کوژراون و برینداربوونی کۆڵبەران ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد

بەگوێرەی ئامارێک لە ماوەی ١٣ ساڵی رابردوودا دوو هەزار و ٤٠٩ حاڵەتی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لەناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمارکراون، کە زۆرترینی لە ساڵی رابردوودا بووە.

ماڵپەڕی کۆڵبەر نیوز بڵاوی کردەوە، کە لە ماوەی ١٣ ساڵی (کوردی/هەتاوی) رابردوودا لانیکەم دوو هەزار و ٤٠٩ کۆڵبەر لەسەر سنوورەکان بوونە قوربانی و لەو ژمارەیە ٦٨١ کەسیان کوژراون و هەزار و ٧٢٨ کەسیش برینداربوون.

بە گوێرەی ئەو ئامارە ساڵی رابردوو ی کوردی/ هەتاوی (٢٧٢٣/١٤٠٢) لانیکەم ٤٤ کۆڵبەر کوژراون و ٤٠٠ کۆڵبەریش برینداربوون، بەوەش لەو شارەدا بەرزترین ژمارەی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران تۆمارکراوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە ساڵی پێشووترکوژران و برینداربوونی ٢٣٤ کۆڵبەر تۆمارکرابوو.

وەک رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی پێدەکەن زۆرینەی ئەو کۆڵبەرانەی بوونە قوربانی، بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران پێکراون.

بەهۆی نەبوونی هەلی کار و رێژەی بەرزی بێکاری وهەروەها خراپی باری گوزەران لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان ناچار دەبن بۆ دابینکردنی بژێوییان روبکەنە کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکان.

هـ . ب