کتێبێک لەبارەی راستیەکانی باشووری کوردستان

چیا هاوار نووسەری خەڵکی شاری سلێمانییە، لە کتێبێکدا سەرگوزەشتەکانی ژیانی خۆی لە دەریای ئیجەوە بۆ زیندانی ئاکرێ دەگێڕێتەوە و باس لە تراژیدییاکانی ئەو زیندانە دەکات.

ئەمڕۆ لە مەراسیمێکدا لە هۆڵی ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت لە شاری سلێمانی کۆڕێک بۆ بڵاوکردنەوەی کتێبی “ئازادبوون لە دەریا و نوقومبوون لە زیندان” لە نووسینی نووسەر چیا هاوار بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ڕۆشنبیران و چالاکوانان سازکرا.

چیا هاوار، نووسەری کتێبەکە لە وتارێکدا باسی لەوەکرد کە “دەبێت ژیانی سەقامگیر بۆ گەنجان فەراهەم بکرێت بۆ ئەوەی چیتر گەنجان بەلێشاو ناچارنەبن وڵات جێبهێڵن و ڕوو لە نەهامەتی بکەن”.

هاوکات دکتۆر شێرزاد حەسەن، نووسەر کە پێشەکی بۆ کتێبەکە نووسیوە، لە وتارێکدا ئاماژەی بەوەکرد کە ئەوەی لەو کتێبەدا باس دەکرێت ئەزموونی هەموومانە بەشێوەی جیاجیا و وتی: هەرکەسێک ئەو کتێبە بخوێنێتەوە و ئەو چیرۆکانە ببیستێت واز لەم حزبانە دەهێنێت.

ئاماژەی بەوەکرد: لە ڕۆژی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤدا کە سەرۆکی هەرێم باسی مافی مرۆڤ دەکات، لە زیندانی ئاکرێ لە چیا دەدرێت.

کتێبی ئازادبوون لە دەریا و نوقومبوون لە زیندان، باس لە ئەمزوونی ژیانی نووسەرەکەی دەکات کە ساڵی ١٩٩٧ ڕێگای هەندەرانی گرتووەتەبەر، دواتر بەهۆی نوقومبوونی یەختەکەیان لە دەریای ئیجە دەگەڕێتەوە و لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە بەبیانووی ئەوەی کەسوکاری سەر بە یەنەکە بوون دەستگیردەکرێت.

دوای دەستگیرکردنیشی چیا هاوار دەگوازرێتەوە بۆ زیندانی ئاکرێ و ماوەی ساڵێک لە ئاکرێ زیندانیی دەبێت، بەشێک لە تراژیدیاکانی زیندانەکەش لە کتێبەکەیدا دەگێڕێتەوە.

ف.ق