لە باشور پەدەکە، لە باکور هوداپار-٢

ئەندامی کۆمیتەی ئایین وباوەڕەکانی پەکەکە، جیهان ئەرەن، ئاماژەی بەوە کرد، ئاکەپە و مەهەپە دەخوازن ئەو ئەرکەی پەدەکە لە باشور دەیگێڕێت، لە باکور بیسپێرن بە هوداپار، دەخوازرێت قڕکردنی کورد بە کوردە ئایین‌پەرستەکان درێژە پێ بدەن.

ئەندامی کۆمیتەی ئایین و باوەڕەکانی پەکەکە، جیهان ئەرەن، دەربارەی مەترسییەکانی هاوپەیمانێتییەکەی نێوان ئاکەپە و مەهەپە، هوداپار و پەدەکە، هەروەها هێرشە چاندییەکان بۆ سەر عەلەوییەکان قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)  کرد.

بەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکەی جیهان ئەرەن بەم جۆرەیە:

 ئێوە دەڵێن، حزبوڵای ساڵانی نەوەدەکان، هەر هوداپاری ئەمڕۆیە، نەوەک هەر لە باکور بەڵکو لە باشوریش کارێکی زۆر دەکات. دەیانەوێت لەگەڵ کەس و گرووپە ئایین‌پەرستەکان پەیوەندی بگرن. ئەرکەکەی هوداپار بە چ شێوەیەکە؟

دەوڵەتی تورک نایەوێت کورد خاوەنی ستاتۆ و جێگە و وڵاتێک بێت لەو ڕۆژهەڵاتی ناوینەی کە جارێکی دیکە شێوەی خۆی دەگرێتەوە. یەکێک لەو هۆکارە سەرەکییانەی وای کرد ئاکەپە و مەهەپە بۆ جارێکی دیکە لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا بێنەوە دەسەڵات، ئەوەیە کە هێرشەکانی قڕکردنی سیاسی کە ئاکەپە-مەهەپە لە ساڵی ٢٠١٥ بەدواوە دەستی پێکردبوو، قبوڵکراون. قڕکردنێک لەم ئاستەدا بە زیهنیەت و سیاسەتێکی ئایین‌پەرست و نەتەوەپەرست دەتوانرێ بەردەوام بێت. کاتێک هێرشی قڕکردنی کورد بەدەستی ئاکەپە – مەهەپە بە سیاسەتی ئایین‌پەرست و نەتەوەپەرستی بەردەوامی هەیە، گۆشەگیر و شەرمەزار کرا، ئەمجارە دەوڵەت بڕیاریدا جینۆسایدی کورد بە کوردی ئایین‌پەرست ئەنجام بدات. ئەو کارەی پەدەکە لای باشور و ڕای گشتی جیهان ئەنجامی دەدات، ئێستا دەیانەوێت لە باکور لەڕێگەی هوداپار ئەنجامی بدەن. دەبێت بەم شێوەیە لە حیزبوڵا و هەندێک بازنەی دەوری تەریقەتی ئاکەپە و هاوپەیمانییەکەی لەگەڵ پەدەکە تێبگەین. هاوپەیمانی پەدەکە و حزبوڵا بەم ئامانجە پێکهات.

ئەو هاوپەیمانێتیە چ کاریگەرییەک دەکاتە سەر باکوور و تورکیا. ئایا ئەو تێکۆشانەی لە دژی ئەوە دەکرێت بە پێی پێویستە؟

ئایینگەراییەک کە دەوڵەتی تورک بەسەر گەلی کورددا دەیسەپێنێت، ئایینگەرایی بکوژانی کوردانە. ئەوانە زانایانی ئایینی وڵاتپارێزی کوردیان بە شێوەی دڕندانە تیرۆر کردووە؛ ئەوانە حزبوڵان کە تۆڕی تاوانی فەرمانگەی شەڕی تایبەتی تورکن. بەراستیش لەلای ئەوان هیچ ئایین و باوەڕمەندییەک بوونی نییە. گەلەکەمان باش ئەوە دەزانێت. بەڵام لێرەدا تاکتیکی کۆلۆنیالیستی ئایین، بەکارهێنانی هەستی کوردەواری، دابەشکردنی پارە، خۆراک و کەلوپەل و هاوکاری دیکە بەکاردەهێنن. بۆ ئەوەی ئایینگەرایی حزبوڵا وەک کوردایەتی خۆی بنوێنێت، پەدەکەشی دەخەنە پاڵ. دەبێت زانایانی ئیسلامی دیموکراتیک، هونەرمەندان، رۆژنامەوانان، رۆشنبیرانی کوردستانی و تورکیا و ئەو راستیە بە باشی بزانن و ریسوای بکەن.

