کەرکوک: لە پێشەنگایەکی فۆتۆگرافیدا یادی شەهیدانی کوردی فەیلی کرایەوە

لە شاری کەرکوک، لە چوارچێوەی یادکردنەوەی شەهیدانی کوردانی فەیلی کە ٤ی نیسانە، پێشانگایەکی فۆتۆگرافی کرایەوە.

لە ساڵی ۱۹۲٤ یاسای ڕەگەزنامەی عێراقی جەختی لە دابەشکردنی گەلی عێراقی کردەوە بۆ سێ بەش لەسەر بنەمای ئایین و نەتەوە. لەبەر ئەوەی کوردە فەیلیەکان رێبازی شیعە بوون ، بە ڕەچەڵەک ئێرانی ناونووس کران، بۆیە ھەمیشە کەوتوونەتە بەر ھێرشی دەسەڵاتدارانی عێراق. لە دوای ھاتنی ڕژێمی بەعس بۆ سەر دەسەڵات و دەستبەسەرداگرتنی، لە ساڵی ۱۹٦۸ـەوە کوردە فەیلیەکان ڕووبەڕوی شاڵاوی توندی ڕاگواستن و لەناو بردن بوونەوە، لە سەرەتای ساڵانی (۱۹۷۰) ڕژێمی بەعسی پێشوو نزیکەی چل ھەزار کوردی فەیلی ڕاگوێزی ئێران کرد، بە بیانووی ئەوەی کە ڕەچەڵەکیان ئێرانییە. لە درێژایی ئەم سیاستە بەرامبەر بە کوردە فەیلیەکان، لەساڵی ۱۹۸۰ بەپێی بڕیاری ٦٦٦ مافی ھاوڵاتیبونیان لێسەندرایەوە، ئینجا دەست گیرا بەسەر ماڵ و سامانەکەیان. ھێرشی زۆر توند و دڕندانە دەکرانە سەر کوردە فەیلیەکان، بە زەوتکردنی ژنان و کوشتنی پیاو و منداڵەکان، کە لە مێژوودا کەموێنە بووە. لە میانەی چەوسانەوەو توندوتیژیەکاندا، سەرۆکی پێشووی عێراق سەدام حسێن بڕیارێکی نوێ دەرکرد، کە بڕیار درا ئەو پیاوەی عێراقییە و ژنەکەی فەیلیە دەبێ لێی جیا ببێتەوە، بەرامبەر بە چوار ھەزار دینار ئەگەر سەرباز بێت، دوو ھەزار و پێنج سەد دینار (بەپێی دراوی پێشوی عێڕاق) ئەگەر سڤیل بێت. بەپێی ئامارەکانی خاچی سوور و مانگی سووری نێودەوڵەتی، ٤۰۰،۰۰۰ ھاوڵاتیی فەیلی بوونەتە قوربانیی ڕژێمی پێشووی عێراق، بە کوژران و ڕاگواستنەوە. لەدوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق، لە ساڵی ٢٠٠٦ یاسای ڕەگەزنامەی عێراقی، بڕیاری (٦٦٦)ی ساڵی ۱۹۸۰ی پووچەڵ کردەوە. لەم چوارچێوەیەدا کۆمەڵێک لە کوردە فەیلیەکان توانییان مافەکانیان بەدەست بھێننەوە.

ئێوارەی ڕۆژی  پێنجشەممە بە ئامادە بوونی کەسایەتی پێکهاتە جیاوازەکان و لایەنەکانی شاری کەرکوک لە گەڕەکی (ساحەی تەیەران) بە مەراسیمیک لە بارەگای یەکێتی کوردانی فەیلی لە شاری کەرکوک، لە رۆژی شەهیدانی کوردی فەیلیدا، پێشەنگایەکی فۆتۆگرافی کرایەوە کە تێیدا، وێنەی شەهیدانی کوردانی فەیلی نمایش کران، سەرەتا ئامادەبووان لە مەراسیمەکەدا خولەکێک بۆ شەهیدان وەستان و پاشان قورئانی پیرۆز خوێندرایەوە و مەراسیمەکە دەستی پێکرد.

جیگای باسە، رۆژی ٤ی نیسان وەکو رۆژی شەهیدانی فەیلی دیاریکراوە، هەروەها کوردانی فەیلی لەشاری کەرکوک ژمارەیان ٨٠٠ خێزنە کە پێکهاتوون لە ٣هەزار ئەندام.

حاجی دواد ئەسعەد فەیزوڵا بەرپرسی کەرکوکی کوردانی فەیلی، دەربارەی یادکردنەوەی ئەم رۆژە بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی  (ANF) وت: "یادکردنەوەی رۆژی شەهیدی کوردانی فەیلی لە جیهان و لە عیراق هەموو ساڵێک دەکرێتەوە، بەڵام لەشاری کەرکوک دووەم جارە یادی ئەم رۆژە دەکەینەوە، ئەمرۆ ئێمە لەم پێشەنگایەدا یادی کۆمەڵکوژی و ڕاگواستنی کوردانی فەیلی دەکەینەوە کە کوردانی فەیلی لە وڵاتی خۆیان دەرکران و بەزۆرە ملێ کۆچیان پێ کرا بەرەو ئێران و ناوچەکانی دیکەی عیراق، هەروەها لە ساڵانی ١٩٧٥، ١٩٨٢، ١٩٨٦ و ١٩٩١ لەتەواوی ئەم ساڵانە رژێمەکانی عێراق شاڵاوی سڕینەوەی کوردانی فەیلیان ئەنجامداوە و دەستیان بەسەر تەواوی موڵک و ماڵی کوردانی فەیلیدا گرتووە، هەروەها رژێمی پێشووی عیراق ناسنامەیان لە کوردانی فەیلی سەندەوە ."

هەروەها حاجی داود ئەسعەد وتیشی: "ئێمە سەربەرزین بەشەهیدانمان وە داواکارین ماف بۆ کوردانی فەیلی بگەڕێنرێتەوە."

لە کۆتایدا حاجی داود ئەسعەد، پەیمامێکی پێکەوەژیانی ئاڕاستەی پێکهاتەکان کرد و وتی: "هیوادارین تەواوی نەتەوە، پێکهاتە، مەزهەب و بیروباوەڕە جیاوازەکان بە ئازادی وەکو برا بژێن، تاوەکو جارێکی دیکە کۆمەڵکوژی ڕوونەدات و وڵاتەکەمان بگەشێتەوە وەکو وڵاتانی پێشکەتو و کۆمەڵکوژی تێیدا نەمێنێت".

ف.ق