کەرکوک، ٢٦هەمین ساڵیادی شەهید بوونی شەهید (زیلان) بەرز راگیرا

لە چالاکییەکەدا، لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان ٢٦هەمین ساڵیادی شەهید بوونی شەهید (زیلان) بەرز راگیرا.

کاتژمێر ٦:٠٠ی ئێوارەی ئەمرۆ هەینی لە بارەگای کەرکوکی ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان(ڕەژاک) لە گەرەکی ڕەحیماوای شارەکە، لە ٢٦هەمین ساڵیادی شەهید بوونیدا، مەراسێمكی بیرهێناوە لەلایەن ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستانەوە بۆ كچە گەریلاو تێكۆشەڕ و قارەمانی كورد، شەهید"زەینەب كناجی" ناسراو بە هەڤاڵ "زیلان" بەرێوەچوو.

سەرەتای مەراسێمەكە بە خۆلەكێك ڕاوەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی رێگای ئازادی و دیموكراسی دەستی پێكرد و پاش بەخێرهاتنی بەشداربووانی مەراسێمەكە کرا بۆ بەشداری کردنیان لەبەرز ڕاگرتنی یادی شەهید زیلان.

پاشان باران کەرکوکی نامەی شەهید زیلانی بۆ ئامادەبووانی مەراسیمەکە خوێندەوە کە تیدا هاتبوو:-

بۆ گەلی ووڵاتپارێزی كوردستان و ڕای گشتی شۆڕشگێڕ

 لەمێژووی هەر گەلێكدا ڕووداوی گرنگ و قۆناغی وەرچەرخانی مێژوویی وا هەن كە چارەنووسی ئەم گەلەیان گۆڕیوە، وەكو شۆڕشی بورژوای فەڕەنسی، شۆڕشی بەلشەفیكی ڕووسی و دەركەوتنی ئاینی ئیسلام، ئەم شۆڕشانە هەروەكو چۆن كاریگەری گەورەیان كردۆتە سەر مێژوو، ئەوها بەهەمان شێوە چارەنووسی مرۆڤایەتیان دەستنیشان و ئاڕاستەشیان کردووە، لەدیرۆكی گەلاندا زۆر ڕێبەر و سەرۆكایەتی بەدەركەوتوون كە لەمێژوودا جێی دەستیان دیارە، نمونەی ئەوانەش )ئەسكەندەری گەورە، لینین، حەزرەتی محەمەد) ئەم كەسایەتیانە هەروەكو چۆن لەبواری كردارییەوە ببوونە ڕێبەری گەلەكانیان، ئەوا لە هەمانكاتدا توانیان ببنە ڕێبەری مرۆڤایەتیش.

كە سەرنجی مێژووی كورد بدەین، ئەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە كەچەندە مێژووی كورد بەخراپی و بەچەوتی نووسراوە و بەرەو هەڵدێردەچێت، لەهەردوو قۆناغی كۆمۆنەی سەرەتایی و كۆیلەداریدا، گەلی كورد ڕۆڵ و پێگەی خۆی هەبووە و دوای ئەوەی كە كورد دەكەونە ژێر كاریگەری پارس، ئیتر كوردان ئازادی لەدەستدەدەن و دوای ئەمە كوردان نەیان توانیوە خۆیان لەژێردەستی ڕزگاربكەن و ببنە خاوەن ئیرادە، گەلی كورد بەهەزاران ساڵە لەژێردەستی نەتەوە سەردەستەكان چەوسێنراوەتەوە و كوردستانیش بەدرێژایی مێژوو بووبووە گۆڕەپانی شەڕ و پێكدادانی هێزە ناكۆك و دژبەرەكان، كەم تا زۆر گەلانی تر بەپێی هەل و دەرفەتی لەبار قۆناغەكانی پێشكەوتن ژیاون، بەڵام مێژووی گەلی كورد زۆر لە دوورەوە چاودێری كراوە، كۆمەڵگای كوردستان لەبواری پێشكەوتنی جڤاكییەوە لە ئاستێكی زۆرنزمدا ماوەتەوە. لەپێناوی ئازادی وڵاتەكەیدا گەلی كورد زۆرجار ڕاپەڕیوە و سەریهەڵداوە، لەبەر نەبوونی سەرۆكایەتییەك كە بتوانێت سەركەوتن دەستەبەربكات و خیانەتی ناوخۆیی و نەبوونی ڕێكخستن و ڕاپەڕینە كوردییەكان مایەپوچ بوون و تووشی شكست بوون. لە مێژووی نزیكدا تێكشكاندن و پووچەڵكردنەوەی سەرهەڵدانەكانی شێخ سەعید(١٩٢٥) و سەرهەڵدانی دێرسیم (١٩٢٨-١٩٣٨)نموونەی هەرە بەرچاون،