ئەو هاوپەیمانیەی بۆ هێرش و جینۆسایدکردنی کوردان پێکهاتووە زیانێکی زۆری بە گەلی تورکیش گەیاندووە. ئەو ئەقڵیەتەی حزبوڵا بەکاردەهێنێت، لە تورکیا هۆکاری قەیرانی ئابووری، نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی، بێکاری، گەندەڵی، داروخان و وێرانکارییە. واتە ئەو هاوپەیمانێتیە زیانی گەورە بە کۆمەڵگای تورکیاش دەگەیەنێت.

زۆر باس لەوە ناکرێت کە هێرشی بەو جۆرە لە کوردستانیش ئەنجام دەدرێن، بەڵام..

راستە بەڵام ئەوە بەواتای ئەوە نایات کە لە کوردستان لە هەندێک لایەنەوە شتی بەو جۆرە روونادات. وادیارە کە ناخوازرێت لە کوردستان ئاستی ئەو خراپەکاریە ئاشکرا بکرێت. لەبەر ئەوەی ئەو هاوپەیمانێتیە هاوپەیمانێیەکە کە دەڵێت، لە کوردستان تا گەندەڵی زیاتر بێت باشترە. چونکە دەسەڵاتدارانی تورک لانیکەم ٢٠٠ ساڵە گەلی کوردیان بە ئایینگەرایی بە خۆیانەوە بەستووەتەوە، ئالودەیان کردوون و لە گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی دایانبڕیون. کێ زیاتر خراپەکاری لەناو کورددا بکات و ئەوان لە ویژدان و ئەقڵ دووربخاتەوە، وەک ئەوەیە خزمەتی بە ئاغا تورکەکەی کردبێت. ئەوان لەپای ئەو کردوانەیان پارە و ئیمتیاز وەردەگرن. دەوڵەی تورک ئەو تەریقەتانەی بە خۆیان دەڵێن کورد و گروپە کۆنترا گەریلاکان بەکاردەهێنێت.

لەبەرامبەر هێرشەکانی پشتئەستور بە بەکارهێنانی ئایین، بەر لە هەموو کەس ئەرکی سەر شانی زانایان و مامۆستایانی ئایینی خاوەن تێگەیشتنی ئیسلامی دیموکراتیک دەخرێتە بەر باس. ئێوە لەبارەی ئەو ئەرکە وڵاتپارێزیەوە چی دەڵێن؟

هەڵبەت دەبێت زانایانی ئایینی هەستیار بن. دەبێت گەلەکەشمان لەو بارەوە هەستیارانە مامەڵە بکەن. دەبێت لە مزگەوت، شەقام، گەڕەک و دامەزراوەکانیان ئەو رێبازانەی هێرشی ئایینگەرایی بخەنە بەرباس. کردەوەکانی حزبوڵا لە یادەوەریدا ماونەتەوە. دەبێت ئەوەمان لەبیر بێت ئەوانەی کە گەنجان و منداڵان لە جەوهەری خۆیان دووردەخەنەوە، ئەوانەن. دەبێز زۆر باش ئەوە بزانین. ئەوانەی لە کوردستان مادەی هۆشبەر دەفرۆشن، منداڵان فێری دزی و لەشفرۆشی دەکەن، پۆلیس و گروپە چەتەکانی سەربە هەواڵگری تورکن. دەوڵەت لە رێگەی ئەو هێرشانەوە لە ناو کۆمەڵگادا کێشەی ئەخلاقی ساز دەکات. دەوابەدوای ئەوەش ئەو دروستکراوە ئایننپەرستانەی دەنێرێت و پڕۆپاگەندەی ئەخلاق و ویژدان دەکەن. لەپێناو ئەوەدا کاردەکەن کە دوژمنایەتی بەرامبەر پەکەکە لە کۆمەڵگا ساز بکەن. لەبەرامبەر ئەو تاکتیکە هێرشکارانەیە پێویستە مرۆڤ وشیار و بە رێکخستن بێت. دەبێت زانایانی ئایینی وڵاتپاڕێز هەموو وردەکاری بەکارهێنانی ئایین لە دژی گەلەکەمان بۆ گەل باس بکەن. دەبێت وەک کەمترین ئەرکی وڵاتپارێزی و نیشتمانپەروەری ئەوە ببینن.

