستکەوتی زۆر گەورە لە پێشمانە، بەڵام پیویستە هەڵوێستێکی هاوبەشمان هەبێت و پێویستە بە سیاسەت و هێزێکی نەتەوەیی ڕووبەڕووی داگیرکاریی و مەترسییەکانی سەر گەلەکەمان ببینەوە.

ف.ق