 بانگەوازی لە هەموو مرۆڤایەتی دەكەم:

ئەگەر ناتانەوێت ببنە هاوبەشی ئەو تاوانانەی كەدەرهەق بەمرۆڤایەتی لە كوردستاندا ئەنجام دەدرێن، ئەوا دەبێت پشتگیری و هاوكاری گەلی كورد بكەن، دەبێت ئەو شتەی كە ئیمپریالیزم لە مێشك و دڵمان دروستی كردووە، بیسڕینەوە و گوێڕایەڵی بانگەوازییەكانی ئازادی گەلێك بین، لەبانگەشەی پەیامی برایەتی، بەهاو پیرۆزییەكانی مرۆڤایەتی و دۆستایەتی هەیە.

  بۆ گەلە وڵاتپارێزەكەم:

هەوڵدەدەم بەم چالاكییە ببمە هیوای ئێوە، بۆ ئازادی ئایندەتان، ئێمە بەهەزاران كوڕ و كچی ئێوە لەچیاكاندا تێكۆشان دەكەین، نەك جارێ بەهەزاران جار ئامادەین گیانمان فیدابكەین، ئەمڕۆ شەڕی ئازادیمان لەئاستێكی هەرە دژواردایە و دەبێت ئێوەش خۆتان یەكالیی بكەنەوە، شەڕەكەمان شەڕی گەلە، بۆیە دەبێت پێداویستییەكانی شەڕی گەل دەستەبەربكەین، وەكو دەڵێن "داری ئازادی بەخوێن ئاودەدرێت" پێویستە وا بەهەرزانی دەستەبەرداری ئازادی نەبن، دەبێت بەباشی درك بەو ڕاستیانەدا بكەن كە ووڵاتەكەمان زۆر بەنرخە، هەر لەبەر ئەمەیە دوژمن هێندە سورە لەسەرمانەوە و دەستبەرداری نیشتیمانەكەمان نابێت، باشە بۆچی ئێمەش سوور نەبین؟ جودا لە گیانمان شتێكی ترمان نیە تا لە دەستی بدەین، پێویستە بژارمان مردنێكی بەنرخ و بەكەرامەت بێت، نەك ژیانێكی بێ كەرامەت و دابڕاو لە بەها و پیرۆزییەكان، هەر وەكو چۆن تائێستا گەل خاوەندارێیتی لەمیراسی بەرخۆدانی پەکەکە دەكات و قوربانی زۆری داوە، لەم قۆناغەشدا لە دەرئەنجامی ئەمە لە ئازادی نزیك بۆتەوە، ئەوا لەو بڕوایەدام بۆ ئەوەی ئازادی ئایندە بەدەستی خۆی ئاوابكات، گەلەكەمان ئامادەیە قوربانی دیكەش بدات، بەمەش لەناو كۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا بەڕوومەت و كەرامەتەوە جێگەی خۆی دەگرێت، بەم بۆنەیەشەوە سڵاویان لێدەكەم.

"بمرێ ئیمپریالیزم و داگیركەری و هەموو شێوەكانی پاشڤەڕۆیەتی"

"بژی ڕاستی بەئەرتەش بوونی گەلەكەمان"

"بژی سەرۆك ئاپۆ".

زیلان (زەینەب كناجی)

 پاشان خوێندنەوەی نامەکەی شەهید زیلان لەلایەن باران کەرکوکی، سینفزیونێك لەسەر ژیان و خەباتی، گەریلای شەهید (زەینەب کەناجی) ناسراو بە هەڤاڵ"زیلان" بۆ ئامادەبووانی چالاکییەکە نمایش کرا.

پاش تەواو بوونی سینفزیۆنەکە لەسەر ژیاننامەی شەهید زیلان، ئامادەبووان بە دروشمەکان(شەهید نامرن، ژن ژیان ئازادی، بژی ڕێبەر ئاپۆ) کۆتایی بە مەراسیمی بەبیرهێنانەوەکە هات.

هـ . ب