دەبێتە شوێنەکانی خواپەرستی، لەهەمان کاتدا وەک وەک پاڵپشتێکی کۆمەڵایەتی، لە شێوازی رێکخستن و گەورەکردنی بەرخودان، دابندرێن. ئەگەر پشتیوانی کۆمەڵایەتی و رێکخراوەیی فراوان بکرێت، زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت هێرشی لەو چەشنە پوچەڵ کراونەتەوە. دەوڵەتی ئاکەپە-مەهەپە زۆر ریسوا بووە. لەم ساتە بەدواوە ئاکەپە مەهەپە هیج قسەیەکی بۆ وتن نەماوە لە بەردەم گەلی کورد، گەلی تورکیا و گەلانی موسڵمان.

حزبولکونترا هیج شتێکی نییە کە بۆ گەلی کوردی باس بکات. پێویستە ئەو داردەستە زۆر بە باشی بە نەوەی ئێستا بناسێنرێت. لەم خاڵەدا ئەرکی گرنگ دەکەوێتە ئەستۆ بزوتنەوەکانی گەنجان. رەنگە گەنجانی ئەم سەردەمە نەزانن کە حزبولکونترا چی کردبێت، هەربۆیە پێویستە گەنجان لە بارەی ئەو کردەوانەوە ئاگادار بکرێنەوە.

پرۆپاگەندەکانی ئایینپەرستی و نەتەوەپەرستی و بە کرداریکردنیان، گەلی کورد و عەلەویەکان دەکاتە ئامانج. ئەنجامی مەترسیداریان لێدەکەوێتەوە. دەبینرێت کە حکومەتی شەڕی تایبەت، وێڕای کوردان، عەلەویەکانیش دەکاتە ئامانج. لەبارەی هێرشەکانی سەر عەلەویەکان مرۆڤ دەتوانێت چی بڵێت؟

ئاکەپە و مەهەپە وێڕای کوردان دەیەوێت عەلەویەکانیش لە عەلەویبوون دابماڵێت. دەیەوێت عەلەویەکان و عەلەویەت لەناو ببات. بەتایبەتیش ئاکەپە دەیەوێت عەلەویەکان لە ناو ئیسلامی دەسەڵاتداردا بتوێنێتەوە و وا نیشانی بدات کە چەندە مسوڵمانن. لەبەر ئەوەش کاتێک ئەردۆغان دەچێتە جامخانەکان ئەو شوێنانە وەک ناوەندی ئیسلامی وێنا دەکات، شێوەی تەریقەتیان پێدەبەخشێت. ئەردۆغان و هاوڕێکانی دەیانەوێت رای گشتیی ئەو مسوڵمانانەی راستیەکە نازانن، بخەڵەتێنن. لەبارەی عەلەویەکان روانینێکی نەرێنی دەخوڵقێنن و ئەوان لە ژێر گوشاردا دەهێڵنەوە.

ئاکەپە و ئەردۆغان بە ئایینپەرستی دەیانەوێت کوردان بخەڵەتێنن و هاوکات سوکایەتی بە عەلەویەکان دەکەن. دەیەوێت ئەوە بڵێت 'ئەو بەشانەی کە پێشتر شێخولئیسلام دەیگوت ئێوە حەوت کەسیان لێبکوژن، ئێوە دەچنە بەهەشت، من ئەوانە دەکەمە مسوڵمان'. ئەو سەرنجڕاکێشانە و ئافراندنی ئەو ئەقڵیەتە پەیامێک دەداتە ئەوانەی دەنگی پێدەدەن. ئەو توێژانە بە کردەوەم بەم جۆرە هان دەدرێن و هەموو کات لە ژێر فەرمانی ئاکەپە و ئەردۆغاندا دەجوڵێنەوە.

لەماوەی رابردوودا زۆر باس لەوە دەکرێت کە دەوڵەت عەلەویەکانی سەر بە خۆی دەخوڵقێنێت. پێشتر کە دەوترا عەلەویەکانی دەوڵەت، مرۆڤ ئەو عەلەویانەی بیر دەهاتەوە کە جەهەپە لە ژێر ناوی لائیکبووندا دەیخەڵەتاندن. بەڵام ئێستا پارتێکی ئایینگەرا و نەژادپەرست کە ئایین بە خراپی بەکاردەهێنێت، دەیەوێت ئەمە بکات. عەلەویەکان چۆن کەوتنە ئەو بارودۆخەوە؟

سیاسەتەکانی جەهەپە عەلەوییەکانی بێهیواکرد. سیاسەتە دژە-دیموکراتیکەکانی جەهەپە و دوژمنایەتیەکانی بەرامبەر کوردان هەم خۆی و هەم عەلەویەکانی گەیاندە لێواری لەناوچوون. سیاسەتەکانی جەهەپە پەیوەست بە نکۆڵیکردن لە عەلەویەکان بووە هۆکاری ئەوەی بەردەوام عەلەویەکان لە ژێر هێرشدا بن. عەلەویەکان پێشتر وایان بیردەکردەوە کە جەهەپە خزمەت بە ئایینەکەیان دەکات. کاتێک داعش دەستی بە هێرشەکانی کرد، وشیارییەکی باش لەناو عەلەویەکاندا هاتە ئاراوە. عەلەویەکان باشتر تێگەیشتن کە چ ئایدۆلۆژیا و سیاسەتێک دەتوانێت بیانپارێزێت. لە رێگەی دانانی کەمال کلیچدارئۆغڵو بۆ پۆستی سەرۆکی جەهەپە دەیانویست پەیامی ئەوە بدەن کە سیاسەتی نکۆڵی و سڕینەوەی پێشووی جەهەپە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. دەوڵەت لە رێگەی کلیچدارئۆغڵووەوە دەیویست هەم پەیام بداتە کوردان و هەمیش عەلەویەکان. بەڵام سیاسەتێک کە دەیویست کوردان بکاتە تورک وعەلەویەکانیش لە ژێر کاریگەری ئیسلامی دەسەڵاتدار بهێڵێتەوە، لەبەر ئەوەی لەناو جەهەپەدا بەهێزبوو، رێگەی نەدا کلیچدارئۆغڵو لەسەرووی جەهەپەوە پەیامی بەو جۆرە بداتە عەلەوی و کوردەکان و خۆی لەوان نزیک بکاتەوە.

لە هەڵبژاردنی ئەم دواییەشدا دەوڵەت ئەوەی بینی و ئاکەپە و مەهەپەی سەرلەنوێ لە دەسەڵاتدا هێستەوە، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی جەهەپە نەیتوانی جینۆسایدی عەلەویەکان بگەیەنێتە ئەنجام، نەیتوانی عەلەویەکان بخەڵەتێنێت.

پراتیکی ئەم دواییەی حاجیبەکتاش جارێکی دیکە ئەوەی نیشاندا کە کۆماری تورکیا بۆ ئەوەی عەلەویەکان بخزێنێتە ناو هێڵی خۆیەوە و عەلەوی سەر بە خۆی بخوڵقێنێت، لەناو هێرشێکی گەورەدایە. لەم رووەوە ئەو رێگەیەی هێرشەکانی سەر عەلەویەکان رادەگرێت ئەوەیە کە مرۆڤ چارەسەری بنچینەیی و هەمیشەیی بۆ عەلەویەکان بە بنەما بگرێت.

کاتێک باس لە پەیوەندی دەوڵەت وعەلەویەکان دێتەبەرباس، دەوترێت کە دەوڵەت دەیەوێت عەلەوی تایبەت بە خۆی بخوڵقێنێت، لە کۆنەوە لە ناو عەلەویەکاندا بەشێکی دەوڵەتگەرا و دەوڵەت پارێز بوونی هەیە، بەڵام بە وتنی عەلەویەکانی دەوڵەت باس لە چی دەکرێت و چ مەبەستێک هەیە؟

عەلەویەکانی دەوڵەت ئەو کەسانەن کە عەلەویەت دەخەنە خزمەت دەوڵەت. نوێنەرایەتی بەها بنچینەییەکانی عەلەویەت ناکەن. ئەوانە ئایین و کولتوری عەلەویەت لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان بەکاردەهێنن. ئەوان کولتوری مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و عەلەویەت تێکەڵکێس دەکەن. دەڵێن سیاسەت کاری ئێمە نییە، عەلەویەکان لە تێکۆشانی دیموکراسی دوور دەکەنەوە. عەلەویەکان پارچەپارچەدەکەن و درز دەخەنە نێوان عەلەوی، گەلی کورد و چینی رەنجدەر. مامەڵەکردنیشیان لەگەڵ ژنان بە گوێرەی فەلسەفە و رۆحی جان نییە. بە کورتی بەها بنجینەییەکانی بڕوا و کولتوری عەلەویەکان لەبیر دەباتەوە، بە دەرفەت و شێوازی جیاجیا لەپێناو وەرگرتنی پارە لە دەوڵەت خۆیان وەک عەلەوی نیشان دەدەن.

هەرچەندە ئێمە لەبەر گوشار و بیانووی دیکە وەک پارچەبوونی عەلەویەکان ئەوە ناڵێین، بەڵام لە شوێنی جیاجیا وەستانێک هەیە. ئەمە زیاتر لە ناو ئەو کەسانەیە دەڵێن ئێمە لەسەر ناوی عەلەویەکان دەجوڵێینەوە، دەبینرێت. لەبارەی زیان و مەترسییەکانی هەڵوێستی لەم جۆرە، دەکرێت لەبارەی تێکۆشانی عەلەوی و عەلویەتەوە چی بوترێت؟

لەناو عەلەوییەکاندا هێشتاش بیرکردنەوە لەبارەی دەوڵەتەوە روون نییە. کاتێک ئەوانە قسە دەکەن وەک ئەوەی بڵێن 'دەوڵەت باشە، دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە خراپە'. ئەوان بەو جۆرە بیردەکەنەوە، 'لەمەودوا هیچ شتێک ناگۆڕێت، واباشتر ئێمە نێوانمان لەگەڵ ئاکەپە و مەهەپە باش بکەین'. دەبێت باش بزانرێت کە لە تورکیا لایەنێکی دەوڵەت چەپ، دیموکراتی کۆمەڵایەتی، لائیک و لاکەی تریش ئایینپەرست نین. کاتێک باسەکە بێتە سەر کورد، هەموو رەگەز و پێکهاتەکانی دەوڵەتی تورک وەک یەکن. هەموو ئەو رەگەزانەی نوێنەرایەتی دەوڵەت دەکەن، بە کاردانەوەیەک کە بە تەواوەتی تورکایەتی و ئیسلام بە سەر عەلەویەکاندا بسەپێنێت دەجوڵێنەوە، بە ئەرکی سەرەکی خۆیانی دەبینن کە ئەوە بگەیەننە ئاکام. ئەنجامی ناڕوونی و ئاڵۆزی لە بیرکردنەوە وادەکات کە لە کاتی هەڵوێستگرتندا بێ بڕیار بن. لە چالاکیەکی زۆر سادەدا ناکۆکی و دابڕان ساز دەبێت.

تایبەتمەندی دووەم کە زیان بە عەلەویەکان دەگەیەنێت، لە شێوازی راوەستەکردنە لە سەر پەیوەندی عەلەوییەکان لەگەڵ بەها ئیسلامییەکان کە خۆیان بە نزیک لە یەکتر دەبینن. عەلەویەت لە رێگەی ئیمام حسێن، حەزرەتی فاتمە و حەزرەتی عەلی  بەها شۆڕشگێڕی، گەلپارێزی، یەکسانیخوازی و دادپەروەری خوازییەکانیان لە خۆیانەوە بەنزیک هەست پێکردووە و بە گوێرەی فەلسەفەی خۆیان ئەو بەهایانەیان شرۆڤەکردووە و خاوەندارییان لێکردوون. ئەو نزیکبوونە کولتورییە زۆر بە هەڵە لێکدانەوەی بۆ دەکرێت یاخود بە نەبوو دادەنرێت، رەنگە ببێتە هۆکاری ئەوەی بیرکردنەوەی جیاجیا لەناو عەلەویەکاندا بێنە ئاراوە. هاوپەیمانی ئاکەپە-مەهەپە-حزبوڵا ئەوەش بەکاردەهێنن و سەر لە مرۆڤەکان دەشێوێنن. ئەمەش لە ناو عەلەویەکاندا بۆ پێناسەکردنی ناسنامەی ئایینی رێگە لەبەردەم کێشە دەکاتەوە. دەبێت عەلەوی ئەوەش تێپەڕێنن.

راستە، عەلەویەکان بە ئیسلام کاریگەر بوون، بەڵام ئەم کاریگەرییە، کاریگەرییەکە بە گوێرەی ئەوانە. وەک وتەکانی عەلی ئەرباش و ئەردۆغان نییە. لەم خاڵەشدا دەبێت عەلەویەکان نەکەونە هیچ داو و لاوازێیکەوە و لەخشتە نەچن. لەبەر ئەوەی بەرەی دوژمنی کورد و عەلەویەکان هەوڵ دەدات کە عەلەوی و گەلی مسوڵمان بەگژ یەکدا بکات. دەبێت عەلەویەکان لەوبارەوە هەستیار بن. دەوڵەت لە سەر بنەمای پەرت کردن و لێکدابڕاندنی عەلەویەکان و خوڵقاندنی عەلەوی سەر بە خۆی، دەیەوێت عەلەویەت لەناو ببات لە رێگەی بەکارهێنانی لاوازی لەو جۆرەش سوکایەتی بە عەلەویەکان دەکات، بەمەبەستی هێرشکردنە سەریشیان هەوڵ دەدات لە ناو کۆمەڵگادا رەوایەتی بەدەستبهێنێت.

لە دژی هێرشەکانی بەرامبەر بە عەلەویەکان، بەشێک هەیە کە تێدەکۆشێت. دامەزراوەی عەلەویەکان هەیە. واتە لە ناو عەلەویەکاندا رەگەزێک و بناغەیەکی رێکخراوەیی هەیە. بەردەوام رەخنە لە تێکۆشانی عەلەویەکان دەگیرێت. رەخنەی ئەوە دەگیرێت کە ئەو تێکۆشانە کاریگەر نییە و لە چوارچێوەی یەکگرتووانەدا ناجوڵێتەوە. بە چ رێگە و رێبازێک تێکۆشان بکرێت، هێرشە قڕکارییە کولتورییەکان لە دژی عەلەویەکان بێ کاریگەر و بێ ئەنجام دەبن؟

بەر لەماوەیەک رێکخراوە و دامەزراوە عەلویەکان لە نێو خۆیاندا دەستیان بە گفتوگۆیەک کردبوو. عەلەویەکان بە تایبەتی لە کۆبوونەوە و کۆنفڕانسەکانی ساڵی ٢٠٢٢دا بڕیاری زۆر گرنگیاندا. ئەو گفتوگۆ و بڕیارانە دەتوانن لە تێکۆشان لە دژی هێرشەکان بگەنە ئەنجام. لەبەر ئەوە بیر دەکەمەوە کە رێکخستنەکانی عەلەویەکان بەو بڕیارانەی کە دەریانکردووە، چی پێویست بێت دەیکەن. دەمەوێت لێرەدا جارێکیتر باس لە خاڵێکی گرنگ بکەم. ئامانجی سەرەکی هێرشی قڕکارانە لە دژی عەلەویەکان ئەوەیە هەموو عەلەویەکان بکەن بە تورک و عەلەویەت بکەن بە ئایینێک کە پێی دەڵێن ئیسلامی ئانادۆل. کەواتە، یەکەم کوردانی عەلەوی لە دژی ئەو هێرشانەی هەموو عەلویەکان دەکەن بە تورک، دەبێت خاوەنداری لە ناسنامەیان بکەن. واتە دەبێت بەلای عەلەویە کوردەکانەوە خاوەنداری لە ناسنامەی ئیتنیکی و ئایینی، یەک لە کارە لە پێشینەکانیان بێت. ئەگەر نایانەوێت ببن بە عەلەوی ئاکەپە-مەهەپە-حزبوڵا کەواتە دەبێت کوردانی عەلەوی خاوەنداری لە ناسنامەی خۆیان بکەن. ئەگەر عەلەویە کوردەکان هەم خاەنداری لە ناسنامەی ئەتنیکی و هەم خاوەنداری لە ناسنامەی ئایینی بکەن، زۆرینەی ئەو هێرشانە پوچەڵ دەکرێنەوە. کوردانی عەلەوی دەبێت ئایین، پەرستش و رێورەسمەکانیان بە کوردی جێبەجێ بکەن. بەم جۆرەش بیرۆکە و تێزی 'هەموو ئەو عەلەویانەی دەکرێنە ئامانجی هێرشەکان تورکن و عەلەویەتیش مسوڵمانێتی ئانادۆلە' پوچەڵ دەکرێتەوە. ئەگەر ئەوە بە بنەما بگیرێت عەلەویەکان زۆر بە ئاسانی دەتوانن هەناسە بدەن و ئاهێکیان بەبەردا دێتەوە. واتە ئەگەر تەنیا عەلەویە کوردەکان بە کوردی بدوێن، پەرستشەکانیان بە کوردی بکەن، نزا و وتارەکانیان بە کوردی بێت، ئەوە بەسە. بە کورتی لە بەرامبەر هێرشی سەنتەزی ئیسلامی تورک، بەربەستێکی پتەوە و لەبننەهاتووە، ساڕێژی برینەکانە، پاراستنی رەسەنایەتی عەلەویە کوردەکان، زێد، رۆڵەکانی وڵاتەکەی و بە تایبەتیش پاراستنی بەها و زمانی ژنە. ئەگەر عەلەویەکان چەمکەکانی ئایین بە باشی بەکاربهێنن ئەوەش بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان گرنگ و کاریگەرە.

لەبارەی تورکمان و ئەوانی دیکەوە..

بە بڕوای من دەبێت عەلەویە تورکمانەکان بەر لە هەموو شتێک جیاوازی بکەن لە نێوان باڵم سوڵتان و حاجی بەکتاشی بەها سەعید و ئەوەی مەنتەش، بابا ئیلیاس و پیر حاجە بەکتاشی-وەلیی بابا ئیسحاق. دەبێت لە بەردەم پیر حاجە بەکتاشی وەلی لە هەیوانی دەروێشانەی دایکە کاندجک ئەرکدارە پەرەستش بکەن، نەک لە بەردەم پلاکارد و لافیتەی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ئایینی ئاکەپە-مەهەپە و وەزارەتی کولتور. جیالەمە دەبێت ئەو شتانەی لەناو عەلەویەتدا کردوویانە سەرلەنوێ هەڵیبسەنگێننەوە، ناسنامەی مێژوویان، بەها ئایینی و کولتورییەکان لەبەر چاو بگرن و هەڵوێستێکی لەم جۆرە نیشان بدەن. دەبێت عەلەویەکان لە بری ئەوەی گوێ بۆ وتەی هەندێک کەسی سەر بە دەوڵەت رادێرن، پێویستە بتوانن خۆیان قسە بکەن. بۆ نمونە، دەتوانن لە بەرامبەر چالاکی و مەراسیمەکانی دەوڵەت هەڵوێست بنوێنن یاخود بڕیاری نوێ بدەن. لەبەرامبەر ئەو شتانەی دەوڵەت کردوونی، هەبوونی چالاکی و مەراسیمی جێگرەوە دەتوانێت ببێتە تێکۆشانێکی خۆپاراستنی گرنگ.

هـ . ب